رووداو دیجیتاڵ
عومەر فاروق گەرگەرلیئۆغڵو، پەرلەمانتاری پارتی یەکسانی و دیموکراسیی گەلان (دەم پارتی) لە بازنەی کۆجائەلیی تورکیا دەڵێ، منداڵی تەمەن 12 بۆ 13 ساڵ لە قوتابخانەیەکی ناوەندیی پارێزگاکەدا بەهۆی ناوهێنانی (کوردستان)ـەوە دەستبەسەر کراوە.
ئەمڕۆ یەکشەممە 29ـی تشرینی دووەمی 2026 عومەر فاروق گەرگەرلیئۆغڵو، پەرلەمانتاری دەم پارتی لە بازنەی پارێزگای کۆجائەلی لە هەژماری فەرمیی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی (ئێکس) پەیامێکی بڵاوکردەوە و ئاماژەی بەوە دا کە خێزانی منداڵەکان پەیوەندییان بە راوێژکارەکەیەوە کردووە و زانیارییان پێداوە.
پەرلەمانتارەکەی دەم پارتی دەڵێ: "لە قوتابخانەی ناوەندیی پۆلیسان لە شارۆچکەی دیلئۆڤاسیی پاریزگای کۆجائەلی، منداڵی تەمەن 12-13 ساڵ لە قوتابخانە گوتوویانە 'کوردستان'. مامۆستاکانیشیان هەواڵیان بە پۆلیس داوە. هێزەکانی بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر هاتوون و منداڵەکانیان بردوون، دواتر ئازادیان کردوون."
گەرگەرلیئۆغڵو داوای روونکردنەوەی لەسەر بابەتەکە لە بەرپرسانی پارێزگاکە کردووە.
ژمارەیەکی بەرچاو لە دانیتشتووانی شارۆچکەی دیلئۆڤاسیی کوردن.



