رووداو دیجیتاڵ
دوای 17 مانگ لە ناردنی پرسیار، وەزارەتی ناوخۆی تورکیا وەڵامی پرسیاری مەحموود دیندار، پەرلەمانتاری دەم پارتی لە بازنەی وان لەبارەی دانانی قەییووم دەداتەوە.
مەحموود دیندار، پەرلەمانتاری دەم پارتی لە بازنەی وان، لە نووسراوێکدا کە ئاراستەی وەزارەتی ناوخۆی تورکیای کردبوو، کاریگەرییەکانی دانانی قەییومی لە ساڵی 2016ـەوە لە وان، لەسەر خزمەتگوزارییەکانی شارەوانی، دۆخی دارایی، دۆخی کارمەندان، کاروباری ژنان و دیموکراسی خستووەتەڕوو.
دوای 17 مانگ، وەزارەتی ناوخۆی تورکیا وەڵامی ئەو پەرلەمانتارەی دایەوە، بەڵام بەشێکی زۆری پرسیار و تێبینییەکانی بە بێ وەڵام جێهێشتووە.
وەزارەت تەنیا وەڵامی بەشێکی ئەو پرسیارانەی داوەتەوە کە لە چوارچێوەی نۆ تەوەردا ئاراستە کرابوون، بەتایبەتی وەڵامی پرسیارەکانی تایبەت بە قەرزداری لە سەردەمی قەییومەکان، فرۆشتنی موڵک و ماڵی شارەوانی، دوورخستنەوەی ناچاریی کارمەندان.
مەحموود دیندار پرسیبووی لە ساڵی 2016ـەوە گەورەشارەوانیی وان چەند قەرزدار بووە، کام موڵک و ماڵی سەر بە شارەوانی فرۆشراوە و ئەو مامەڵانە بە کام دەسەڵات و پاساو ئەنجامدراون؟
مەحموود دیندار داوای وەڵامی کردبوو سەبارەت بەوەی لە سەردەمی قەییومەکاندا چەند کارمەندی شارەوانی لە کارەکانیان دەرکراون، شوێنی کاری چەند کارمەند گۆڕدراوە، سەرەڕای بڕیارەکانی دادگە چەند کارمەند نەگەڕێندراونەتەوە سەر کارەکانیان و ئایا لە سەردەمی قەییوومی ئێستادا لێکۆڵینەوە لەسەر ئەو تۆمەتانەی تایبەت بە گوشاری دەروونین لەسەر کار دەستپێکراوە یان نا؟ بەڵام وەزارەت هیچ زانیاری و روونکردنەوەیەکی لەبارەی پرسیارەکانی ئەم تەوەرانە نەداوەتەوە.
وەزارەت لە وەڵامەکەیدا ئاماژەی بەوە کردووە، دوای ئەو راسپاردنەی لە 14ـی شوباتی 2025 کران، لە چوارچێوەی ئەرکی گەورەشارەوانیی وان و بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی ئاو و ئاوەڕۆی وان لیژنەکانی هەڵسەنگاندن پێکهێندراون.
لە ئەنجامی لێکۆڵینەوەی ئەو لیژنانەدا گرێبەستی کاری 174 کەس لە کۆمپانیای بێڵڤان و 49 کەس لە کۆمپانیای ڤانسو هەڵوەشێندراونەتەوە.
وەزارەت بەرگری لەوە کردووە کە دەرکردنەکان لە چوارچێوەی یاسا و رێنمایی پەیوەندیدار بوون و لە پرۆسەکەدا رەچاوی سەرجەم رێوشوێن و بنەماکان کراوە.
مەحموود دیندار پرسیاری لە وەزارەت کردبوو سەبارەت بە بڕینی بێ پاساوی هاوکاریی زیاتر لە سێ هەزار خوێندکاری زانکۆ کە شارەوانی پاڵپشتیی خوێندنی پێ دەدات.
وەزارەت لەمبارەیەوە رایگەیاندووە، پێداچوونەوە بە بەڵگەنامەی داواکاریی خوێندکاراندا دەکرێ و دوای تەواوبوونی پێداچوونەوەکە هاوکارییەکانی خوێندن بەردەوام دەبێ. بەڵام هیچ روونکردنەوەیەکی وردی لەبارەی هۆکاری بڕینی هاوکارییەکان نەداوە.
وەزارەت رایگەیاندووە کە تاوەکو 8-11-2026 لەو بەدواداچوونەی لە سیستم و ئەرشیڤدا کراوە، هیچ ئاگادارکردنەوە یان سکاڵایەک سەبارەت بەو بابەتانە نەبووە و لەبەرئەوەش هیچ رێکارێک نەگیراوەتەبەر.
رۆژی 15-2-2025 عەبدوڵڵا زەیدان، سەرۆکی گەورەشارەوانیی وان کە بە دەنگی خەڵک هەڵبژێردرابوو، بە بڕیاری وەزارەتی ناوخۆی تورکیا لە ئەرکەکەی دوورخرایەوە، لە شوێنەکەی ئۆزان باڵجی، پارێزگاری وان دانرا.
زەیدان تۆمەتی هاوکاریکردنی پەکەکەی درایەپاڵ و بە سێ ساڵ و نۆ مانگ زیندانی سزا درا.



