رووداو دیجیتاڵ
وەزیری بازرگانیی تورکیا رایگەیاند، ئەنقەرە و دیمەشق هەنگاوی کردەیی دەنێن بۆ ئەوەی قەبارەی ئاڵوگۆڕی بازرگانیی نێوانیان بگەیەننە 10 ملیار دۆلار. راشیگەیاند، کەرتی تایبەتیی تورکیا رۆڵێکی سەرەکی لە ئاوەدانکردنەوەی سووریادا دەگێڕێت. باسی لەوەشکرد، پێش کۆتایی ساڵ، دەروازەی سنووری نسێبین – قامشلۆ دەکرێتەوە.
عومەر بۆڵات، وەزیری بازرگانیی تورکیا بە سەرۆکایەتیی شاندێکی گەورەی بازرگانی، کە لە 200 بازرگان و وەبەرهێنەر پێکهاتبوون، بەشداریی لە 63ـەمین پێشانگای نێودەوڵەتیی دیمەشق کرد. لە پەراوێزی پێشانگاکەدا لەگەڵ محەممەد نیزال شەعات، وەزیری ئابووری و پیشەسازیی سووریا کۆبووەوە.
وەزیری بازرگانیی تورکیا لەبارەی کۆبوونەوەکە گوتی: "تاوتوێی ئەو هەنگاوانەمان کرد قەبارەی بازرگانیی نێوانمان دەگەیەننە 10 ملیار دۆلار، بەتایبەتی لە بواری گواستنەوە و کارئاسانی لە دەروازە سنوورییەکان. هەروەها جەختمان لە رۆڵی کۆمپانیا تورکییەکان کردەوە لە پرۆسەی ئاوەدانکردنەوەی سووریادا."
بۆڵات مژدەی ئەوەشی دا کە لایەنی سووریا بەڵێنی داوە تاوەکو کۆتایی ئەمساڵ دەروازەی سنووریی "نسێبین - قامشلۆ" بکرێتەوە، ئەمەش نەک تەنیا بۆ هەردوو وڵات، بەڵکو بۆ گواستنەوەی کاڵا (ترانزێت) بەرەو عێراق و وڵاتانی کەنداو بایەخێکی زۆری دەبێت.
عومەر بۆڵات گوتی: "هاوپەیمانییەکی ئابووریی بەهێز" لە نێوان رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، وڵاتانی کەنداو، تورکیا و سووریا لەدایک دەبێت. گوتیشی: "ئەو هاوپەیمانییە ئەمنییەی بە رێککەوتنی مەککە دەستیپێکردووە، بە بەشداریی وڵاتانی دیکە فراوانتر دەبێت و یەکگرتنی ئابوورییش خێراتر دەکات."
وەزیری بازرگانیی تورکیا باسی لەوەش کرد، هاوئاهەنگی لەنێوان بانکە ناوەندییەکانی هەردوو وڵات بەردەوامە و چاوەڕوان دەکرێت بانکە تورکییەکان لقەکانیان لە سووریا بکەنەوە.
مستەفا گولتەپە، سەرۆکی ئەنجوومەنی هەناردەکارانی تورکیا رایگەیاند، پار قەبارەی بازرگانیی نێوان هەردوو وڵات گەیشتووەتە 3.7 ملیار دۆلار و گوتی: "لە حەوت مانگی ئەمساڵدا، هەناردەمان بۆ سووریا 16.5% زیادیکردووە و گەیشتووەتە 2.1 ملیار دۆلار. ئێمە سووریا تەنیا وەک بازاڕ نابینین، بەڵکو وەک پردێکی بازرگانیی گرنگ دەیناسین کە تورکیا بە وڵاتانی کەنداو دەبەستێتەوە."
بڕیارە مانگی داهاتوو، پێشانگای "ئاوەدانکردنەوەی سووریا" بەڕێوەبچێت. وەزیری بازرگانیی تورکیا رایگەیاند، دامەزراوەی نیشتەجێکردنی تورکیا (TOKİ) و کۆمپانیا گەورەکانی کەرتی بیناسازی و کەرەستەی ناوماڵ بەشدارییەکی فراوانی تێدا دەکەن بۆ ئەوەی پشکی شێریان لە ئاوەدانکردنەوەی شارە وێرانبووەکانی سووریادا هەبێت.
.jpg&w=3840&q=75)

.jpg&w=3840&q=75)
