رووداو دیجیتاڵ
بریکاری سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی نوێ رایگەیاند، هەڵوێستیان لەبارەی لیژنەی چاودێریی پەرلەمانەوە روونە و بە هیچ شێوەیەک ئەندام بۆ ئەو لیژنەیە دیاریناکەن. وەڵامی رەخنەکانی سەڵاحەدین دەمیرتاش، هاوسەرۆکی پێشتری هەدەپەی، دایەوە و رەتیکردەوە گوتەکانی دەمیرتاش مەبەستی پارتەکەیان بووبێت.
ئەمڕۆ چوارشەممە، 25ـی تشرینی دووەمی 2026، موراد ئەمیر لە پەرلەمانی تورکیادا کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانیی رێکخست و وەڵامی پرسیارەکانی لەبارەی بڕیاری پارتەکەی بۆ دیارینەکردنی ئەندام بۆ لیژنەی چاودێری و مشتومڕەکانی لەگەڵ سیاسەتڤانە کوردەکان دایەوە.
ئەمیر لەبارەی لێدوانەکانی سەڵاحەدین دەمیرتاش، هاوسەرۆکی پێشتری هەدەپە، کە رەخنەی لەو لایەنانە گرتبوو کە لە لیژنەی چاودێریدا بەشدار نابن، رایگەیاند، ئەو قسانە بۆ ئەوان نین و گوتی: "بڕواناکەین گوتە و بۆچوونەکانی بەڕێز سەڵاحەدین دەمیرتاش بۆ پارتی نوێ بن، چونکە بەڕێز دەمیرتاش سیاسەتڤانێکە ماوەی 10 ساڵە بەهۆی فەرمانی رەجەب تەیب ئەردۆغان لە زینداندایە و بێتاوانییەکەی بە بڕیارەکانی دادگەی مافی مرۆڤ سەلمێندراوە."
بریکاری سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی نوێ رایگەیاند، ئەوان ئاشتییان دەوێت و بۆ ئەمەش بەرپرسیارێتی هەڵدەگرن و گوتی: "بەڵام لە هەمان کاتدا دەڵێین لە سیستمێکدا کە ماف و ئازادییە بنەڕەتییەکان پێشێلدەکرێن، ئاشتی بەدینایەت و تەنیا رژێمێکی دیکتاتۆری تێدا دادەمەزرێت."
ئاماژەی بەوەدا، دەیانەوێت ئەو هەنگاوە دیموکراسییانە بنرێن کە لە راپۆرتی "لیژنەی یەکگرتوویی نەتەوەیی، برایەتی و دیموکراسی"ـدا هاتوون و گوتی: "ئەگەر دەیانەوێت ئێمە لەنێو ئەم پرۆسانەدا بین، دەبێت ئەوانی دیکە بێنە ئەو شوێنەی ئێمەی لێین، بگەڕێنەوە سەر بەڵێنەکانیان بۆ دیموکراسی و هەنگاوی پەیوەست بە دیموکراسی بنێن. ئێمە دیموکراسی تەنیا بۆ خۆمان نا، بۆ 86 ملیۆن کەس دەخوازین."
هەر ئەمڕۆ سەرۆکی پەرلەمانی تورکیا بە نووسراوێکی فەرمی داوای لە لایەنە سیاسییەکان کردووە ناوی ئەندامانیان بۆ لیژنەی چاودێری دیاریبکەن، بەڵام موراد ئەمیر رایگەیاند، هەڵوێستیان لەبارەی ئەم لیژنەیەوە روونە و گوتی: "وەڵامی ئێمە بۆ ئەو نووسراوەی سەرۆکی پەرلەمان ناردوویەتی، نەگۆڕە. وەک پارتی نوێ ئەندام بۆ لیژنەکە دیاریناکەین و بەشدار نابین."
رۆژی 18ـی تشرینی دووەم، ئۆزگور ئۆزەل، سەرۆکی پارتی نوێ، رایگەیاندبوو، ئەوان ئەندام بۆ لیژنەی چاودێری، کە لەژێر چەتری پەرلەماندا دادەمەزرێت، دیاریناکەن. ئەم هەڵوێستەی ئۆزەل کاردانەوەی لێکەوتبووەوە و سەڵاحەدین دەمیرتاش، هاوسەرۆکی پێشووی هەدەپە، لە نامەیەکدا داوای لە لایەنەکان کردبوو بەرپرسیارێتی لە پرۆسەکەدا هەڵبگرن.
رۆژی 24ـی تشرینی دووەم، سەڵاحەدین دەمیرتاش پەیامێکی لەبارەی پاشەکشەی ئۆزگور ئۆزەل، سەرۆکی پارتی نوێ، لە پرۆسەی چارەسەری بڵاوکردەوە و دەڵێت، داکۆکیکردن لە ئاشتی کاری لەپێشینەیە. کاتێک گوندەکان لەژێر کڵپەی ئاگردا بوون، هەر داوای ئاشتییان دەکرد.
دەمیرتاش بێئەوەی ناوی پارتی نوێ بهێنێت، رەخنەی لێگرت و گوتی: "ئێستا کە ئەوەندە لە چەکدانان و ئاشتی نزیکبووینەتەوە، ئەوانەی رەخنە دەگرن و دەڵێن 'بەڵام ئۆپەراسیۆن لە دژی ئێمە دەکرێت، کەچی ئێوە هێشتا داوای ئاشتی دەکەن!'، دەبێت بزانن ئاشتی هەر لە بنەڕەتدا لە هەلومەرجی ئاشتیدا داواناکرێت. لە پرۆسەکانی ئاشتیدا، تەنانەت بۆ گەیشتن بە هەنگاوێکیش کە رەنگە بچووک دیاربێت، رەنج و ماندووبوونێکی زۆر گەورە دەدرێت. بەڵێ، نایاسایی هەیە و هەتا ئەژنۆ هاتووە. لەگەڵ ئەوەشدا، بێئەوەی پەنا ببرێتە بەر هیچ بیانوو و پاساوێک، گوتنی 'سەرەتا ئاشتی' و پاراستنی گیانی رۆڵەکانمان لەپێش هەموو شتێکەوە، جوامێرانەترین هەڵوێستە."



