رووداو دیجیتاڵ
ئەو ژنەی لە سێوازی باکووری کوردستان بەهۆی دواکەوتنی بە یەک خولەک رێگەنەدرا بچێتە هۆڵی تاقیکردنەوە، هاواری کرد:"ئەمە دوایین دەرفەتی ژیانم بوو".
رووداوەکە رۆژی سێشەممە 6-10-2026 لە قوتابخانەی ناوەندیی هەمزە یەرلیکایا لە گەڕەکی توزڵوگۆل لە سێواز روویدا.
ئەو ژنە کە بە نیاز بوو بەشداری لە تاقیکردنەوەی (KPSS)ی تایبەت بە دامەزراندن بکات، لەگەڵ هاوژینەکەی تەنیا یەک خولەک درەنگ گەیشتە دەرگەی هۆڵی تاقیکردنەوە.
بەگوێرەی رێنماییەکانی دەستەی هەڵسەنگاندن، هەڵبژاردن و جێگیرکردنی ئەزموونەکانی تورکیا، دوای کاژێر 10:00ی بەیانی، دەرگەی هۆڵی تاقیکردنەوە دادەخرێ و رێگە نادرێ هیچ کەسێک بچێتە ژوورەوە.
سەرەڕای ئەوەی ژنەکە بە راکردن هەوڵی دا بگاتە تاقیکردنەوەکە، بەڵام دەرگاکان داخرابوون و لەلایەن کارمەندانەوە رێگەی پێنەدرا بچێتە ژوورەوە.
هاونیشتمانییەکە هەوڵی زۆری دا، بەڵام رێگەی نەدرا بچێتە هۆڵەکەوە. هەربۆیە بە تووڕەییەوە بەڵگەنامەی تاقیکردنەوەکە و بوتڵی ئاوەکەی دەستی بە زەویدا کێشا؛ هەروەها بەسەر هاوژینەکەیدا هاواری کرد.
هاوژینەکە لە حەوشەی قوتابخانەکە هاواری دەکرد و دەیگوت: "ئەمە دوایین دەرفەتی ژیانم بوو."
ئەو ژنە لەلایەن کارمەندان و تیمەکانی پۆلیسەوە هەوڵی هێورکردنەوەی دەدرا، بەڵام بێهودە بوو.
تەندروستی و دەروونی تێکچوو و بەردەوام هاواری دەکرد.
دواجار تیمەکانی پۆلیس ژنەکەیان لە قوتابخانەکە دوورخستەوە.
ئەو رووداوە بووە رۆژەڤ
گرتەی ساتی رووداوەکە لە تۆڕە کۆمەڵایتییەکاندا بڵاوبووەوە.
بەتایبەتی بەهۆی هاواری ژنەکە کە دەیگوت "ئەمە دوایین دەرفەتم بوو" رووداوەکە لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان و ماڵپەڕە هەواڵییەکاندا دەنگدانەوەیەکی زۆری بەدوای خۆیدا هێنا.



