رووداو دیجیتاڵ
وەزارەتی ناوخۆی سلۆڤینیا بە رووداوی راگەیاند، پێنج مانگی سەرەتای ئەم ساڵ 108 کۆچبەری خەڵکی عێراق و باشووری کوردستان چوونەتە وڵاتەکەی، لە کاتێکدا هەمان ماوەی پار 476 کەس چووبوون؛ دەشڵێت، ئەم ساڵ 201 کۆچبەری خەڵکی سووریا و رۆژئاوای کوردستان چوونەتە وڵاتەکەی، لە کاتێکدا هەمان ماوەی پار هەزار و 495 کەس چووبوون.
وەزارەتی ناوخۆی سلۆڤینیا لە وەڵامی ئیمەیڵێکی نیاز مستەفا، ئێدیتۆر لە بەشی نێودەوڵەتی تۆڕی میدیایی رووداودا رایگەیاند، پێنج مانگی سەرەتای ئەم ساڵ 12 هەزار و 64 کۆچبەر چوونەتە وڵاتەکەی، لە کاتێکدا هەمان ماوەی پار 28 هەزار و 203 کەس چووبوون.
بە گوێرەی ئەو ئامارەی وەزارەتەکە بۆ رووداوی ناردووە، چوونی کۆچبەرانی خەڵکی سووریا و رۆژئاوای کوردستان بۆ ئەو وڵاتە 88% و کۆچبەرانی خەڵکی عێراق و باشووری کوردستان 78% کەمیکردووە. ئەم ساڵ 108 کۆچبەری عێراقی و پار 476 چووبوون؛ بۆ سووریاییەکانیش ئەم ساڵ 201 و پار هەزار و 495 چووبوون.
سلۆڤینیا وڵاتێکی نێوەڕاستی ئەورووپایە و لە رێگەیەوە کۆچبەران خۆیان دەگەیێننە وڵاتانی رۆژئاوای کیشوەرەکە، لەوانە ئەڵمانیا، فەرەنسا و بەریتانیا.
زۆرینەی کۆچبەرە عێراقی و سووریاییەکان بە رێگەی کرواتیاوە دەچنە سلۆڤینیا. بە گوێرەی وەزارەتەکە، ئەم ساڵ 177 سووریایی و پار هەزار و 414 سووریایی لە کرواتیاوە چوونەتە سلۆڤینیا. هەروەها، ئەم ساڵ 98 عێراقی و پار 431 هاووڵاتی دیکەی ئەو وڵاتە چووبوونە سلۆڤینیا.
سلۆڤینیا ئەندامی یەکێتیی ئەورووپا و هاوپەیمانی ناتۆیە. لە ساڵی 2023ەوە وڵاتەکە هێزی زیاتری بۆ رووبەڕووبوونەوەی کۆچبەران لە سنوورەکانی بڵاوکردووەتەوە.
بە گوێرەی وەزارەتی ناوخۆی ئەو وڵاتە بۆ رووداو، ساڵی 2023 نزیکەی 60 هەزار و 600 کۆچبەر چوونە وڵاتەکەی، بەڵام ساڵی 2024 تەنیا 46 هەزار و 220 کۆچبەر و پاریش نزیکەی 40 هەزار چووبوون.
وەزارەتی ناوخۆی سلۆڤینیا بە رووداوی گوت، پار 228 کۆچبەریان دیپۆرتکردنەوە، یەکێکیان هاووڵاتیی سووریایی بوو و عێراقیان تێدا نەبوو. ئەم ساڵ 92 دیپۆرتکراونەتەوە، بەڵام کەسیان عێراقی و سووریایی نەبوون.




.webp&w=3840&q=75)