رووداو- نیویۆرک
لێکۆڵەری تایبەتی رێکخراوی نەتەوەیەکگرتووەکان تایبەت بە مافەکانی مرۆڤ لە ئێران دەڵێت، کورد لە رۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران لە مافە بنچینەییەکانی بێبەشە.
رۆژی پێنجشەممە، 27-10-2022، جاوید رەحمان، لێکۆڵەری تایبەتی نەتەوەیەکگرتووەکان لەبارەی مافەکانی مرۆڤ لە ئێران وەڵامی مەجید گلی، ئیدیتۆری دیپلۆماسیی تۆڕی میدیایی رووداوی لە نیویۆرک دایەوە و گوتی: "کورد لە ئێران مافە بنچینەییەکانی پێنەدراوە و نادرێت".
جاوید رەحمان لەبارەی ژینا ئەمینیش قسەی کرد، کە بە قسەی باوکی دوای گیرانی لە تاران کوژراوە. ئەو قسەی بۆ مەجید گلی کرد و گوتی: "ژینا ناوێکی کوردییە، بەڵام نەیتوانی ناوە کوردییەکەی تۆمار بکات. دەوڵەت لە ئێران بە هیچ شێوەیەک رێگە بە هیچ دەربڕینێکی کوردی نادات. کورد لە ئێران زۆر مافیان لێسەندراوەتەوە لەوانە مافی ناسنامە، مافی زمان، مافی بوونی نوێنەرایەتی خۆیان و مافی ئازادیی دەربڕین. لەبەرئەوەیە لە پارێزگا کوردنشینەکان خۆپێشاندانی زۆر هەن".
لێکۆڵەری تایبەتی رێکخراوی نەتەوەیەکگرتووەکان ئاماژەی بەوەش کرد کە تەنیا چەند رۆژێک دوای دەستپێکردنی خۆپێشاندانەکان لە رۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران 66 کەس کوژران و هەربۆیە دیارە کە ئێستا ژمارەکە زۆر بەرزتر بووەتەوە.
دەقی پرسیار و وەڵامی مەجید گلی، ئیدیتۆری دیپلۆماسیی تۆڕی میدیایی رووداو لەگەڵ جاوید رەحمان، لێکۆڵەری تایبەتی نەتەوەیەکگرتووەکان لەبارەی مافەکانی مرۆڤ لە ئێران.
مەجید گلی: زۆر سوپاس. سێ پرسیارم هەیە. یەکەمیان، بەڕێزتان دەڵێن تەنها ژینا ئەمینی نییە لە ئێران کوژراوە. پێتوایە ئەمە کێشەیەکی سیستماتیکەیە لەو وڵاتە؟ پێتوایە حکومەتی ئێران بە مەبەست ئافرەتان دەکاتە ئامانج؟ دووەمین پرسیارم لەسەر کوردستانە لە ئێران. وەک ئاماژەت پێدا، چەند رۆژێکە لە مهاباد و ناوچەکانی دیکە خۆپیشاندان هەیە و ژمارەیەک خۆپێشاندەر کوژراون. دەتوانیت پێمان بڵێیت کە لەوێ چی روودەدات؟ لەو باوەڕەدایت کە کورد لە ئێران بەتایبەتی دەکرێنە ئامانج لەلایەن دەسەڵاتدارانی وڵاتەوە؟ سێیەمین پرسیارم ئەوەیە کە لەسەرەتای دەستپێکردنی ئەم خۆپێشاندانانەوە بەهۆی کوژرانی ژینا ئەمینی، کوژران و وێرانکاریی زۆر لەسەرتاسەری ئێران کراوە، بەڵام سکرتێری گشتیی نەتەوەیەکگرتووەکان و ئەنجوومەنی ئاسایش بە تەواوی بێدەنگن؛ سەرکۆنەکردن نییە؛ بە کەمترین شێوە قسەی لەسەر دەکەن و هەوڵدەدەن کەمترین سەرنج بخەنە سەر ئەم بابەتە. بۆچوونت لەسەر ئەمە چییە وەکو لێکۆڵەری تایبەتی نەتەوەیەکگرتووەکان؟
جاوید رەحمان، لێکۆڵەری تایبەتی نەتەوەیەکگرتووەکان بۆ مافەکانی مرۆڤ لە ئێران: کورد لە ئێران مافە بنچینەییەکانی پێنەدراوە و نادرێت. ژینا ناوێکی کوردییە، بەڵام نەیتوانی ناوە کوردییەکەی تۆمار بکات. دەوڵەت لە ئێران بە هیچ شێوەیەک رێگە بە هیچ دەربڕینێکی کوردی نادات. کورد لە ئێران زۆر مافیان لێسەندراوەتەوە لەوانە مافی ناسنامە، مافی زمان، مافی بوونی نوێنەرایەتیی خۆیان و مافی ئازادیی دەربڕین. لەبەر ئەوەیە لە پارێزگا کوردنشینیەکان خۆپێشاندانی زۆر هەن. راستەوخۆ دوای دەستپێکردنی خۆپێشاندانەکان 66 کەس کوژران لە کوردستان. هیچ گومانم نییە ئێستا زۆر زیاتر کوژراون.


