رووداو دیجیتاڵ
دەوڵەت باخچەلی، سەرۆکی پارتی بزووتنەوەی نەتەوەیی (مەهەپە)، لە پەرلەمانی تورکیادا لەگەڵ شاندی ئیمراڵیی پارتی دیموکراسی و یەکسانیی گەلان (دەم پارتی) کۆدەبێتەوە و تاوتوێی دیداری شاندەکە لەگەڵ ئۆجەلان و دوایین پێشهاتەکانی پرۆسەی چارەسەری دەکەن.
بڕیارە ئەمڕۆ پێنجشەممە، 26ـی تشرینی دووەمی 2026، دەوڵەت باخچەلی، سەرۆکی مەهەپە، لە ئۆفیسی پارتەکەی لە پەرلەمانی تورکیادا پێشوازی لە شاندی ئیمراڵیی دەم پارتی بکات، کە پێکهاتووە لە هەردوو پەرلەمانتاری دەم پارتی: پەروین بوڵدان و مەدحەت سانجار، هەروەها ئۆزگور فایەق ئەرۆڵی پارێزەر.
چاوەڕێ دەکرێت لە دیدارەکەدا دوایین سەردانی شاندەکەی ئیمراڵی بۆ لای عەبدوڵڵا ئۆجەلان لە دوورگەی ئیمراڵیدا، پێشهاتەکانی پرۆسەی چارەسەری و پێکهێنانی لیژنەی چاودێریی پرۆسەکە لە پەرلەمانی تورکیادا تاوتوێبکرێت.
دوایین دیداری شاندی ئیمراڵیی دەم پارتی بۆ لای مەهەپە لە رۆژی 9ـی تشرینی یەکەمی 2026ـدا بوو، کە لەلایەن دەوڵەت باخچەلی، سەرۆکی مەهەپە؛ جەلال ئادان، یاریدەدەری سەرۆکی پەرلەمان و فەتی یڵدز، یاریدەدەری سەرۆکی پارتەکە، پێشوازییان لێکرا.
شاندی ئیمراڵیی دەم پارتی لە 22ـی تشرینی دووەمدا لە دوورگەی ئیمراڵیدا لەگەڵ عەبدوڵڵا ئۆجەلان کۆبوونەوە و دوێنێش، 25ـی تشرینی دووەم، لە ئەنقەرەدا لەگەڵ ئاکن گورلەک، وەزیری دادی تورکیا، بۆ تاوتوێکردنی رەهەندە یاساییەکانی پرۆسەکە و دۆخی زیندانییە نەخۆشەکان کۆبوونەوە.
لەبارەی لیژنەی چاودێریی پرۆسەکەش، سەرۆکی پەرلەمان نووسراوی فەرمیی بۆ حەوت فراکسیۆنەکەی نێو پەرلەمان ناردووە بۆ دیاریکردنی ئەندامانی لیژنەی چاودێری، کە لە 19 ئەندام پێکدێت؛ مەهەپە پێش لایەنەکانی دیکە دوو ئەندامی بۆ ئەو لیژنەیە دەستنیشانکرد.
کۆبوونەوەکەی ئەمڕۆی نێوان شاندی ئیمراڵی و مەهەپە هاوکاتە لەگەڵ کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی ئاسایشی نیشتمانیی تورکیا، کە تێیدا پرۆسەی چارەسەری و چۆڵکردنی 14 پەناگەی پەکەکە لە خواکوڕکدا هەڵسەنگاندنیان بۆ دەکرێت.



