رووداو دیجیتاڵ
وەزارەتی دەرەوەی تورکیا سەرکۆنەی هێرشی حووسییەکانی بۆ سەر سعودیە کرد و پشتیوانیی بۆ یەکپارچەیی خاکی ئەو وڵاتە دووپاتکردەوە.
لە راگەیێندراوێکدا کە درەنگی شەوی رابردوو 8-9-2026 وەزارەتی دەرەوەی تورکیا بڵاویکردەوە، هێرشی حووسییەکان بۆ سەر سعودیە سەرکۆنە کراوە.
تورکیا رایگەیاندووە، ئەو هێرشانە بە تووندترین شێوە شەرمەزار دەکات کە سەلامەتی گیانی و ماڵیی هاووڵاتیان پشتگوێ دەخەن و ئاڵۆزییەکانی ناوچەکە زیاتر دەکەن.
لە راگەیێندراوەکەدا هەروەها ئاماژە بەوە کراوە کە ئەو هێرشانە زیان بەو هەوڵە دیپلۆماسییانە دەگەیێنن کە بۆ کۆتاییهێنان بە ناکۆکییەکانی یەمەن بەردەوامن.
وەزارەتی دەرەوەی تورکیا هەروەها داوای لە حووسییەکانی کردووە، بە زووترین کات کۆتایی بە هێرشەکانیان بهێنن.
حووسییەکان کە بە پشتگیریی ئێران، بەشێکی یەمەنیان کۆنترۆڵ کردووە، شەوی رابردوو هێرشێکی بەرفراوانیان بۆ سەر خاڵە ستراتیجییەکانی باشووری سعودیە ئەنجامدا.
بەرپرسانی سعودی پشتڕاستیان کردەوە کە لەو دامەزراوانەی کراونەتە ئامانج، ئاگر کەوتووەتەوە و 73 کەس بریندار بوون کە ژن و منداڵیشیان تێدایە.



