رووداو دیجیتاڵ
زیادبوونی ژمارەی کرێکارە پەناخوازەکان وایکردووە ئیسپانیا لە دوو ساڵی رابردوودا ببێتە خێراترین ئابووریی گەشەسەندوو لەنێو وڵاتە پێشکەوتووەکانی جیهان. ئێستا حکومەتی ئەو وڵاتە پلانێکی نوێی هەیە و دەیەوێت سوود لە پەناخوازان وەربگرێ بۆ بووژاندنەوەی گوندەکان.
لە کەمتر لە 25 ساڵدا، رێژەی ئەو هاووڵاتییە ئیسپانیانەی لە دەرەوەی وڵات لەدایکبوون، لە 5٪ـەوە بۆ نزیکەی 20٪ بەرزبووەتەوە. ئەم کەسانە بوونەتە بزوێنەری سەرەکیی گەشەی ئابووریی وڵاتەکە.
پلانی "ئیسپانیای چۆڵبوو"
حکومەتی ئیسپانیا هەوڵ دەدات ئەو پەناخوازانەی تازە گەیشتوون هانبدات لەو ناوچانە نیشتەجێ بن کە بە "ئیسپانیای چۆڵبوو" ناسراون، واتە ئەو گوندانەی گەنجەکانیان روویان لە شارە گەورەکان کردووە و زیاتر بەساڵاچووانیان تێدا دەمێننەوە.
لە مانگی شوباتدا ئیسپانیا ستراتیژییەکی نیشتمانی راگەیاند بۆ بردنی خەڵک بەرەو گوندەکان. دەسەڵاتە خۆجێییەکان لە رێگەی پڕۆژەی جیاوازەوە هاوکاریی پەناخوازەکان دەکەن لە پێدانی خانوو، دۆزینەوەی دەرفەتی کار و فێربوونی زمان.
فرانسیسک بۆیا، سکرتێری گشتیی وەزارەتی بەرەنگاربوونەوەی تەنگژەی دیمۆگرافی دەڵێت: "گەورەترین دەرفەت بۆ گوندەکانمان، بەتایبەت ئەو شوێنانەی بەدەست کۆچی خەڵکەکەیەوە دەناڵێنن، لە لایەن پەناخوازانەوەیە."
بەیاساییکردنی نیو ملیۆن کۆچبەر
ئەم هەنگاوە لە کاتێکدایە کە ئیسپانیا ئامادەکاری دەکات بۆ ئەوەی لە پرۆسەیەکی نائاساییدا مافی نیشتەجێبوون و کارکردنی یاسایی بە 500 هەزار پەناخوازی بێبەڵگەنامە بدات.
فرانسیسک بۆیا ئاماژە بەوە دەکات کە زۆربەی ئەم کەسانە لە سێکتەرە سەرەکییەکانی گوندەکاندا کاردەکەن، وەک کشتوکاڵ، ئاژەڵداری و خزمەتگوزاریی چاودێری، کە بەدەست کەمیی دەستی کارەوە دەناڵێنن.
تەنگژەی دیمۆگرافی و ئاستەنگەکان
سەرەڕای دابەزینی رێژەی لەدایکبوون، پێشبینی دەکرێ ژمارەی دانیشتووانی ئیسپانیا لە 49 ملیۆنەوە بگاتە 53 ملیۆن کەس تاوەکو ساڵی 2076. پەیمانگەی نیشتمانیی ئاماری ئیسپانیا دەڵێت ئەم گەشەیە بە تەواوی پشت بە پەناخوازان دەبەستێت.
بەڵام ئاستەنگی گەورەش لەبەردەم جێگیرکردنی پەناخوازان لە گوندەکاندا هەیە. خافیێر ئۆتێرۆ، لە رێکخراوی ناحکومیی (Rescate) دەڵێت: "دژبەیەکییەک هەیە. هەزاران دەرفەتی کار لە گوندەکانی ئیسپانیا هەن و هەزاران پەناخوازیش دەیانەوێت لەوێ کار بکەن، بەڵام بەهۆی نەبوونی خانوو ناتوانن بچنە ئەو شوێنانە." هەروەها پرسی گواستنەوە و دانپێدانان بە مۆڵەتی شۆفێریی وڵاتانی دەرەوەی ئەورووپا، ئاستەنگێکی دیکەی بەردەم پەناخوازانە.
هۆکاری چۆڵبوونی گوندەکان چییە؟
کۆچی گەورە بەرەو شارەکان
هۆکاری سەرەکیی چۆڵبوونی گوندەکانی ئیسپانیا بۆ نێوەڕاستی سەدەی بیستەم دەگەڕێتەوە، کاتێک حکومەت سەرنجی خستە سەر پەرەپێدانی پیشەسازی لە شارە گەورەکان. ئەمەش وایکرد ملیۆنان جووتیار کارەکەیان بەجێبهێڵن و بۆ دەستکەوتنی کار لە کارگەکاندا روو لە شارەکان بکەن.هاوکات، مۆدێرنبوونی کشتوکاڵ و بەکارهێنانی ئامێر لەبری مرۆڤ، پێویستی بە هێزی کاری کەمکردەوە و بووە هۆی داڕمانی ئابووریی خێزانە جووتیارە بچووکەکان.
خولێکی نەرێنی لە نەمانی خزمەتگوزارییەکان
کەمبوونەوەی دانیشتوان خولێکی نەرێنی دروستکردووە. بە نەمانی خەڵک، ئیدی قوتابخانە، بانک، دەرمانخانە و بنکە تەندروستییەکان داخران. هەروەها نەبوونی ئینتەرنێتی خێرا و رێگای گونجاو وایکردووە ئەم گوندانە زیاتر داببڕێن. ئەم دۆخە بەتایبەت کاریگەری لەسەر گەنجان و ژنان هەبووە کە بۆ خوێندن و کار گوندەکانیان جێهێشتووە، ئەمەش وایکردووە زۆربەی دانیشتوانی گوندەکان تەنیا بەتەمەنەکان بن و رێژەی لەدایکبوون تێیاندا زۆر دابەزێ.
وشکەساڵی و جوگرافیای سەخت
جگە لەوە، جوگرافیای سەخت و کەشوهەوای وشک، لەگەڵ وشکەساڵییەکانی ئەم دواییە کە بەهۆی گۆڕانی کەشوهەواوە دروستبوون، زیانی گەورەیان بە بەرهەمە کشتوکاڵییەکان گەیاندووە و دوایین سەرچاوەی بژێوی خەڵکەکەیان لەناوبردووە.
ئێستا حکومەت و رێکخراوەکان هەوڵ دەدەن لە رێگەی پێدانی خانووی هەرزان، کەمکردنەوەی باج و راکێشانی "پەناخوازان" و "کارمەندانی ئۆنلاین"، جارێکی دیکە ژیان بۆ ئەم ناوچە چۆڵانە بگێڕنەوە.



.webp&w=3840&q=75)