رووداو دیجیتاڵ
هاڤانا، گەورەترین گرەوی ئابووریی خۆی لە دەیان ساڵی رابردوودا دەکات، دوای 10 ساڵ لە تێکچوونی بەردەوامی رەوشی ئابووری و دابەزینی بەرچاوی بەهای دراو و سستی کەرتی گەشتیاری؛ بە چەشنێک لە 2018 بەدواوە لە هەر 4 گەشتیار 3 گەشتیاری لەدەستداوە.
پارتی کۆمۆنیستی کوبا، 176 رێوشوێنی ئابووریی پەسند کرد بۆ ئەوەی سیستمی ئابووریی کۆمۆنیستی بگۆڕێت بۆ سیستمی بازاڕی ئازاد و سەرمایەداری.
لە سەرەتای ئەم ساڵەوە کوبا لەژێر گەمارۆیەکی تووندی ئەمریکادایە، بە چەشنێک قەیرانی ئابووریی 5 ساڵەی ئەو وڵاتەی زیاتر لە هەر کاتێک قووڵتر کردووە. لە هەندێک ناوچە رۆژانە نزیکەی 4 کاژێر کارەبا هەیە.
رۆژی پێنجشەممە، پەرلەمانی کوبا گەورترین چاکسازیی ئابووری لە ماوەی 50 ساڵی رابردوودا پەسندکرد، چاکسازییەکان کە لەڕێگەی 176 بریاری نوێوە پەسندکرد کراون، رۆڵێکی گەورەتر دەداتە کۆمپانیا تایبەتەکان، سەربەخۆیی دەداتە شارەوانییەکان و رێگە بە هەناردەو و هاوردە دەدات بە بێ دەستوەردانی حکومەت.
لە هاڤانا، رای خەڵک دابەش بووە. هەندێک سەریان لێ شێواوە و هەندێکیش بە هەنگاوێکی باشی دەبینن. ژمارەی دانیشتووانی کوبا 10 بۆ 11 ملیۆن کەسە. ئابوورییەکە لەلایەن حکومەتی کۆمۆنیستی ئەو وڵاتە بەڕێوە دەبرێ، قەبارەکەی 100 ملیار دۆلارە و بەهۆی قەیرانی ئابوورییەوە لە 5 ساڵی رابردوودا زیاتر لە 20٪ پاشەکشەی کردووە. ئیدارەی ترەمپ بەردەوامە لە جێبەجێکردنی سیاسەتی ئەوپەڕی گوشار بۆ گۆڕینی سیستمی سیاسی و ئابووریی کوبا و بژاردەی سەربازییشی رەت نەکردووەتەوە.
سندووقی نێودەوڵەتیی دراو (IMF) و یەکەی زانیاریی ئیکۆنۆمیست، پێشبینی دەکەن ئابووریی کوبا لە ساڵی 2026 دا بە رێژەی 7.2% پاشەکشە بکات، کە نزیکەی دوو هێندەی ئەو پاشەکشەیەیە کە لە ساڵی 2025 دا تۆمارکراوە.
لە نێوان ساڵانی 1990 بۆ 2024، ئابووریی کوبا بە تێکڕا تەنیا 1.1% گەشەی کردووە، ئەمەش واتە لەو ماوەیەدا لە سستی ئابوورییدا بووە. داهاتی ساڵانەی تاک لە ساڵی 2025دا تەنیا 1,082 دۆلار بووە، لە کاتێکدا تێکڕای ناوچەی ئەمریکای لاتین 10,212 دۆلارە، بەوپێیەش ئەمە نزمترین ئاستە لە تەواوی نیوەگۆی رۆژئاوا.
هیچ شتێک وەک کەرتی گەشتیاری گوزارشت لەم هەرەسهێنانە ئابوورییە ناکات. گەشتیارانی بیانی لە ساڵی 2018 دا گەیشتنە 4.7 ملیۆن کەس، بەڵام تاوەکو ساڵی 2025 ئەم ژمارەیە بۆ 1.9 ملیۆن کەس دابەزی. لە مانگی شوباتی 2026دا، ئەو وڵاتە تەنیا میوانداری 249 گەشتیاری رووسی و 511 کەنەدی کردووە. ئەم ژمارانە هێندە کەمە کە 10 ساڵ لەمەوبەر تەنیا یەک هۆتێل میوانداری ئەوەندە گەشتیاری دەکرد. هۆکارەکەش تەنیا سستی ئابووری نییە، بەڵکو هۆتێلەکان ناتوانن کار بکەن کاتێک رۆژانە تەنیا چەند کاژێر کارەبا هەیە.
بەرهەمهێنانی شەکر، کە کۆڵەکەیەکی دیکەی ئابووریی کوبایە، بارودۆخی باشتر نییە و بەرهەمهێنانی گەیشتووەتە نزمترین ئاستی مێژوو.
سەبارەت بە هەڵاوسان، ئامارە فەرمییەکان دەڵێن رێژەکە بۆ 12.3% دابەزیوە، بەڵام ئەم ژمارانە تەنیا نرخی ئەو کاڵایانە دەپێون کە حکومەت دیارییان دەکات، نەک بازاڕی ئازاد و رەش کە زۆربەی خەڵک پێداویستییەکانی لێ دەکرێت. پێوەری راستەقینە بەهای دراوەکەیە لە بازاڕی نافەرمیدا. لە کاتێکدا لە مانگی دووی ئەم ساڵ یەک دۆلار بەرامبەر بە 500 پێزۆ مامەڵەی پێوە دەکرا، کەچی تاوەکو مانگی شەش یەک دۆلار بەرزبووەوە بۆ 685 پێزۆ.
بەهۆی سیستمی کۆمۆنیستییەوە، تاوەکو ئێستا حکومەت بڕیار دەدات چی بەرهەم بهێنرێت و بە چ نرخێک بفرۆشرێت. زیاتر لە 2,000 کۆمپانیای حکومی لە چەقی ئەم سیستمەدان و هیچ سەربەخۆییەکیان نییە. کوبا هێشتا 70% بۆ 80%ی خۆراکەکەی هاوردە دەکات. لە لایەکی دیکەوە، بەکارهێنانی دۆلار لە ژیانی رۆژانەدا زیادی کردووە، تەنانەت کۆمپانیای گەیاندنی حکومی ئەو وڵاتە ئێستا خزمەتگوزارییە دیجیتاڵییەکانی تەنیا بە دۆلار پێشکێش دەکات، ئەمەش ناڕەزایەتیی خوێندکارانی لێکەوتەوە لەبەرئەوەی ئابووریی ئەو وڵاتەی کردووە بە دوو بەشەوە، ئەوانەی دۆلاریان هەیە و ئەوانەی تەنها پێزۆیان هەیە.
بەرامبەر بەم پاشخانە ناڕێکە، پاکێجە چاکسازییەکەی 18ی ئەم مانگە زیاتر لە هەوڵێکی فریاگوزاری دەچێت. ئەم پاکێجە 176 رێوشوێن لەخۆ دەگرێت کە پێویستی بە گۆڕینی 148 یاسا و بڕیارە. بەرپرسانی کوبا دەڵێن: ئەم مۆدێلە لە چین و ڤێتنامەوە وەرگیراوە (چاکسازیی ئابووری بەبێ ئازادیی سیاسی).
ناوەرۆکی چاکسازییەکان:
1. شارەوانییەکان دەسەڵاتیان پێدەدرێت مۆڵەتی بازرگانی بدەن و خۆیان هەناردە و هاوردە بکەن.
2. کۆمپانیا حکومییەکان دەتوانن خۆیان مووچە دیاری بکەن و قازانج دابەش بکەن.
3. رێگە بە بانکی تایبەت و نووسینگەی گۆڕینەوەی دراو دەدرێت.
4. سنووردارکردنی کۆمپانیاکان بۆ دامەزراندنی 100 کەس بۆ کۆمپانیا بچووکەکان لادەدرێت.
5. دەرگا بۆ وەبەرهێنانی دەرەکی دەکرێتەوە، تەنانەت بۆ ئەو کوباییانەی لە دەرەوە دەژین و بۆ یەکەمجار رێگە بە کەرتی تایبەت دەدرێت لە بواری خانووبەرەدا کار بکات.
دیاز کانێل، سەرۆکی کوبا دانی بەوەدا ناوە، هەندێک لەم بڕیارانە لە ناو پارتی کۆمۆنیستدا نەیاریان هەیە، بەڵام دەڵێت: چیدیکە ناکرێت دوابخرێت. رائول کاسترۆش پشتگیریی پلانەکەی کردووە، ئەمەش نیشانەی ئەوەیە کە تەنانەت بەرپرسە کۆنەکانی ناو پارتی کۆمۆنیستیش دەزانن هیچ رێگەیەکی دیکە نەماوە.
واشنتنیش بە وردی چاودێریی دۆخەکە دەکات. جەی دی ڤانس، جێگری سەرۆکی ئەمریکا گوتوویەتی، دەیانەوێت ببینن کوبا بە کردەودا چی دەکات پێش ئەوەی هیچ بڕیارێک بدەن.
لە 12 بۆ 24 مانگی داهاتوودا، سێ ئەگەر هەن:
• باشترین ئەگەر (رێڕۆی ڤێتنام): چاکسازییەکان دەبنە هۆی راکێشانی سەرمایەی بیانی، گەشتیاری دەبووژێتەوە و ئەمریکاش سزاکان کەمدەکاتەوە.
• ئەگەری مامناوەند (چەقبەستن): یاساکان دەگۆڕدرێن، بەڵام زۆر بە سستی و کۆمپانیا زەبەلاحە سەربازییەکان بەردەوام دەبن لە کۆنترۆڵکردنی سێکتەرە پڕ قازانجەکان و چاکسازییەکان تەنیا لەسەر کاخەز دەمێننەوە.
• خراپترین ئەگەر: سزاکانی ئەمریکا تووندتر دەبن، قەیرانی وزە قووڵتر دەبێت و ئابووریی وڵاتەکە زیاتر دادەڕمێت.
.jpg&w=3840&q=75)


