رووداو دیجیتاڵ
رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا دوای کۆبوونەوەی کابینەی وڵاتەکەی کە ئەمڕۆ سێشەممە 25-08-2026 لە بەدلیسی باکووری کوردستان بەڕێوەچوو، گوتارێکی پێشکێش کرد و بەشێکی گوتەکانی بۆ پرۆسەی چارەسەری تەرخان کرد.
لە کاتێکدا ماوەیەکە بەشێک لە دەزگا میدیاییەکان راگەیێندراو و هەواڵی جۆراوجۆر لەبارەی دیدارەکانی ئیمراڵی، عەبدوڵڵا ئۆجەلان و پرۆسەی چارەسەری بڵاودەکەنەوە کە هەر ئەمڕۆ سێشەممە لەلایەن ئۆجەلانەوە رەتکرانەوە، سەرۆککۆماری تورکیا لە گوتارەکەیدا گوتی، "تیشک خستنە سەر هەوڵی رزگارکردنی تورکیا لە کێشەیەکی نیو سەتەیی، هیچ قسەیەک هەڵناگرێ. ئەمە دەزگا میدیاییەکان و رۆژنامەڤانانیش دەگرێتەوە. هیچ کەسێک مافی ئەوەی نییە تەنیا لەپێناو ڤیوی زیاتر، ژمارە پێوانەییەکان و کۆمێنتی زیاتر، بابەتێکی وەها مان و نەمان تووشی ڤایرۆس بکات."
ئەردۆغان بابەتی پرۆسەی چارەسەریی بە ماڵی هەمووان ناوبرد و گوتی، "ئەمە تەنیا بابەتی دەسەڵات و هاوپەیمانییەکەی ئێمە نییە. ئەمە پرسی دەوڵەتە، بابەتی هاوبەشی 86 ملیۆن کەسە. خەڵکی ئێمەش دەیەوێ ئەم بابەتە ئیدی بۆ هەمیشە چارەسەر بکرێ. ئێمەش زۆر پێداگرین لەسەر ئەوەی وڵاتێکی بێ تیرۆر بۆ نەوەی داهاتوو جێبهێڵین. ئەمڕۆ جارێکی دیکە بانگی هەمووان دەکەم، ئینجا سەر بە هەر پارتێکی سیاسی بن، بۆ ئەوەی ببنە بەشێک لە چارەسەری."
ئەردۆغان دژبەرانی پرۆسەی چارەسەریی بە "مشەخۆری سەر ناسەقامگیری" ناوبرد
سەرۆککۆماری تورکیا باسی چەند لایەنێکی کرد کە بە پرۆسەی چارەسەری پەستن و بە "مشەخۆری سەر ناسەقامگیری و پشێوی" ناوبردن و گوتی، "تورکیا بێ ئەوەی جیاکاری لەنێوان هاووڵاتییانی بکات، هەوڵی ئاشتی و سەقامگیری دەدات. ئینجا هەتا زیاتر ئەم هەوڵە چڕتر دەکەینەوە، ئەوەندە پیلانی تۆڕەکانی تاوانکاری زیاتر دەڕووخێت."
ئەردۆغان ئاماژەی بەوە کرد، چەند لایەنێک خۆی و تورکیا دەکەنە ئامانج و جەختیکردەوە کە دەرفەتیان پێنادەن.
گوتەکانی ئەردۆغان، هاوئاهەنگن لەگەڵ پەیامەکەی ئۆجەلان کە ئەمڕۆ بڵاوکرانەوە. چەند کاژێرێک بەر لەم گوتارەی رەجەب تەیب ئەردۆغان، پەیامێکی دەستنووسی عەبدوڵڵا ئۆجەلان، رێبەری زیندانیکراوی پەکەکە لەڕێی دەم پارتییەوە بڵاوکرایەوە.
ئۆجەلان بە هەمان شێوەی ئەردۆغان ئاماژە بەو دەزگا میدیاییانە دەدات کە زانیاریی نادروست لەمەڕ دیدارەکانی ئیمراڵی و کەسایەتیی خۆی بڵاودەکەنەوە.
ئۆجەلان لەو پەیامەیدا دەڵێ:
"ئەو ویستە بەهێزە سیاسییەی لەلایەن بەڕێز سەرۆککۆمار و بەڕێز دەوڵەت باخچەلییەوە نیشان دراوە، ئەو راگەیێندراوەی لەسەر داوای من بۆ وازهێنان لە خەباتی چەکداری بڵاوکرایەوە، هەروەها لە کۆتاییدا ئەنجامدانی یەکەمین کۆبوونەوەی ئەو لیژنەیەی دوێنێ کە لە چوارچێوەی (یاسای بەهێزکردنی پاڵپشتیی نیشتمانی و یەکگرتوویی کۆمەڵایەتی) پێکهێندراوە و بەو پشتگیرییە مێژووییەی پارتە سیاسییەکان بووەتە یاسا، نیشانەیەکی روونی ئەوەیە کە پرۆسەکە بە هەنگاوی دڵنیا بەرەو پێشەوە دەچێت. پرۆسەکە گەیشتووەتە قۆناخێکی هەستیار.
لەم قۆناخە مێژووییەدا، هەوڵی هەندێک لایەن بۆ پەکخستنی پرۆسەکە، پیلانگێڕییەکە دژی من دەکرێ. ئەو گوتە، دیدار، ناو، بەڵگەنامە، راگەیێندراو و ئاماژانەی لە میدیاکان و تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا بڵاوکراونەتەوە و دراونەتە پاڵ من، دوورن لە راستییەوە. ئەم بڵاوکراوانە کردەی تێکدەرانەن کە لەلایەن نەیارانی پرۆسەکەوە دەکرێن."
عەبدوڵڵا ئۆجەلان هەروەها رایگەیاندووە، زیاتر گەشە بەو هەوڵانەی دەدات کە لەپێناوی چەسپاندنی ئاشتیی کۆمەڵایەتی و بنەماکانی برایەتی دەیاندات. هەروەها داوای لە تەواوی چین و توێژەکانی تورکیا و باکووری کوردستان کردووە، "هاوتەریب لەگەڵ گیانی برایەتیدا، هەڵوێست و هەوڵێکی ژیرانە و هۆشیارانە نیشان بدەن."
ئەمەش لە کاتێکدایە، ئەردۆغانیش رووی دەمی لە خەڵک و پارتە سیاسییەکان کردووە، بۆئەوەی بەشداری لە سەرخستنی پرۆسەکەدا بکەن.


