رووداو دیجیتاڵ لە هێرشێکی چەقۆدا بۆ سەر قوتابخانەیەکی کچان لە ناوچەی باشاکشەهیری ئیستەنبوڵ، قوتابییەکی تەمەن 10 ساڵ گیانی لەدەستدا و 7 قوتابیی دیکە بریندار بوون. هێرشکارەکە، کە کچێکی تەمەن 15 ساڵانە، لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستگیر کراوە. رووداوەکە کاژێر 08:40 خولەکی بەیانیی رۆژی دووشەممە، 6ی تشرینی یەکەم، لە قوتابخانەی ناوەندیی ئیمام خەتیبی شێخ شامیلی کایاشەهیر روویدا. هێرشکارەکە، کە دەرچووی هەمان قوتابخانەیە، بە جلوبەرگی قوتابخانەوە چووەتە نێو قوتابخانەکە و بە دوو چەقۆ بە شێوەیەکی هەڕەمەکی هێرشی کردووەتە سەر قوتابییان. قوتابییە بریندارەکان، کە تەمەنیان لەنێوان 10 بۆ 13 ساڵدایە، بۆ نەخۆشخانەی چام ساکورای باشاکشەهیر گواستراونەتەوە. سەرەڕای هەوڵی پزیشکان، قوتابییەکی تەمەن 10 ساڵ بەناوی ئەسلەم سارە بوڵوت، گیانی لەدەستدا. بەگوێرەی زانیارییەکان، رەوشی تەندروستیی 5 لە بریندارەکان جێگیرە، بەڵام دۆخی 2ـیان ناجێگیرە. یوسف تەکین، وەزیری پەروەردەی تورکیا، گیانلەدەستدانی قوتابییەکەی پشتڕاستکردەوە و رایگەیاند: "کچە قوتابییەک کە قوتابیی ئامادەییەکی دیکەیە، بە جلوبەرگی ئەو قوتابخانەیەوە دەچێتە قوتابخانەی ناوەندی و بە چەقۆ هێرش دەکاتە سەر منداڵەکانمان. بەداخەوە، قوتابییەکمان کە دۆخی ناجێگیر بوو، گیانی لەدەستدا." لێکۆڵینەوە سەرەتاییەکان ئاماژە بەوە دەکەن کە رەنگە هێرشکارەکە کێشەی دەروونیی هەبووبێت. رووداوەکە نیگەرانیی گەورەی لەنێو خێزانی قوتابییەکان دروستکردووە و جارێکی دیکە پرسی ئاسایشی قوتابخانەکانی لە تورکیا هێناوەتەوە رۆژەڤ. لەبارەی رووداوەکەوە، دادگەی ئیستەنبوڵ بڕیاری "قەدەخەی بڵاوکردنەوەی" هەواڵی دەرکردووە و وەزارەتی پەروەردەش بۆ ماوەی دوو رۆژ دەوامی لە قوتابخانەکە راگرتووە. لێکۆڵینەوەی هێزە ئەمنییەکان لەبارەی هۆکار و وردەکارییەکانی هێرشەکە بەردەوامە.