رووداو – دیجیتاڵ
باڵیۆزی تورکیا لە دیمەشق، لەگەڵ وەزیری پەروەردەی سووریا کۆبووەوە و داوای کردووە زمانی تورکی وەک وانەیەکی بژاردە لە سەرانسەری ئەو وڵاتەدا بخوێندرێت.
ئێوارەی ئەمرۆ یەکشەممە، 27 ئەیلوولی 2026 نووح یڵماز، باڵیۆزی تورکیا لە دیمەشق، لەگەڵ محەممەد عەبدولڕەحمان ترکۆ، وەزیری پەروەردەی سووریا کۆبووەوە.
لە کۆبوونەوەکەدا باسی بەردەوامیدان بە وانەکانی زمانی تورکی لە باکووری سووریا و پێشنیازی خوێندنی زمانی تورکی وەک وانەیەکی هەڵبژاردە لە سەرانسەری وڵاتدا کرا.
لە بڵاوکراوەیەکدا نوح یڵماز، لە هەژماری خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس لەبارەی کۆبوونەوەکە رایگەیاند: "لە کۆبوونەوەکەدا، ئاماژەم بە گرنگیی بەردەوامیدان بە وانەکانی زمانی تورکی لە باکووری سووریا و خوێندنی وەک وانەیەکی بژاردە لە سەرانسەری سووریادا کرد. هەروەها زانیاریم لەبارەی (قوتابخانەی نێودەوڵەتیی تورکیی رەجەب تەیب ئەردۆغان لە دیمەشق) بە وەزیری پەروەردەی سووریا دا کە لە داهاتوویەکی نزیکدا لەژێر سەرپەرشتیی باڵیۆزخانەکەمان دەکرێتەوە."
یڵماز هەروەها دەڵێت: "لە کۆبوونەوەکەدا، لەسەر زیاتر پەرەپێدانی هاریکاریمان لە بواری پەروەردەدا لەنێوان هەردوو وڵاتدا رێککەوتین. سوپاسی بەڕێز وەزیری پەروەردە، کاک ترکۆ دەکەم بۆ پێشوازییە گەرمەکەی."
لە ساڵانی رابردوودا و لە ناوچەکانی ژێر کۆنترۆڵی هێزەکانی نزیک لە تورکیا لە باکووری سووریا، زمانی تورکی لە سیستەمی پەروەردە و دامەزراوەکاندا جێگیر کرابوو. درێژکردنەوەی ئەم داواکارییە بۆ سەرانسەری سووریا ئاماژەیە بۆ هەوڵەکانی ئەنقەرە بۆ بە دەوڵەتیکردنی ئەو سیاسەتە لە ڕێگەی وەزارەتی پەروەردەی سووریاوە.
کردنەوەی قوتابخانەی نێودەوڵەتی بە ناوی ئەردۆغان و هاوکارییە پەروەردەیییەکان، ئامرازی سەرەکیی ستراتیژیی نوێی تورکیان بۆ دروستکردنی نەوەیەکی ئاشنا بە کولتوور و زمانی تورکی لە سووریا، بە ئامانجی بەهێزکردنی بەرژەوەندییە ژیوپۆلیتیکی و ئابوورییەکانی درێژخایەنی لە ناوچەکەدا.


