رووداو - هەولێر
پەرلەمانتارانی فەرەنسا رۆژی سێشەممە پڕۆژەیاسایەکیان پەسندکرد بەکارهێنانی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بۆ منداڵانی خوار تەمەن 15 ساڵ سنووردار دەکات. بەم بڕیارەش فەرەنسا دەبێتە یەکەم وڵات لەسەر ئاستی یەکێتیی ئەورووپا هەنگاوێکی لەو شێوەیە بۆ پاراستنی منداڵان لە جیهانی دیجیتاڵیدا بنێت.
بەگوێرەی یاسا نوێیەکە، تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان ناچار دەکرێن سیستمێکی ورد بۆ پشتڕاستکردنەوەی تەمەنی بەکارهێنەران پەیڕەو بکەن. منداڵانی خوار 15 ساڵ تەنیا لە دۆخێکدا دەتوانن ئەو تۆڕانە بەکاربهێنن کە "رەزامەندیی دایک و باوکیان" هەبێت، بە پێچەوانەوە پلاتفۆڕمەکان رووبەڕووی سزای دارایی قورس دەبنەوە.
پەرلەمانتارانی فەرەنسا بە زۆرینەی دەنگ پشتگیرییان لە پڕۆژەیاساکە کرد، کە بە تووندی لەلایەن ئیمانوێل ماکرۆن، سەرۆکی فەرەنساوە پاڵپشتی دەکرا.
ماکرۆن لە پەیامێکی ڤیدیۆییدا لە مانگی یەکی ئەمساڵ رایگەیاند: "مێشکی منداڵ و هەرزەکارەکانمان بۆ فرۆشتن نین. هەست و سۆزی منداڵ و هەرزەکارەکانمان نە بۆ فرۆشتنن و نە دەبێت یارییان پێ بکرێت، نە لەلایەن پلاتفۆڕمە ئەمریکییەکانەوە و نە لەلایەن ئەلگۆریتمە چینییەکانەوە."
لە ساڵانی دواییدا، نیگەرانییەکان لەبارەی کاریگەریی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان لەسەر گەشەی مێشک و تەندروستیی دەروونیی منداڵان لە جیهاندا زیادیان کردووە. چەندین توێژینەوەی زانستی ئاماژە بەوە دەکەن بەکارهێنانی بێپەرژینی سۆشیاڵ میدیا لە تەمەنی هەرزەکاریدا دەبێتە هۆی:
- خەمۆکی و دڵەڕاوکێ: بەهۆی بەراوردکردنی ژیانی تایبەتی خۆیان لەگەڵ ئەو وێنە "نموونەیی و ساختانەی" لە ئینستاگرام و تیک تۆک بڵاودەکرێنەوە.
- کێشەی خەو: مانەوەی زۆر لەبەردەم شاشەکان کاریگەریی راستەوخۆی لەسەر کوالێتیی خەوی منداڵان هەبووە.
- هەراسانکردنی ئەلیکترۆنی (Cyberbullying): لە ناوەندەکانی خوێندندا زیادی کردووە و هۆکارێکە بۆ گۆشەگیریی منداڵان.
پێش فەرەنسا، چەندین ویلایەتی ئەمریکا و وڵاتانی وەک بەریتانیا هەوڵی هاوشێوەیان داوە، ئوسترالیا لە کۆتایی پار یەکەم قەدەخەکردنی سۆشیاڵ میدیای بۆ هەرزەکارانی خوار 16 ساڵ جێبەجێ کرد. حکومەتی بەریتانیا مانگی رابردوو سنووردارکردنی هاوشێوەی راگەیاند، کە پێشبینی دەکرێت ساڵی داهاتوو بچێتە واری جێبەجێکردنەوە. ئیسپانیا، یۆنان و دانیمارکیش پلانیان هەیە کەمترین تەمەن بۆ بەکارهێنانی سۆشیاڵ میدیا دیاری بکەن.


