رووداو دیجیتاڵ
کابینەی وەزیرانی تورکیا بە سەرۆکایەتیی رەجەب تەیب ئەردۆغان کۆدەبێتەوە و پرۆسەی چارەسەریش یەکێک لەو تەوەرانەیە کە گفتوگۆیان لەسەر دەکرێت.
بەگوێرەی خشتەی کاری سەرۆکایەتیی کۆماری تورکیا، ئەمڕۆ دووشەممە کۆبوونەوەکە لە کۆشکی بێشتەپە لە ئەنقەرە دەکرێت.
پێشبینی دەکرێ، لەو کۆبوونەوەیەدا پرۆسەی چارەسەری و راپۆرتەکانی تایبەت بە چەکدانانی پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) تاوتوێ بکرێن. هەروەها، پرسی زیادکردنی مووچەی نزیکەی 17 ملیۆن خانەنشینیش لەسەر مێزی گفتوگۆ دەبێت.
رۆژی 18-11-2026 ئەردۆغان، لە کۆبوونەوەی فراکسیۆنی ئاکپارتیدا رایگەیاند، هەوڵەکانیان بۆ باشترکردنی دۆخی خانەنشینان بەردەوامن و ئاماژەیکرد، لە ئامادەکردنی رێکخستنەوەی مووچەی خانەنشیناندا، تەمەن و ژمارەی ئەو رۆژانەش هەژمار دەکرێن کە پارە بۆ بیمەی خانەنشینان دراوە.
لە کۆبوونەوەی کابینەدا، پرسەکانی سیاسەتی نێودەوڵەتی و ئاسایشی ناوچەکەش گفتوگۆیان لەبارەوە دەکرێت.
پێشبینی دەکرێت ئاڵۆزیی نێوان ئەمریکا و ئێران، ئاسایشی هاتوچۆی دەریایی لە تەنگەی هورمز و پێشهاتەکانی نیمچەدوورگەی عەرەبیش لەسەر مێز بن.
ئەم کۆبوونەوەیەی ئەمڕۆی کابینەی کۆماریی تورکیا دەبێتە 22ــەمین کۆبوونەوەی ئەم ساڵ و تەواوی کۆبوونەوەکانیش بە سەرۆکایەتیی رەجەب تەیب ئەردۆغان بەڕێوەچوون.
پێشتر ئەو کۆبوونەوەیە بەناوی ئەنجوومەنی وەزیران بەڕێوەدەچوو، بەڵام لە تەممووزی 2018 ئەنجوومەنی وەزیران هەڵوەشێندرایەوە، واتا لە تورکیا شتێک بەناوی ئەنجوومەنی وەزیران نەما و لە شوێنیدا سیستمی حکومەتی سەرۆکایەتی کارا کرا.
رەجەب تەیب ئەردۆغان یەکەمین کابینەی سەرۆکایەتیی سیستمە نوێیەکەی راگەیاند. رۆژی 13-7-2018 یەکەمین کۆبوونەوەی کابینەی سەرۆکایەتیی سیستمە نوێیەکە بەڕێوەچوو.



