رووداو دیجیتاڵ
بەرەبەیانی ئەمڕۆ پێنجشەممە، لە ناوچەی ماڵتەپەی شاری ئیستەنبووڵ، سێ نهۆمی یەکەمی باڵەخانەیەکی حەوت نهۆمی رووخا. تیمەکانی فریاگوزاری و رزگارکردن گەیشتوونەتە شوێنی رووداوەکە و هەوڵەکانیان بۆ رزگارکردنی ئەو کەسانەی لەژێر داروپەردوودا گیریان خواردووە، دەستپێکردووە.
رووداوەکە کاژێر 05:40 خولەکی بەرەبەیانی ئەمڕۆ پێنجشەممە 8ی تشرینی یەکەمی 2026، لە گەڕەکی جەڤیزلی، لە ناوچەی ماڵتەپە لە ئیستەنبووڵ روویداوە. هۆکاری رووخانی باڵەخانەکە تاوەکو ئێستا نازانرێت.
دوای رووداوەکە تیمەکانی سەرۆکایەتیی بەڕێوەبردنی کارەسات و باری لەناکاو، تەندروستی، ئاگرکوژێنەوە و پۆلیس رەوانەی شوێنی رووداوەکە کراون.
داوود گول، پارێزگای ئیستەنبووڵ لە لێدوانێکدا بۆ میدیاکان رایگەیاند، "سێ نهۆمی باڵەخانەیەکی حەوت نهۆمی رووخاوە. 12 کەس لەژێر داروپەردوودا گیریان خواردووە. تائێستا 5 کەسیان رزگار کراون و لە 7 کەسەکەی دیکەش پەیوەندی لەگەڵ کەسیان هەیە و تیمەکان سەرقاڵی رزگاکردنیانن."
بەپێی گوتەی پارێزگای ئیستەنبووڵ دوو لە رزگارکراوەکان منداڵن و رەوانەی نەخۆشخانە کراون.
بەشێک لە دانیشتووانی باڵەخانەکەیان بە سەلامەتی گواستووەتەوە. ئێستا هەوڵەکان چڕکراونەتەوە بۆ رزگارکردنی ئەو کەسانەی دیکە کە لە سێ نهۆمە رووخاوەکەی خوارەوەدا گیریان خواردووە.


