رووداو دیجیتاڵ
تونجەر باکرهان، هاوسەرۆکی دەم پارتی، رۆژی شەممە 28-11-2026 لە کۆنگرەی رێکخستنەکانی پارتەکەی لە پارێزگای قەرسی باکووری کوردستان گوتارێکی پێشکێشکرد و قسەی لەسەر پرۆسەی چارەسەری، هەرێمی کوردستان و ئابووریی تورکیا کرد.
هاوسەرۆکی دەم پارتی رەخنەی لە سیاسەتی ئەمریکا لە سەردەمی ئیدارەی ترەمپ لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاست، بەتایبەتی لە بەرامبەر هەرێمی کوردستان گرت و گوتی، کەسێک هەیە "بەناوی جەنابی ترەمپ! رۆژێک شتێک دەڵێت و رۆژی دواتر شتێکی دیکە دەکات. ئێستا هەڕەشە لە کورد دەکات. جەنابی وادەزانێت کورد دەبێتە هێزی چەکداریی ئەو و دەچێت لەگەڵ ئێران شەڕ دەکات. تۆ زۆر چاوەڕێ دەکەیت، ترەمپ! هۆکاری ئەو کێشانەی بەسەر کورد هاتوون، سیاسەتی تۆ و وڵاتەکەتە. ئەمەمان لەبیرنەکردووە".
لەبارەی هەڵوێستی واشنتۆن تایبەت بە دۆخی ئێستای نێوان هەرێمی کوردستان و حکومەتی عێراق، تونجەر باکرهان گوتی: "ئێستاش (ترەمپ) لە عێراق هەڕەشە لە کورد دەکات. کورد لەوێ بە تێکۆشان، ماف و رەنجی خۆی پێگەیەکی دەستووری بەدەستهێناوە. ئەو کوردە، ئەوی دیکە شیعەیە، ئەوی دیکە سوننەیە و ئەوی دیکە شتێکی دیکەیە؛ پێکەوەش بە برایەتی دەژین. ئێستا ترەمپ قسە لەگەڵ عێراق دەکات. حکومەتی عێراق دەیەوێ پێگەی کورد لەوێ لاواز بکات. ئەمە شتێکی راست نییە. کورد لەوێ خاوەنی پێگەیەکە بە ناوی فیدراڵیزم. تاوەکو ئەمڕۆش بە باشی بەڕێوەی دەبەن. ئەرکی سەر شانی دەوڵەتی عێراق ئەوە نییە بکەوێتە ژێر کاریگەریی هاندانی ترەمپەوە".
هاوسەرۆکی دەم پارتی رایگەیاند، کاری حکومەتی عێراق ئەوە نییە پەیڕەوی ئەو هەڵوێستانە بکات کە خزمەت بە سیاسەتەکانی هەندێک هێزی هەرێمی دەکەن و گوتی:" ئەو هێزانە دەیانەوێ کورد و گەلانی دیکەی ئەوێ رووبەڕووی یەکدی بکەنەوە. بەڵام بە پێچەوانەوە، بە رێزگرتن لەو پێگەیەی کورد کە لە دەستووردا دیاریکراوە و بە رادەستکردنی سەرچاوە نەوتییەکانی کورد بە شێوەیەکی شایستە، ئینجا عێراق دەبێتە دەوڵەت، یەکگرتوو دەبێت و پێکەوە دەبێت".
رۆژی سێشەممە، 24ـی تشرینی دووەمی 2026، نووسینگەی سەرۆکوەزیرانی عێراق زنجیرەیەک رێنمایی دەرکرد و وەزارەت و دەزگا ئەمنییەکانی راسپارد کۆنترۆڵی کێڵگە نەوتییەکان و دەروازە سنوورییەکانی هەرێمی کوردستان بگرنەدەست؛ هەروەها وەزارەتی نەوتی عێراق کێڵگە نەوتییەکانی سنووری پارێزگاکانی دیالە، کەرکووک، سەلاحەدین و نەینەوا بەڕێوەببات.
دوێنێ ترەمپ لە پۆستێکدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ترووس سۆشیاڵ گوتی: "پشتیوانیی هەوڵەکانی سەرۆکوەزیرانی عێراق، عەلی زەیدی، دەکەین بۆ سەپاندنی دەسەڵاتی دەوڵەت لە سەرانسەری عێراقدا، وەستاندنی قاچاخچێتیی نەوتی عێراق، کۆتاییهێنان بە گەندەڵی و هێشتنەوەی هەموو چەکەکان لەژێر کۆنترۆڵی رەهای دەوڵەتدا."
لە بەشێکی دیکەی پەیامەکەیدا، ترەمپ جەختی لە سەربەخۆیی بڕیاری سیاسیی بەغدا کردەوە و رایگەیاند: "پشتیوانیی هەوڵەکانی سەرۆکوەزیران زەیدی دەکەین بۆ بنیاتنانی عێراقێکی یەکگرتوو، گەشەسەندوو و بەهێز کە خۆی بڕیاری سیاسیی خۆی بدات."



