رووداو دیجیتاڵ
سەرۆککۆماری تورکیا رایگەیاند، پڕۆژەیاسای نوێی تایبەت بە پڕۆسەی چارەسەری، ئامانجی ئەوەیە تورکیا بەیەکجاری لە "هەڕەشەی تیرۆر" رزگاربکات و کەشێکی ئارام لە وڵات و ناوچەکەدا بڕەخسێنێت.
ئێوارەی رۆژی چوارشەممە، 5ـی ئابی 2026، رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا لە هەژماری فەرمیی خۆی لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان، پەیامێکی سەبارەت بە پێشکێشکردنی "پڕۆژەیاسای بەهێزکردنی پاڵپشتیی نیشتمانی و یەکگرتوویی کۆمەڵایەتی" بۆ پەرلەمانی وڵاتەکەی بڵاوکردەوە.
ئەردۆغان لە پەیامەکەیدا نووسیویەتی، "ئەم پڕۆژەیاسایە کە لەئەنجامی راوێژێکی بەرفراوان ئامادەکراوە، گوزارشت لە ئیرادەی گەلەکەمان بۆ چارەسەری دەکات و بە کۆدەنگییەکی گەورە پێشکێشی پەرلەمان کراوە. هیوادارم ئەم هەنگاوە ببێتە مایەی خێر و بەرەکەت بۆ وڵاتەکەمان."
سەبارەت بە ئامانجی پڕۆژەیاساکە، سەرۆککۆماری تورکیا نووسیویەتی، "ئامانجمان ئەوەیە تورکیا بەشێوەیەکی هەمیشەیی لە هەڕەشەی تیرۆر رزگاربکەین، یەکڕیزی و برایەتیی نیشتمانیمان پتەوتربکەین و کەشێکی پڕ لە ئاشتی و ئارامی لە ناوخۆی وڵات و ناوچەکەماندا بەهێزبکەین."
هەروەها ئەردۆغان سوپاسی هاوپەیمانەکەی کرد و گوتی، "سوپاسی بەڕێز دەوڵەت باخچەلی، سەرۆکی پارتی بزووتنەوەی نەتەوەیی (مەهەپە) و هاوبەشمان لە هاوپەیمانیی جمهور دەکەم. هەروەها سوپاسی هەموو ئەو فراکسیۆن و پەرلەمانتارانە دەکەم کە هاوکاربوون لە داڕشتنی پڕۆژەیاساکە و هەوڵدەدەن بۆ ئەوەی ئەم پڕۆسەیە بەسەرکەوتوویی بگاتە ئەنجام."
ئەمڕۆ چوارشەممە، 5ـی ئابی 2026، پڕۆژەیاسای (بەهێزکردنی پاڵپشتیی نیشتمانی و یەکڕیزیی کۆمەڵایەتی) کە تایبەتە بە پڕۆسەی چارەسەری، بە واژۆی 360 پەرلەمانتار پێشکێشی پەرلەمان کرا.
پڕۆژەیاساکە لە 12 ماددە پێکهاتووە، هەنگاوەکانی داهاتووی چەکدانان و گەڕانەوەی گەریلاکانی پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) بۆ تورکیای تێدایە.
پڕۆسەی چارەسەری، بە ئامانجی کۆتاییهێنان بە ململانێ چەکدارییەکانی نێوان پەکەکە و تورکیا، لە کانوونی یەکەمی 2024 بە تەوقەکردنی دەوڵەت باخچەلی لەگەڵ پەرلەمانتارانی دەم پارتی لە پەرلەمانی تورکیا دەستیپێکرد.


