رووداو دیجیتاڵ
بەگوێرەی ناوەندە جیهانییەکان و شارەزایانی کەشناسیی عێراق و هەرێمی کوردستان، جیهان لەبەردەم دیاردەی (سوپەر ئێل نینۆ)ی دایە. شارەزایەکی کەشناسی پێشبینی دەکات ئەو دیاردەیە لە 150 ساڵی رابردوودا وێنای نەبووبێت.
راپۆرتە زانستییەکانی بەڕێوەبەرایەتیی نیشتمانیی زەریا و بەرگەهەوای ئەمریکا دەڵێن، نیشانەکانی دروستبوونی ئێل نینۆ دەرکەوتوون. بەپێی پێشبینییەکان، ئەگەری 25% هەیە ئێل نینۆیەکی "سوپەر" و 50% ئەگەری ئێل نینۆیەکی "بەهێز" رووبدات، کە تێیدا پلەی گەرمیی زەریای هێمن لانیکەم 1.5 بۆ 2 پلەی سیلیزی لە سەرووی تێکڕای ئاساییەوە بەرز دەبێتەوە.
دیاردەی ئێل نینۆ چییە؟
دیاردەی (ئێل نینۆ) نەخشەیەکی سرووشتیی کەشوهەوایە، کە لەنێوان 2 بۆ 7 ساڵ جارێک دووبارە دەبێتەوە و بەگشتی نێوان 9 بۆ 12 مانگ دەخایەنێت. زانایان پێیان وایە کە ئەم دیاردەیە بۆ سەتان ملیۆن ساڵە کەشوهەوای زەوی دەگۆڕێ.
لە دۆخی ئاساییدا بای زەریای هێمن ئاوی گەرم لە رۆژهەڵاتەوە بە ئاراستەی رۆژئاوا پاڵ دەنێت، واتە لە سنوورەکانی نزیک لە ئیکوادۆر و پیرۆوە بەرەو ئیندۆنیزیا؛ بەڵام لەکاتی ئێل نینۆدا، ئەو بایە لاواز دەبێ، ئەمەش واتە ئاوی گەرم بە ئاراستەی رۆژهەڵات جووڵە دەکات. ئەم گۆڕانکارییە لە پلەی گەرمیی زەریادا، بە تەواوی رەوتی بەرگەهەوای زەوی دەشێوێنێت.
"بارانی یەک وەرز هێندەی دوو ساڵ دەبێت"
شاڵاو هیدایەت، شارەزای کەشناسی لە لێدوانێکدا بۆ رووداو، هۆشداری دەدات و دەڵێت، "سۆپەر ئێل نینۆی وەرزی دابارینی 2026 - 2027 شەپۆلێکی تووندی کەشوهەوایە کە پێشبینی دەکرێ لە 150 ساڵی رابردوودا وێنەی نەبووبێت و وێرانکەرترین بێت."
ئەو شارەزا کەشناسییە ئاماژە بەوە دەکات، "لە عێراق و کوردستان بارانی زۆر بەخوڕ دەبارێ، چەم و دۆڵەکان رووبەڕووی لافاوی مەترسیدار دەبنەوە. ئەگەر هەیە بڕی بارانبارین هێندەی دوو ساڵی ئاسایی بێت." دەشڵێت، "زستان گەرمتر دەبێت و بەفر کەمتر دەبێت، بەڵام بارانی بەخوڕ و تەرزەی قەبارە گەورە لە شارەکان دەبارێ." بە گوتەی ئەو شارەزایە، سنووری پارێزگای دهۆک، هەولێر، کەرکووک و ئیدارەکانی زاخۆ، سۆران و راپەڕین زۆرترین کاریگەرییان لەسەر دەبێت.
ئاسۆ کەمال: ئێل نینۆ ئەگەری بارانی نائاسایی لە عێراق زیاد دەکات
ئاسۆ کەمال، شارەزای کەشناسی و بەڕێوەبەری پێشووی کەشناسیی سلێمانی، بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، ئێل نینۆ بە واتای گەرمبوونی ئاوی زەریای هێمن دێت کە تەواوی بەرگەهەوای زەوی دەشێوێنێت؛ گوتیشی، "لە ساڵانی دیاردەی ئێل نینۆدا ئەگەری بارانبارینی زۆر و تێپەڕاندنی تێکڕای ساڵانە لە ناوچەکانی ئێمەدا زۆر زیاد دەکات."
ئەو شارەزایە نموونەیەکی بۆ کاریگەرییەکانی ئێل نینۆ لەسەر هەرێمی کوردستان هێنایەوە و گوتی: "وەرزی 2018 - 2019 کە بڕی بارانبارین گەیشتە ئاستێکی پێوانەیی و تەنیا لە سلێمانی هەزار و 317 ملم بارانبارین تۆمارکرا، ئەو ساڵە ئێل نینۆ رۆڵی هەبوو. هەرچەندە فاکتەری دیکەش هەن، بەڵام ئێل نینۆی بەهێز هەمیشە ئەگەری بارانی بەخوڕ و نائاسایی لە عێراق و کوردستان زیاد کردووە."
بەڵام ئاسۆ کەمال جیاوازتر لێکدانەوە بۆ دیاردەی ئێل نینۆ دەکات و دەڵێت مەترسیدار نییە لەسەر هەرێمی کوردستان؛ باسی لەوەش کرد کە بەدەر لە ئێل نینۆ و لا نینیا، "کۆمەڵێک فاکتەری دیکەش هەن کە نزیکن لە خۆمان، وەک بەرز و نزمیی زەریای ئەتڵەسی، بەرز و نزمیی زەریای هیندی، ئەمانە هۆکارن بۆ کاریگەرییان لەسەر کەشوهەوای ناوچەکانی عێراق و هەرێمی کوردستان و دوورگەی عەرەبی. بۆیە کە سۆپەر ئێل نینیۆ بوو ئیدی دنیا ژێر و ژوور نابێت کە بڵێین بارانێکی زۆر زۆرمان دەبێت، بەڵێ کاریگەریی هەیە و بۆ بارانبارین باشە، بەڵام ئەگەر ئەو فاکتەرانەی دیکەش گونجاو بن و لەبار بن لەگەڵ کەشوهەوای هەرێمی کوردستان، ئەوکات بارانی باش دەبارێت."
کەشناسیی عێراق: ئێل نینۆ دۆخی کەشوهەوا تووند دەکات
مەحموود عەبدوللـەتیف، سەرۆکی بەشی کەشناسی لە بەڕێوەبەرایەتیی کەشناسیی عێراق بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "لێکۆڵینەوەکانی ئێمە لە دیاردەی ئێل نینۆ کەمێک لاوازن بەهۆی نەبوونی ئامێری پێویست، بەڵام دەزانین کە بەرزبوونەوەی پلەی گەرمی لە زەریای هێمن دەبێتە هۆی تووندبوونی دۆخی کەشوهەوا لە ناوچەکە و عێراق دا."
مەحموود عەبدوللـەتیف ئاماژەی بەوە کرد کە کاریگەرییەکە بۆ عێراق ناڕاستەوخۆیە و گوتی، "ئێل نینۆ نزمەپاڵەپەستۆکان بەهێزتر دەکات، بەڵام دەبێت بزانین عێراق هێشتا لە دۆخی وشکەساڵیی کەشوهەوادایە."
کاریگەرییە تووندەکانی ئێل نینۆ لەسەر زەوی
ئەم دیاردەیە کاریگەریی بەرفراوانی لەسەر ژینگە، زریان، وشکەساڵی، ژیانی کێوی و تەنانەت خێرایی خولانەوەی زەویش دەبێت:
- کەشوهەوای لەڕادەبەدەر: ئێل نینیۆ شەپۆلەکانی با بەرەو باشوور پاڵ دەنێت. لە رابردوودا شوێنەکانی وەک باشووری ئەمریکا و تێکساس بڕێکی زۆری بارانبارینی نائاساییان بەخۆوە بینیوە، لە کاتێکدا ناوچەکانی وەک باشووری ئەفریقا، ئوسترالیا و ئیندۆنیزیا رووبەڕووی گەرمای تووند، وشکەساڵی و ئاگرکەوتنەوەی دارستانەکان بوونەتەوە کە زیان بە بەرهەمە کشتوکاڵییەکانی گەیاندووە .
- ژیانی کێوی: گەرمبوونی زەریاکان زنجیرەی خۆراک تێکدەدات. بۆ نموونە، ژمارەی پەنگوینەکان لە دوورگەکانی گەلاپەگۆس دوای دوو رووداوی بەهێزی ئێل نینیۆ لە ساڵانی 80 و 90ـەکاندا زۆر دابەزی، بەتایبەتی بەگوێرەی توێژینەوەیەکی ساڵی 2006 لە گۆڤاری Biological Conservationگەرمبوونی زەریاکان بووەهۆی کەمبوونەوەی مادە خۆراکییەکان و ماسییەکان لە ئاودا، کە ئەمەش پەنگوینەکانی بەرەو برسێتی برد.
- گەرمبوونی جیهان: ئاوی گەرم لە زەریای هێمندا دەبێتەهۆی گەرمبوونی هەواش بەگشتی، کە زۆرجار ساڵانی ئێل نینیۆ دەبنە گەرمترین ساڵەکانی مێژوو.




