رووداو دیجیتاڵ
لە کاتی پێشکێشکردنی گوتاری ساڵانەی ئیراکلی کۆباخیدزێ، سەرۆکوەزیرانی جۆرجیا، شەڕە بۆکس و پێکدادان لەنێو پەرلەمانی ئەو وڵاتەدا روویدا.
بە گوتەی پەرلەمانتارانی ئۆپۆزیسیۆن، ئەندامانی پارتی (خەونی جۆرجی)ـی دەسەڵاتدار، پەلاماری ئەندامێکی پارتی ئۆپۆزیسیۆنی (گاخاریا لەپێناو جۆرجیا)یان داوە.
گرژییەکان لە کاتی گوتاری پەرلەمانتارانی ئۆپۆزیسیۆندا دەستیانپێکرد، کاتێک سەرۆکوەزیرانیان بە پاشەکشەکردن لە دیموکراسی و لادانی وڵات لە رێڕەوی بوونە ئەندام لە یەکێتیی ئەورووپا تۆمەتبار کرد.
لە بەرامبەردا سەرۆکوەزیران کۆباخیدزێ ئەندامانی ئۆپۆزیسیۆنی بە هۆکاری شەڕەکە تۆمەتبار کرد و گوتی: "کاتێک هەستیان بەوە کرد کە هیچ شتێکیان نییە بۆ گوتن، پەنایان بردە بەر بێ رێزی، سووکایەتیپێکردن و هێرشی جەستەیی."
پارتی (گاخاریا لەپێناو جۆرجیا) تاکە پارتی ئۆپۆزیسیۆنە کە لەنێو پەرلەماندا نوێنەرایەتی هەیە، چونکە پارتەکانی دیکەی ئۆپۆزیسیۆن ئەنجامەکانی هەڵبژاردنی پەرلەمانیی ساڵی 2024ـیان رەتکردەوە و دەستبەرداری کورسییەکانیان بوون.
لەوەتەی کۆتایی ساڵی 2024ـەوە کە سەرۆکوەزیران بڕیاری راگرتنی دانوستاندنەکانی پەیوەستبوون بە یەکێتیی ئەورووپای راگەیاندووە، دۆخی سیاسی لە جۆرجیا بە گرژی ماوەتەوە.
سەرەڕای سەرکووتکردنی تووندی خۆپێشاندانەکان لەلایەن دەسەڵاتدارانەوە، تاوەکو ئێستا خۆپێشاندانی گەورە و بچووک لەو وڵاتە بەردەوامن.
بەپێی راپۆرتی رێکخراوەکانی مافی مرۆڤ، حکومەت چەندین یاسای پەسند کردووە و خۆپێشاندەران، رێکخراوەکانی کۆمەڵگەی سڤیل و میدیا سەربەخۆکانی کردووەتە ئامانج.


