رووداو دیجیتاڵ
سکۆت بێسێنت، وەزیری گەنجینەی ئەمریکا دەڵێ، بەهۆی سزا ئابوورییەکانی واشنتنەوە، یەکەمجارە لە مێژووی بەرهەمهێنانی نەوتی ئێراندا، ئەو وڵاتە هیچ نەوتێکی لە نێو کەشتییەکانی دەریادا بۆ فرۆشتن نییە.
بێسێنت، رۆژی هەینی، 20ـی تشرینی دووەمی 2026 لە هەڤپەیڤینێکی تایبەتدا لەگەڵ میدیای ئەمریکی، تیشکی خستە سەر ئەنجامەکانی سزا ئابوورییەکانی ئەمریکا دژی ئێران و گوتی: "لەو کاتەوەی ئێران دەستی بە بەرهەمهێنانی نەوت کردووە، یەکەم جارە لە مێژوودا هیچ نەوتێکی لەنێو دەریا نەماوە، واتە هیچ نەوتێکی خاوی ئێرانی لە بازاڕدا نییە کەس بیکڕێ."
وەزیری گەنجینەی ئەمریکا ئاماژەی بەوەش کرد، جیهان دەتوانێ بەبێ نەوتی ئێران بژی و گوتی: "شەوی رابردوو زۆرترین نەوتی خاو لە دوای دەستپێکردنی جەنگەوە بە تەنگەی هورمزدا گوێزراوەتەوە؛" هەروەها گوتیشی کە لە کۆبوونەوەی نێوان دۆناڵد ترەمپ، ڤلادیمیر پووتین و شی جینپینگ لە شاری شێنجنی چین، کۆدەنگیی تەواو لە نێوان هەرسێ وڵات هەبوو لەسەر ئەوەی "نابێت هەرگیز ئێران ببێتە خاوەنی چەکی ئەتۆمی و پاراستنی ئازادیی هاتووچۆ لە تەنگەی هورمزدا لە پێشینەی هەموو شتێکدایە."
هەڕەشە لەسەر ژیانی وەزیری گەنجینەی ئەمریکا
سەبارەت بە دۆخی ئەمنیی خۆی دوای هەڕەشەکانی ئێران، سکۆت بێسێنت پشتڕاستی کردەوە کە هێشتا لە نێو بنکەیەکی سەربازیدا دەژی و رایگەیاند: "لە ئێرانییەکان ناترسم. ئەم هەڕەشانە تەنیا ئەوە دەسەلمێنن کە ئۆپەراسیۆنی گۆشەگیرکردنی ئابووری، کە دوو مانگ و نیوە دەستمان پێکردووە و گەورەترین گۆشەگیریی ئابوورییە لە مێژوودا، کاریگەریی خۆی هەبووە و ئەوان لەژێر گوشارێکی توونددان."
بێسێنت رەخنەی لە رۆژنامەی (وۆڵ ستریت جۆرناڵ) گرت بەهۆی ئەوەی لە رۆژی کڕینی خانووەکەیدا وێنەی ماڵەکەی بە دیاریکردنی شوێنی جوگرافییەوە بڵاوکردبووەوە، راشیگەیاند کە ژیان لە بنکە سەربازییەکەدا باشە و گوتی: "بەردەوام دەبین لە گوشارخستنە سەر سوپای پاسداران تاوەکو ئەو کاتەی ئامادە دەبن پابەندی رێککەوتنێک بن."
لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا، بێسێنت باسی لە دەستکەوتەکانی گەشتەکەی دۆناڵد ترەمپ بۆ ئاسیا کرد، کە تێیدا لەگەڵ سەرۆکەکانی رووسیا و چین کۆبووەوە. وەزیرى گەنجینەى ئەمریکا رایگەیاند، ترەمپ و شی جینپینگ رێککەوتن لەسەر ئەوەی "هەمیشە دەبێت مرۆڤ لە هەر بڕیارێکی سەربازیی ژیریی دەستکرددا بەشدار بێت و رێگە نەدرێ سیستمەکانی ژیریی دەستکرد بە شێوەی سەربەخۆ ئۆپەراسیۆنی سەربازیی گەورە ئەنجام بدەن."
وەزیری گەنجینەی ئەمریکا ئاماژەی بەوە کرد کە لە کۆبوونەوەکەدا گفتوگۆیەکی چڕ لەگەڵ پووتین لەسەر جەنگی رووسیا و ئۆکراینا و پرسی رێگریکردن لە بڵاوبوونەوەی چەکی ئەتۆمی کراوە. سەبارەت بە پەیوەندییەکانی واشنتن و پەکین، بێسێنت دووپاتی کردەوە کە ئەمریکا نایەوێ پەیوەندییە ئابوورییەکانی بە تەواوی لەگەڵ چین بپچڕێنێت، بەڵکو دەیەوێ مەترسییەکان کەم بکاتەوە و باڵادەستیی خۆی لە بواری تەکنەلۆژیای چیپ و ژیریی دەستکرد بپارێزێ.



