رووداو دیجیتاڵ
لە قوتابخانەی ناوەندیی سوڵتان ئاڵپئارسڵان لە ناوچەی ئەسەنیورتی سەر بە ئیستەنبووڵ، خواست لەسەر وانەی کوردی، بەراورد بە پار چوار هێندە زیادی کرد. یەکەمین مامۆستای زمانی کوردی کە لە رێگەی گواستنەوەوە بۆ قوتابخانەکە دانراو، رۆژی سێشەممە 13-10-2026 یەکەمین وانەی بە قوتابییەکانی دایەوە.
پارێزەر سوبحی ئۆزگەن رایگەیاند، لە مێژووی کۆماری تورکیادا یەکەمین جارە مامۆستایەکی زمانی کوردی لە ئیستەنبووڵ دادەمەزرێت و گوتی:"سەرەڕای ئەوەی لە ساڵی 2012ـەوە لە قوتابخانە ناوەندییەکاندا وانەی کوردی (کورمانجی و زازاکی) بە شێوەیەکی یاسایی وەک وانەی بژاردە دەخوێندرێت، بەڵام هێشتا وەک پێویست بڵاونەبووەتەوە".
پار لە قوتابخانەی ناوەندیی سوڵتان ئاڵپئارسڵان لە ئەسەنیورت، لە دوو پۆلدا دەست بە پێدانی وانەی کوردی کرابوو. بەهۆی نەبوونی مامۆستای پسپۆڕی زمانەکە، مامۆستایەکی وانەی زانست لە هەمان قوتابخانە وانەکانی دەگوتەوە.
خواست لەسەر وانەی کوردی بۆ چوار هێندە زیادی کرد
ئەمساڵ بەهۆی ئەوەی خواست لەسەر وانەی کوردی بەراورد بە پار چوار هێندە بووە، کارگێڕیی قوتابخانەکە داوای میلاکی مامۆستای پسپۆڕی کرد.
مامۆستایەکی پسپۆڕی زمانی کوردی لە رێگەی گواستنەوەوە لەو قوتابخانەیەدا دەستبەکار بوو.
لە مانگی ئەیلوولی ساڵی 2012دا لە چوارچێوەی "پاکێجی بە دیموکراسیبوون"ـدا، زمانی کوردی بە هەردوو شێوەزاری کرمانجی و زازاکی لەژێر ناوی "زمان و شێوەزارە زیندووەکان" بۆ پۆلەکانی 5، 6، 7 و 8ـی دەوڵەت وەک وانەی بژاردە بۆ دوو کاژێر لە هەفتەیەکدا پەسند کرا.
بەگوێرەی رێکارەکانی وەزارەتی پەروەردەی تورکیا، بۆ کردنەوەی پۆلێکی وانەی کوردی لە قوتابخانەیەکدا، دەبێت لانیکەم 10 قوتابی هەمان وانە هەڵبژێرن. رێکخراوەکانی زمانی کوردی بەردەوام رەخنە لەوە دەگرن کە بەڕێوەبەری قوتابخانەکان بە بیانووی نەبوونی مامۆستا یان پەرتووک، رێگری لە کردنەوەی پۆلەکان دەکەن و منداڵان بەرەو وانەکانی دیکە ئاراستە دەکەن.
سەرەڕای ئاستەنگەکان، لە ئەنجامی کەمپەینەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی، سەندیکاکانی پارێزەران و سەندیکاکانی دیکە، لە ساڵی 2026دا ژمارەی ئەو قوتابییانەی لە 16 پارێزگا داوای وانەی کوردییان کردووە گەیشتووەتە 86 هەزار و 64 قوتابی؛ بەڵام نەبوونی کەرەستەی خوێندن و دانەمەزراندنی مامۆستای پێویست، گەورەترین ئاستەنگی بەردەم خوێندنی کوردییە.



