رووداو دیجیتاڵ
لە ئەنجوومەنی ئاسایش هێرشەکانی ئێران بە پێشینەیەکی مەترسیدار دەبینرێت، وەک پێشینەیەک بۆ رۆڵێکی سەربازی فراوانی ئێران لەناو خاکی هەرێمی کوردستان. هەر لەبەرئەوەش بوو، جگە لە رووسیا هەموو وڵاتانی دیکەی ئەندام لە ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی دەنگیان خستە پاڵ ئەمریکا بۆ سەرکۆنەکردن و هۆشداریدانی تووند لەبارەی هێرشەکانی ئەم دواییەی ئێران بۆسەر هەرێمی کوردستان.
کۆبوونەوەکەی رۆژی سێشەممە 04-10-2022، ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی دەبوایە لەسەر هەموو کێشە سیاسی و ئەمنی و تەنانەتی ئابووریەکانی عێراقیش بووایە، بەڵام ئەمریکا و هاوپەیمانەکانی هێرشەکەی ئێرانیان کردە دیاترین بابەتی گوتارەکان.
ریچارد میڵز، جێگری نوێنەری ئەمریکا لە نەتەوە یەکگرتووەکان دەڵێت: دەمەوێت بە سەرکۆنەکردنی تووندی هێرشە درۆنی و مووشەکییەکانی سوپای پاسداران لە هەرێمی کوردستانی عێراق دەستپێبکەم کە لە 28ی ئەیلوول کرا.
جۆن ئاڵنز، جێگری نێردەی بەریتانیا لە نەتەوە یەکگرتووەکان گوتی، "بەریتانیا بە تووندترین شێوە هێرشە مووشەکییە نادادپەروەرانەکەی ئێران بۆسەر شارۆچکە کوردییەکە لە 28ی ئەیلوول سەرکۆنە دەکات."
هەروەها ناتالی برۆدهێرست، جێگری نوێنەری فەرەنسا لە نەتەوە یەکگرتووەکان دەڵێت، "فەرەنسا پابەندی خۆی بۆ پاراستنی سەروەری خاکی عێراق و رێزگرتنی هەرێمی ئۆتۆنۆمی کوردستان دووپات دەکاتەوە."
تەنانەت وڵاتێکی ئەفریقی وەکو گابۆن و لاتینی وەکو مەکسیک سەرکۆنەکی هێرشەکانی رۆژی 28ی سێپەتەمبەریان کرد. مایکڵ بیانگ، نوێنەری گابۆن لە نەتەوە یەکگرتووەکان دەڵێت، "ئێمە سەرکۆنەی ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکانی ئەکتەرە دەرەکیەکان دەکەین لە باکوور. ئێمە بە قوڵی نیگەرانین دەربارەی ئەو هێرشانەی ئەم دواییە کە لە 28ی سێپتەمبەر ئەنجامدران."
هوان رامۆن ئەلفوێتێ، جێگری نوێنەری مەکسیک لە نەتەوە یەکگرتووەکان گوتی، "بێگومان ئێمە سەرکۆنەی ئەو هێرشە دەکەین کە پێش چەند رۆژێک لە کوردستانی عێراق ئەنجامدرا."
رووسیاش نیگرانی دەربڕی بەڵام لە جیاتی سەرکۆنەکردنی ئێران، نوێنەری مۆسکۆ پارتەکانی رۆژهەڵاتی کوردستانی وەکو گرووپی تیرۆریستی ناوبردن. دیمیتری پۆلیانسکی، جێگری نوێنەری رووسیا لە نەتەوە یەکگرتووەکان گوتی، "ئێمە تێبینی راگەیێندراوی سوپای پاسدارانی ئێران دەکەین ئامانجی ئەم هێرشەی ئەم دواییە هەڕەشەیەکی گەورەی ئەمنی بووە بۆ ئێران کە بریتی بوون لەو گرووپە تیرۆریستیانە گرووپانەی کە لە هەرێمی ئەتۆنۆمی کوردین."
بەگوێرەی زانیارییەکانی رووداو، رووسیا تاکە رێگرە لە پێش دەرچوونی راگەیێندراوێکی ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی بۆ سەرکۆنەکردنی هێرشەکەی ئێران. راگەیێندراوێک کە سەرچاوە عێراقییەکان دەڵێن، ئێستا زۆر پێویستە بەتایبەتی لەبەرئەوەی سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکانیش بێ هەڵوێستە و تاکو پرسیار و وەڵامێکی رووداو گوتەبێژەکەشی لە دوو رستە زیاتر قسەی لەسەر هێرشەکان نەبوون.
پرسیار و وەڵامی مەجید نیزامەدین گلی و ستێفان دوژاریک، گوتەبێژی نەتەوە یەکگرتووەکان
رووداو: دەربارەی هێرشەکانی ئێران و تورکیا بۆسەر خاکی عێراق، بەرپرسی یۆنامی لە گوتارەکەیدا رایگەیاند کە نابێت هیچ وڵاتێکی دراوسێ عێراق وەکو حەوشەی پشتەوەی بەکاربهێنێت و نابێت هیچ وڵاتێکی دراوسێ بێ هیچ لێپێچینەوەیەک بەشێوەیەکی رۆتینی سەروەری عێراق پێشێل بکات و نێردەی نەتەوە یەکگرتووەکان لە عێراق وشە و قسەی تووندی دیکەشی بەکارهێنا لە دژی ئێران و تورکیا و ناویانی برد. ئایا سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان هاوڕایە لەگەڵ نێردەکەی لە عێراق؟
ستێفان دوژاریک: بەڵێ. ناونیشانەکەی نێردەی تایبەتی سکرتێری گشتییە. ئەو بەناوی سکرتێری گشتییەوە قسە دەکات دەربارەی عێراق و ئەو کارنامەیەی کە پێیدراوە. سکرتێری گشتی متمانەی تەواوی پێی هەیە و هیچ کێشەیەکی نییە لەگەڵ ئەو قسانەی کە دەیکات.
ئەمە لەکاتێکدایە، لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی لە دۆخی هێرشی وڵاتێکی دراوسێ، هەڵسەنگاندنی سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان خۆی قورسایی یاسایی و سیاسی زۆر زیاتر هەڵدەگرێت بە بەراورد بە راپۆرتی نوێنەرەکەی لە عێراق.


