رووداو دیجیتاڵ
حوسێن ئایدن، پارێزەری رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا، سکاڵای پێشکێشی سەرۆکایەتیی داواکاری گشتیی موغڵا کرد، دژی بورکای کاراتەپە، ئەندامی هەڵاتووی ئەو تیمەی هێزی کۆماندۆ کە لە شەوی هەوڵی کودەتا سەربازییەکەی 15ـی تەممووزدا بۆ تیرۆرکردنی ئەردۆغان لە مارماریس راسپێردرابوون.
دوای دەستگیرکردنی بورکای کاراتەپە، دوا هەڵاتووی ئەو تیمەی هەوڵی تیرۆرکردنی رەجەب تەیب ئەردۆغانیان دابوو لە مارماریس لەکاتی هەوڵی کودەتاکەی 15ـی تەممووزدا، هەنگاوێکی دیکەی یاسایی نرا.
حوسێن ئایدن، پارێزەری سەرۆککۆماری تورکیا، سکاڵایەکی پێشکێشی سەرۆکایەتیی داواکاری گشتیی موغڵا کرد دژی بورکای کاراتەپە، ئەندامی گرووپی فەتحوڵڵا گولەن (فەتۆ) کە دەگوترێت بەشداریی لە هەوڵی تیرۆرکردنەکەدا کردبوو و دوای 10 ساڵ دەستگیرکرا.
لە سکاڵاکەدا داواکراوە لێکۆڵینەوە لەگەڵ کاراتەپە و ئەو کەسانەی لە ماوەی هەڵاتنیدا یارمەتییانداوە بکرێت و دۆسیەی گشتییان بۆ بکرێتەوە بە تۆمەتەکانی "هەوڵی تیرۆرکردنی سەرۆککۆمار"، "پێشێلکردنی دەستوور"، "تێکدانی یەکێتیی دەوڵەت و یەکپارچەیی وڵات"، "ئەندامبوون لە رێکخراوی تیرۆریستی" و "حەواندنەوەی تاوانبار".
لە سکاڵاکەدا ئاماژە بەوەکراوە، وەک بەشێک لە هەوڵی کودەتاکەی ئەندامانی فەتۆ، ئۆپەراسیۆنێکی سەربازی لەلایەن گرووپێکەوە کراوەتە سەر ئەردۆغان کە کاراتەپەش تێیدا بووە.
پارێزەرەکەی ئەردۆغان رایگەیاند، "کاراتەپە، لەسەر رێنوێنیی راستەوخۆی فەتحوڵڵا گولەن، سەرۆکی رێکخراوەکە، هەوڵی لەناوبردنی ئەردۆغانی داوە کە یەکەم سەرۆککۆماری هەڵبژێردراوە و بەپێی دەستوور نوێنەرایەتیی یەکێتیی دەوڵەت و گەل دەکات."
لە راگەیێندراوەکەدا هاتووە، "بەڕێز سەرۆککۆمارمان، کە نوێنەرایەتیی کۆماری تورکیا و یەکێتیی گەلی تورک دەکات، بەهۆی ئەو کارانەی دژی خودی خۆی و یەکێتیی کۆماری تورکیا و گەلی تورک کراون، سکاڵای لەسەر گومانلێکراو هەیە. هەروەها سکاڵای لەسەر ئەو کەسانەش هەیە کە لە 10 ساڵی رابردوودا شوێنیان بۆ دابینکردووە و یارمەتییانداوە بۆ ئەوەی دەستگیرنەکرێت."
2ـی ئابی 2026، سیستمی ناسینەوەی دەموچاوی سەر بە "میت" دوای 10 ساڵ توانی بورکای کاراتەپە دەستگیربکات.
کاراتەپە، پێشتر فڕۆکەوانی هێلیکۆپتەر بووە بە پلەی نەقیب و پێش کودەتاکە لە کارەکەی دوورخرابووەوە.
سیستمی ناسینەوەی دەموچاوی میت، لە 14ـی ئاداردا کەسێکی لە نزیک سەنتەری شاردا دەستنیشانکرد کە بە رێژەی 77٪ لە کاراتەپە دەچوو، هەر بۆیە خرایە ژێر چاودێریی وردەوە.
کاراتەپە کە لەدوای هەوڵی کودەتاکەوە هەڵاتبوو، لە ماوەی نزیکەی چوار مانگدا 14 جار لە کامێراکانی چاودێریی شوێنە جیاوازەکانی شارەکەدا دەرکەوتووە. سیستمی ناسینەوەی دەموچاوی میت پشتڕاستیکردەوە کە ئەو کەسەی لە کامێراکاندا دەرکەوتووە، بە رێژەی 65٪ بۆ 83٪ بورکای کاراتەپەیە.
کاراتەپە هاوکات داواکراوی لیستی سوور بوو، دەرکەوت هەوڵیداوە بە گۆڕینی ستایلی قژ و ریشی و بەکارهێنانی کڵاو، خۆی بشارێتەوە.
دوای ئەوەی لە رێگەی چاودێریی تەکنیکییەوە شوێنی خۆحەشاردانەکەی ئاشکراکرا، کاراتەپە لە ئۆپەراسیۆنێکی هاوبەشی میت، بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی ئاسایش و بەڕێوەبەرایەتییەکانی ئاسایشی ئافیۆنکارەهیسار و ئەسکیشەهیر دەستگیرکرا.
بەمەش 16 کەس لە ئەندامانی ئەو تیمە 18 کەسییەی راسپێردرابوون بۆ تیرۆرکردنی رەجەب تەیب ئەردۆغان، لە شوێنی حەوانەوەیان لە شارۆچکەی گەشتیاریی مارماریس، دەستگیرکران. دوو کەسیشیان کوژران.


