رووداو دیجیتاڵ
وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا رایگەیاند، بەڵێنی پێشکێشکردنی زیاتر لە 300 ملیۆن دۆلار هاوکاریی دارایی بە ڤەنزوێلا داوە. پێشتر ئەمریکا 150 ملیۆن دۆلاری بۆ هاوکاریی زیانلێکەوتووانی بوومەلەرزەکانی ئەو وڵاتە راگەیاندبوو.
رۆژی دووشەممە 29-06-2026 وەزارەتەکە لە راگەیێندراوێکدا رایگەیاند، "ئەم پارەیە چاودێریی پزیشکیی بەپەلە، خۆراک، ئاو، پەناگە، پێداویستیی پاککردنەوە، پاراستن و خزمەتگوزاریی لۆجیستی دابین دەکات."
لە راگەیێندراوەکەدا هاتووە، پارەکە لە رێگەی رێکخراوە هاوبەشەکانەوە دابەش دەکرێت، لەوانەش رێکخراوی ساماریتان (Samaritan's Purse)، خزمەتگوزاریی فریاگوزاریی کاسۆلیکی (Catholic Relief Services)، رێکخراوی کۆچی نێودەوڵەتی (IOM)، پرۆگرامی خۆراکی جیهانی (WFP) و خاچی سوور.
ئەمریکا چوار تیمی گەڕان و فریاگوزاریی شارستانیی بۆ ڤەنزوێلا ناردووە، کە لە زیاتر لە 300 کارمەندی فریاگوزاریی خێرا و نزیکەی 24 سەگی گەڕان پێکهاتوون.
هەفتەی رابردوو دوو بوومەلەرزە بە گوڕەکانی 7.2 و 7.5 پلە لە نزیک کەناراوەکانی دەریای کاریبی لە ڤەنزوێلایان دا، کە بووە هۆی رووخانی باڵەخانەکان، زیانپێگەیشتنی فڕۆکەخانەی سەرەکیی وڵاتەکە و مردنی نزیکەی 1500 کەس.
ئەم هاوکارییە مرۆییەی ئەمریکا بۆ ڤەنزوێلا لە کاتێکدایە، پەیوەندییەکانی نێوان واشنتن و کاراکاس لە مانگەکانی دواییدا گەرموگوڕییان بەخۆیانەوە بینیوە، دوای ئەوەی هێزەکانی ئەمریکا لە مانگی کانوونی دووەمی رابردوودا نیکۆلاس مادورۆ، سەرۆکی پێشووی ئەو وڵاتەیان دەستگیرکرد و ئیدارەی ترەمپیش دەستیکرد بە کارکردن لەگەڵ حکومەتێکی کاربەڕێکەر بە سەرۆکایەتیی دێلسی رۆدریگێز.



