رووداو دیجیتاڵ
سەرۆکی پەرلەمانی تورکیا تیشک دەخاتە سەر ئەو رۆڵەی پەرلەمان لە پرۆسەی چارەسەریدا دەیگێڕێ و دەڵێ: "بۆ زۆرێک لە پەرلەمانەکانی جیهانیش کارێکی زۆر بەنرخە کە نیشانی دەدات دەکرێ سەخترین کێشەکانیش لە پەرلەمانەکاندا بە پێگەیشتووییەکی دیموکراسی و تێگەیشتنێکی دانوستاندنکارانە چارەسەر بکرێن".
ئەمڕۆ هەینی، 27ـی تشرینی دووەمی 2026، نوعمان کورتوڵموش، سەرۆکی پەرلەمانی تورکیا لە چوارەمین دانیشتنی کۆبوونەوەی سەرۆک پەرلەمانەکانی گرووپی ناسراو بە (میکتا) (مەکسیک، ئیندۆنێزیا، کۆریای باشوور، تورکیا و ئوسترالیا) بەشداری کرد و لەژێر ناونیشانی "رۆڵی پەرلەمان لە هاندانی دامەزراوە دیموکراسییە بەهێز، گشتگیر و جێی متمانەکان" لە کانبێرای ئوسترالیا گوتارێکی پێشکێش کرد.
نوعمان کورتوڵموش باسی لە پرۆسەی چارەسەریی وڵاتەکەی کرد و رایگەیاند، پەرلەمانی تورکیا نموونەیەکی پەرلەمانیی زۆر سەرکەوتووی نیشانی جیهان داوە و تیشکی خستە ئەو هەنگاوانە کە لەم پرۆسەیەدا نراون.
سەرۆکی پەرلەمانی تورکیا باسی لەوە کرد گەورەترین کێشەی سەتەی یەکەمی تورکیا شەڕی نێوان سوپای وڵاتەکەی و گەریلاکان بووە و گوتی، ئەو شەڕە بووەهۆی دروستبوونی کەشێک کە زەوینەی بۆ گرژی و شەڕ و پێکدادانە کۆمەڵایەتییەکان لە تورکیا خۆش کرد.
کورتوڵموش گوتی، لە پێنجی ئابی 2025دا لە پەرلەمانی تورکیا لیژنەی پاڵپشتیی نیشتمانیی، برایەتی و دیموکراسی پێکهێندرا و جگە لە یەک پارت کە نوێنەرایەتی لە پەرلەماندا هەبوو، سەرجەم پارتەکانی دیکە پشتیوانیان لە لیژنەکە کرد.
ئەوەشی خستەڕوو لەم پرۆسەیەدا گوێیان لە سەتان کەس لە رێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی، ئەکادیمیستەکان و کۆمەڵەی یاسایی گرت و پێشنیازە بەرجەستەکانی ئەوانیان لەسەر بابەتەکە خستە رۆژەڤەوە.
کورتوڵموش گوتی: "لەسەر بنچینەی ئەو بڕیارانەی لیژنەکە بە کۆدەنگی پەسندی کردن، راپۆرتێک ئامادەکرا. ئەم راپۆرتە بە تەنیا هەموو شتێک نییە، بەڵام نەخشەڕێگەیەکی پێشکێش کرد".
کورتوڵموش هیوای خواست پەکەکە بە تەواوی پرۆسەی چەکدانان تەواو بکات و هەنگاو بۆ قۆناخەکانی دواتر بنرێ بۆ ئەوەی پەرلەمان ئەرکەکانی تەواو بکات و گوتیشی: "ئەمە نموونەیەکی تەواو گشتگیری دیموکراسییە، نموونەیەکی تەواوی دیموکراسی دانوستاندنکارانەیە. هیوادارم ببێتە یەکێک لەو بابەتە گرنگانەی کە لە ئەدەبیاتی جیهان و لە بواری پراکتیکیشدا جێگەی خۆی دەگرێ".
باسی لە پشتیوانی وڵاتانی دراوسێ بەتایبەت سووریا و عێراق کرد و رایگەیاند: "ئومێدەوارین میلیشیا چەکدارەکانی ئەو وڵاتانەش لە کورتترین ماوەدا چەکەکانیان دابنێن و لەگەڵ دەسەڵاتە رەواکانی وڵاتەکەیاندا هەنگاوی ئەرێنیی بۆ ئایندەی وڵاتەکەیان بنێن. لەگەڵ تورکیای بێ تیرۆردا، پرۆژەی ناوچەیەکی بێ تیرۆریش بەدی دێت. من ئەمەم وەک نموونەیەک خستەڕوو بۆئەوەی بزانرێت ئیرادەی بەهێزی پەرلەمان دەتوانێت چ شتێک بەدیبهێنێت."



