رووداو دیجتاڵ
رۆژی چوارشەممە، مارکۆ روبیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا بە وەزیرانی دەرەوەی وڵاتانی باشووری رۆژهەڵاتی ئاسیای راگەیاند، رێگەدان بە کۆنترۆڵکردنی تەنگەی هورمز لەلایەن ئێرانەوە دەبێتە پێشینەیەکی مەترسیدار و لێکەوتەکانی لە دەرەوەی رۆژهەڵاتی نێوەڕاستیش هەستیان پێدەکرێت.
لێدوانەکانی روبیۆ لە کاتێکدان کە فەرماندەیی ناوەندیی هێزەکانی ئەمریکا (سێنتکۆم) رایگەیاندووە، بۆ "یازدەیەمین شەوی لەسەریەک" ئامانجە سەربازییەکانیان لە ئێران بۆردوومان کردووە، ئەوەش لەپێناو کەمکردنەوەی تواناکانی ئەو وڵاتە لە هەڕەشەکردن بۆ سەر کەشتییە بازرگانییەکان لەو رێڕەوە ئاوییەدا.
روبیۆ لە کۆبوونەوەی کۆمەڵەی وڵاتانی باشووری رۆژهەڵاتی ئاسیا (ئاسیان) لە مانێلا بە هاوتاکانی گوت: "ئەگەر لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاست پێشینەیەک دروست بکەین کە تێیدا وڵاتێک بتوانێت بڕیار بدات رێڕەوێکی ئاویی نێودەوڵەتی کۆنترۆڵ بکات، باجی لەسەر دابنێت و ئەگەر پارەکە نەدەیت کەشتییەکانت بتەقێنێتەوە، ئەوا پێشینەیەکی زۆر مەترسیدارمان دروستکردووە کە لە ناوچەکانی دیکەی جیهانیشدا دووبارە دەبێتەوە، لەنێویاندا لەم ناوچەیەشدا."
وەزیری دەرەوەی ئەمریکا گوتی: "لە کرۆکدا، بابەتەکە زۆر سادەیە. ئێران داوای ئەو مافە دەکات کە هاتووچۆی کەشتییەکان بەنێو تەنگەی هورمزدا کۆنترۆل بکات." هەروەها ئاماژەی بەوەش کرد: "بنەمایەکی زۆر بنەڕەتی سەبارەت بە ئازادیی کەشتییەوانی کەوتووەتە مەترسییەوە... نابێت رێگە بدرێت شتی وا رووبدات."
لێدوانەکانی روبیۆ لە کاتێکدان کە باشووری رۆژهەڵاتی ئاسیا بەدەست زنجیرەیەک کێشە و داواکاریی تێکەڵاوی نێوان چین و وڵاتانی ئەندام لە ئاسیان سەبارەت بە دەریای باشووری چین دەناڵێنێت، کە رێڕەوێکی دیکەی دەریایی زۆر گرنگە بۆ بازرگانیی جیهانی. گەیشتنی روبیۆش بە فلیپین لە بەیانیی رۆژی سێشەممە، هاوکات بوو لەگەڵ سەرکۆنەکردنی ئەمریکا بۆ ئەو پێکدادانەی ئەم دواییەی نێوان دەریاڤانە چینی و فلیپینییەکان لەو ئاوە جێناکۆکانەدا.
بڕیارە رۆژی چوارشەممە، روبیۆ لە پەراوێزی لووتکەی ئاسیاندا لەگەڵ وانگ یی، هاوتا چینییەکەی کۆببێتەوە، هەروەها گفتوگۆش لەگەڵ ئەندامانی دیکەی هاوپەیمانیی چوارقۆڵی (Quad) وەک هیندستان، ئوسترالیا و ژاپۆن و وڵاتانی دیکەش دەکات.
وەزیری دەرەوەی ئەمریکا ئاماژەی بەوەش کرد کە ئەمریکا "ئامادە" دەبێت بۆ کاری دیپلۆماسی لەگەڵ ئێران، بەڵام تاران "جیددی" نییە.
روبیۆ گوتی: "ئەمریکا هەمیشە کراوە و ئامادەیە بۆ بەشداریکردن لە دانوستاندن و گفتوگۆی ئەرێنی و بونیادنەردا، بەو مەرجەی کە رێز لەو بەڵێنانە بگیرێت کە دەدرێن."
لە کۆتاییدا جەختی لەوە کردەوە: "ئەو کێشەیەی ئێستا رووبەڕووی بووینەتەوە ئەوەیە کە ئەوان دانوستاندنەکان بە جیددی وەرناگرن. ئەگەر ئەوان جیددی بن، ئێمەش جیددی دەبین. ئەگەر واش نەبن، ئەوا ئەوە دەکەین کە پێویستە بۆ پاراستنی بەرژەوەندییەکانی خۆمان و بەرژەوەندییەکانی هاوپەیمانەکانیشمان."



