رووداو دیجیتاڵ
سەرەڕای دەستپێکردنەوەی گرژی و هێرشە سەربازییەکانی نێوان ئەمریکا و ئێران، جەی دی ڤانس، جێگری سەرۆکی ئەمریکا جەخت لەوە دەکاتەوە کە ئەگەر تاران کێشەی لەگەڵ رێککەوتنی ئاگربەستەکە هەیە، دەتوانێت بە تەلەفۆن قسەیان لەگەڵ بکات، هاوکات هۆشداریش دەدات کە ئەمریکا وەڵامی تووندوتیژی بە تووندوتیژی دەداتەوە.
میدیاییەکانی ئەمریکا بڵاویانکردەوە، سەرەڕای ئاڵۆزبوونی دۆخی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست، ڤانس بەرنامەکەی خۆی هەڵنەوەشاندەوە و رۆژی هەینی بەشداری لە بەرنامەی تەلەڤیزیۆنیی بەناوبانگی (Real Time with Bill Maher) کرد.
پێش چوونە نێو بەرنامەکە، ڤانس لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس لەسەر پێشێلکردنی ئاگربەستەکە لەلایەن ئێرانەوە نووسی: "ئێران رێککەوتنی ئاگربەستی واژۆ کردووە. ئێمە رێزمان لێ گرتووە. ئەگەر ئەوان کێشەیان لەگەڵ چۆنیەتیی جێبەجێکردنی یاداشتی لێکتێگەیشتنەکە هەیە، دەتوانن تەلەفۆن بکەن. بەڵام وەڵامی تووندوتیژی هەر بە تووندوتیژی دەدرێتەوە."
چی روویداوە؟
ئەمریکا دەڵێ، رۆژی پێنجشەممە، ئێران بە لانیکەم چوار درۆنی بۆمبڕێژکراو، هێرشی کردە سەر کەشتییەکان لە تەنگەی هورمز. یەکێک لە درۆنەکان زیانی بە کەشتییەکی بارهەڵگر گەیاند کە ئاڵای سەنگاپووری هەڵ کردبوو. ئەمریکاش سێ درۆنەکەی دیکەی خستە خوارەوە.
لە وەڵامی ئەمەدا، رۆژی هەینی ئەمریکا بە شەش فڕۆکەی جەنگی، چوار ئامانجی ئێرانی لە نزیک کەناراوەکانی تەنگەی هورمز بۆردوومان کرد، کە پێکهاتبوون لە سەکۆی مووشەک، درۆن و رادار. فەرماندەیی ناوەندیی هێزەکانی ئەمریکا (سێنتکۆم) رایگەیاند، هێرشەکەی ئێران بۆ سەر کەشتییە بازرگانییەکان "پێشێلکردنی زەقی ئاگربەستە."
هەڵوێستی ترەمپ
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا هێرشە درۆنییەکەی ئێرانی بە "پێشێلکارییەکی گەمژانە"ی ئاگربەستەکە ناوبرد.
کاتێکیش لە کۆشکی سپی لێیان پرسی ئایا ئەمریکا وەڵام دەداتەوە؟ ترەمپ بە رۆژنامەڤانانی گوت: "خۆتان دەیبینن و بەتەواوی بۆتان دەردەکەوێ."
کەمێک دوای ئەم قسەیە، ئەمریکا هێرشەکانی بۆ سەر ئێران دەستپێکرد.
چارەنووسی دانوستاندنەکان
ئەم گرژییە نوێیانە یەکەمین تاقیکردنەوەی سەختن بۆ ئەو یاداشتی لێکتێگەیشتنەی هەفتەی رابردوو لە سویسرا لەنێوان هەردوو وڵات واژۆ کرا.
سەرەڕای هێرشەکان، بەرپرسێکی ئەمریکی ئاشکرای کردووە کە هێرشەکانی ئەمریکا سنووردار بوون و تەنیا نزیکەی کاژێرێکیان خایاند، بۆ ئەوەی پەیامێکی تووند بدەنە ئێران بەڵام پرۆسەی دیپلۆماسی لەبارنەبەن.
بڕیاریشە لە رۆژانی داهاتوودا، تیمە تەکنیکییەکانی هەردوو وڵات لە سویسرا دەست بە خولێکی نوێی دانوستاندن بکەنەوە.
لە لایەکی دیکەوە، مارکۆ روبیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا پێشوازی لەو رێککەوتنە چوارچێوەییە کرد کە رۆژی هەینی لەنێوان ئیسرائیل و لوبنان بۆ هێورکردنەوەی دۆخەکە واژۆ کرا، بەڵام دانی بەوەدانا کە هێشتا کاری زۆریان لەپێشە و هیچ گەرەنتییەکیش نییە کە حیزبوڵڵا پابەندی مەرجەکانی ئەو رێککەوتنە بێت.
.webp&w=3840&q=75)


