رووداو دیجیتاڵ
ئاهەنگی هاوسەرگیریی شاهانەی بازرگانێکی خەڵکی وان، کە لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بە "قەرە حەیدەری وانی" ناسراوە، بووە هۆی دەستبەسەرکردنی و تێوەگلانی لە دۆسیەیەکی دارایی و دادوەریدا لە تورکیا و باکووری کوردستان.
محەممەد فاتیح تانچالان، کە لەناو ناوەندە گشتییەکان و سۆشیال میدیادا بە "قەرە حەیدەری وانی" ناوبانگی دەرکردووە، لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستگیرکرا و پاشان دادگا بڕیاری زیندانیکردنی بۆ دەرکرد.
دەستگیرکردنی قەرە حەیدەری وانی دوای زنجیرەیەک لێکۆڵینەوە دێت کە پەیوەستن بە پێشێلکردنی ماددەی 301ـی یاسای سزادانی تورکیا، کە تایبەتە بە تاوانی "بێڕێزیکردن بە دەزگا و دامەزراوە فەرمییەکانی دەوڵەت."
هاوکات لەگەڵ ئەم تۆمەتە، دەستەی لێکۆڵینەوە لە تاوانە داراییەکانی تورکیا بە فەرمی هاتە ناو دۆسیەکەوە، بە مەبەستی بەدواداچوونی ورد بۆ سەرچاوەی ئەو سامانە گەورەیەی لە ئاهەنگی هاوسەرگیرییەکەیدا پێشکێش کرابوو، کە بەهای زێڕ و دراوەکان بە نزیکەی 45 ملیۆن لیرەی تورکی (نزیکەی 930 هەزار دۆلار) مەزەندە دەکرێت.
محەممەد فاتیح تانچالان وەک بازرگانێک خۆی ناساندووە و دەنگۆی ئەوە هەبووە کە کاری بازرگانی لەنێوان شاری وان و دووبەی لە ئیمارات بەڕێوەدەبات، بەتایبەتی لە بواری کڕین و فرۆشتنی ئۆتۆمبێلی گرانبەها؛ هەرچەندە هیچ داتایەکی فەرمی لەبارەی قەبارەی مامەڵەکانی نییە.
دوای ئەوەی ژیانی هاوژینیی لەگەڵ چاغلا ئۆز، مۆدێل و کەسایەتیی پلاتفۆرمە دیجیتاڵییەکان پێکهێنا، ئاهەنگەکەیان لە شاری وان هەموو سەرنجەکانی بۆ لای خۆی راکێشا. گرتە ڤیدیۆییەکان دەریانخست کە دەیان کیلۆگرام زێڕ، پاقڵاوەی زێڕین و دەستە دەستە دۆلار و لیرە بە بەرۆک و جلوبەرگی بووک و زاوادا دەکران.
دیمەنی ئەم سامانە زەبەلاحە لە کاتێکدا کە هاووڵاتییان بەدەست قەیرانی ئابوورییەوە دەناڵێنن، کاردانەوەی تووندی لێکەوتەوە و گومانی لەسەر سەرچاوەی پارەکان دروستکرد.
لە دوو ساڵی رابردوودا، دەسەڵاتی دادوەری و دەزگا داراییەکانی تورکیا هەڵمەتێکی فراوانیان دژی ئەو کەسایەتییانە دەستپێکردووە کە بە شێوەیەکی نائاسایی و لەناکاو سامانی زەبەلاح بەدەستدەهێنن و لە سۆشیال میدیا نمایشی دەکەن.
دۆسیەی "قەرە حەیدەر"یش لە چوارچێوەی هەمان هەڵمەتدا پۆلێن دەکرێت؛ رووداوێک کە لە پۆست و ڤیدیۆی ئاهەنگێکی چاوڕاکێشەوە لە سۆشیال میدیا دەستیپێکرد، بەڵام بە لێکۆڵینەوە لە ئەگەری سپیکردنەوەی پارە و پێشێلکردنی یاساکان، کۆتاییەکەی گەیشتە زیندان.


