رووداو دیجیتاڵ
جۆن بۆڵتن، راوێژکاری پێشووتری ئاسایشی نیشتمانی ئەمریکا، رۆژی هەینی لە دادگە دانی بەوەدا نا کە بەشێوەیەکی نایاسایی زانیارییە نهێنییەکانی وڵاتەکەی لای خۆی هێشتووەتەوە. بۆڵتن گەیشتە رێککەوتنێک لەگەڵ داواکارانی گشتیی فیدراڵی بۆ ئەوەی لە بەرامبەر دانپێدانان، سزاکەی کەم بکرێتەوە.
بۆڵتن کە دوای کارکردنی لە خولی یەکەمی سەرۆکایەتیی ترەمپ بووە یەکێک لە رەخنەگرە سەرسەختەکانی سەرۆکی ئەمریکا، بڕیارە لە 28ی تشرینی یەکەم لەلایەن دادوەر تیۆدۆر چوانگ لە دادگەی فیدراڵیی شاری گرینبێڵت لە ویلایەتی مێریلاند سزای بەسەردا بسەپێندرێ.
لەو کەیسەدا بۆڵتن تەنیا دانی بە یەک تۆمەتدا نا، ئەویش هێشتنەوەی نایاساییانەی زانیارییە نهێنییەکانە. رێککەوتنەکەی لەگەڵ وەزارەتی داد رەنگە وای لێبکات نەچێتە زیندان، بەڵام دواجار ئەوە دادوەرە بڕیار لەسەر سزاکەی دەدات.
لە رێککەوتنەکەدا پێشنیاز کراوە کە زۆرترین سزای زیندانیکردنی بۆڵتن لە 5 ساڵ تێپەڕنەکات، بەڵام دادوەر ناچار نییە پابەندی ئەو بەشەی رێککەوتنەکە بێت.
ئەگەر دادوەر سزایەکی قورستری زیندانیکردن یان پێبژاردنێکی زیاتر لە 2.25 ملیۆن دۆلاری بەسەردا بسەپێنێت، ئەو کاتە بۆڵتن دەتوانێت لەو دانپێدانانەی خۆی پاشگەز بێتەوە.
مانگی تشرینی یەکەمی رابردوو، بۆڵتن بە 18 تۆمەتی جیاواز رووبەڕووی دادگە کرایەوە بەهۆی هێشتنەوە و بڵاوکردنەوەی زانیارییە نهێنییەکان، لەنێویاندا چەند تێبینییەکی رۆژانە هەبوون کە لە کاتی نووسینی کتێبی یادەوەرییەکانیدا سەبارەت بە کارەکانی لە حکومەت، بە کەسوکارەکەی دابوو بۆ ئەوەی بیخوێننەوە.
لە خولی دووەمی سەرۆکایەتیی ترەمپدا چەندین نەیار و رکابەری دیکەی ترەمپ رووبەڕووی تۆمەتی فیدراڵی بوونەتەوە. هەرچەندە هەندێک لەو دۆسیانە بەهۆی لێکۆڵینەوەی دادوەری و بانگەشەی "تۆڵەسەندنەوەی سیاسی"ـیەوە هەڵوەشاونەتەوە، بەڵام بۆڵتن پێش ئەوەی بگاتە رێککەوتن، هیچ بەرگرییەکی بەهێزی لە خۆی نەکرد دژی تۆمەتەکان.
لە مانگی ئابی رابردوودا، بریکارەکانی دەزگای لێکۆڵینەوەی فیدراڵی (FBI) هەڵیانکوتایە سەر ماڵەکەی بۆڵتن لە مێریلاند و ئۆفیسەکەی لە واشنتن. بەڵام لێکۆڵینەوەکان لەسەر ئەو کەیسە، پێش گەڕانەوەی ترەمپ بۆ کۆشکی سپی لە کانوونی دووەمی 2025 دەستیان پێ کردبوو.
بۆڵتن زیاتر لە ساڵێک لە ئیدارەی یەکەمی ترەمپدا کاری کرد، پێش ئەوەی لە ساڵی 2019 لە کارەکەی دووربخرێتەوە. دواتر کتێبێکی بە ناوی (ئەو ژوورەی تێیدا رووداوەکە روویدا) بڵاوکردەوە، کە تێیدا وێنەیەکی زۆر خراپی سەرکردایەتیی ترەمپی نیشان دا.
ئەو کاتە ئیدارەی ترەمپ هەوڵێکی زۆری دا بۆ رێگریکردن لە بڵاوبوونەوەی کتێبەکە، بەو پاساوەی زانیاریی نهێنی تێدایە کە ئاسایشی نیشتمانی دەخاتە مەترسییەوە، بەڵام هەوڵەکانیان شکستی هێنا. ترەمپیش بۆڵتنی بە "شێت" و شەڕەنگێز ناوبرد کە خەریکبوو وڵات پەلکێشی "جەنگی جیهانیی شەشەم" بکات.
تۆمەتەکانی ئێستای بۆڵتن پەیوەندییان بە نێوەڕۆکی کتێبەکەیەوە نییە، بەڵکو پەیوەندییان بەو تێبینییانەوە هەیە کە بە هاوژین و کچەکەی دابوو. داواکارانی گشتی دەڵێن، دوای ناردنی یەکێک لە بەڵگەنامە نهێنییەکان، بۆڵتن لە نامەیەکدا بۆ کەسوکارەکەی نووسیویەتی: "بۆمان نییە باسی هیچ یەکێک لەمانە بکەین!!!" لە وەڵامیشدا یەکێک لە خزمەکانی نووسیویەتی: "بێدەنگ بە".



