رووداو دیجیتاڵ
سەرۆکی پارتی نوێ لەبارەی "یاسای چارەسەری" کە پێشکێشی پەرلەمانکراوە، روونکردنەوەیدا و رایگەیاند، "هەڵوێستمان وەک خۆیەتی، بەڵام بەهەڵە کرا. هیچ گۆڕانکارییەک لە هەڵوێستی گشتیماندا نییە."
ئۆزگور ئۆزەل، سەرۆکی پارتی نوێ، لەبارەی پێشکێشکردنی پڕۆژەیاسای پڕۆسەی چارەسەری بە پەرلەمانی تورکیا، رایگەیاند، "هیچ گۆڕانکارییەک لە هەڵوێستی گشتیماندا نییە" و رەخنەی لە ئاکپارتی گرت کە رێگەیەکی گرتووەتەبەر دژی ناوەڕۆکی بابەتەکەیە.
ئۆزەل راگەیاند، پڕۆژەیاسای "بەهێزکردنی پاڵپشتیی نیشتمانی و یەکگرتوویی کۆمەڵایەتی" لەسەر بنەمای ماددەی 6ـی راپۆرتی کۆتایی لیژنەی یەکڕیزیی نیشتمانی، برایەتی و دیموکراسیی پەرلەمانە، کە تایبەتە بە چەکدانان و هەڵوەشاندنەوەی پەکەکە، بەڵام پەیوەندیی بە ماددەی 7ـەوە نییە کە تایبەتە بە دیموکراتیزەکردن.
سەرۆکی پارتی نوێ راشیگەیاند، لەگەڵ پشتڕاستکردنەوەی چەکدانان و هەڵوەشاندنەوەی پەکەکە لەلایەن ئەنجوومەنی ئاسایشی نیشتمانییەوە، خستنەبەرباسی ماددەی 7 کە زۆر لە ماددەکانی دیموکراتیزەکردن لەخۆدەگرێت، لە جێبەجێکردنی بڕیارەکانی دادگەی دەستوورییەوە تاوەکو کۆتاییهێنان بە دانانی قەییوم بۆ شارەوانییەکان، بۆ "داهاتووی هاوبەشی کورد و تورک" پێویستە.
سەرۆکی پارتی نوێ، رەخنەی لە ئامادەکارانی پڕۆژەیاساکە گرت و گوتی، "لەکاتی ئامادەکردنی ئەم پڕۆژەیاسایەدا هیچ کارێکی هاوبەش نەکرا. ئاکپارتی لە فراکسیۆنی خۆیەوە واژۆی لەسەر کاغەزی سپی کۆکردەوە. ئەمڕۆ نیوەڕۆ لەناو زەرفی داخراودا بۆ فراکسیۆنەکانی پارتەکانیان نارد. کاتێک ئێمە وەک شاندێک کە لە سەرۆکی لیژنە پەیوەندیدارەکانی پەرلەمان و ئەو هاوڕێیانەمان پێکدێت، کە بۆ لیژنەی تورکیای بێ تیرۆر لە پەرلەمان نێردراون، دەقەکەمان کۆپیدەکرد و دەمانخستە بەردەم خۆمان بۆ دەستپێکردنی کۆبوونەوە، ئەوان لە ماوەی نیو کاژێردا دەقەکەیان پێشکێشی سەرۆکایەتیی پەرلەمانکرد."
سەبارەت بە هەڵوێستیان لەبارەی پڕۆژەیاساکە، ئۆزگور ئۆزەل گوتی، "هیچ گۆڕانکارییەک لە هەڵوێستی سیاسیی ئێمەدا نییە، بەڵام لەڕووی رێکار و شێوازەوە کارێکی زۆر هەڵەیە. بێگومان پەرلەمانتاران و فراکسیۆنەکان دەتوانن لە لیژنەی (دادی) پەرلەماندا بەشداری لە دەقەکەدا بکەن و رەخنەکانیان بڵێن. بەڵام شاردنەوەی دەقی پێشنیازەکە وەک نهێنی و وەرگرتنی واژۆ لەسەر کاغەزی سپی و پێشکێشکردنی بە سەرۆکایەتیی پەرلەمان دوای نیو کاژێر لە ناردنی بۆ پارتە سیاسییەکانی دیکە، دژی رۆحی بابەتەکەیە."
سەرۆکی پارتی نوێ ئاماژەی بە چارەسەری پرسی کوردکرد و گوتی، "چارەسەرکردنی پرسی کورد تەنیا بە بەشی شەشەم بەس نییە. چارەسەرکردنی کێشەکانی کورد یان چارەسەرکردنی کێشەی دیموکراسیی تورکیا بەمە نابێت. ماددەی 6 کۆتایی پڕۆسەیەکە و لەوانەیە پێویستییەکی تەکنیکی بێت، بەڵام ماددەی 7 دەبێت سەرەتای پڕۆسەیەکی دیموکراتی، سەرەتای ئاشتی، سەرەتای برایەتی و سەرەتای بەڕێوەچوونی داهاتووی هاوبەشی کورد و تورک بێت بەشێوەیەکی ئارام."
رۆژی چوارشەممە، 5ـی ئابی 2026، پڕۆژەیاسای (بەهێزکردنی پاڵپشتیی نیشتمانی و یەکڕیزیی کۆمەڵایەتی) کە تایبەتە بە پڕۆسەی چارەسەری، بە واژۆی 360 پەرلەمانتار پێشکێشی پەرلەمانکرا.
پڕۆژەیاساکە لە 12 ماددە پێکهاتووە، هەنگاوەکانی داهاتووی چەکدانان و گەڕانەوەی گەریلاکانی پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) بۆ تورکیای تێدایە.
پڕۆسەی چارەسەری، بە ئامانجی کۆتاییهێنان بە ململانێ چەکدارییەکانی نێوان پەکەکە و تورکیا، لە کانوونی یەکەمی 2024 بە تەوقەکردنی دەوڵەت باخچەلی لەگەڵ پەرلەمانتارانی دەم پارتی لە پەرلەمانی تورکیا دەستیپێکرد.


