رووداو دیجیتاڵ
پۆلیسی ئەڵمانیا رایگەیاند، بەهۆی تەقەکردن لە ناوەندێکی چاودێری و پاراستنی لاوان لە شاری شتادێ لە باکووری ئەڵمانیا، شەش کەس کوژران. راشیگەیاند، ئەگەری زۆرە رووداوەکە بەهۆی "کێشەی خێزانییەوە" بووبێت.
سەرەتا پۆلیسی ئەڵمانیا رایگەیاند، پێنج کەس لە تەقەکردنەکەدا لە ناوەندی فریاگوزاری و چاودێریی لاوان لە شاری شتادێ (Stade)، کە دەکەوێتە رۆژئاوای شاری هامبۆرگ، کوژراون، بەڵام دواتر ژمارەی کوژراوەکان بۆ شەش کەس بەرزبووەوە.
رۆژی دووشەممە 29-06-2026 پۆلیس ئاماژەی بەوەشکرد، چەندین کەسی دیکەش لەم هێرشە خوێناوییەدا بریندار بوون، کە یەکێکە لە کوشندەترین رووداوەکانی تەقەکردن لەو وڵاتەدا لە ماوەی ساڵانی دواییدا. سەرجەم کوژراوەکان کەسانی پێگەیشتوو بوون.
بەگوێرەی میدیای ئەڵمانیا، پۆلیس پەیوەندیی پێکراوە و گەیشتووەتە شوێنەکە و دوو گومانلێکراوی بینیوە کە هەوڵیانداوە بە ئۆتۆمبێلێک رابکەن. پۆلیس تەقەی لە ئۆتۆمبێلەکە کردووە و رایگرتووە، پاشان هەردوو گومانلێکراوەکەی دەستگیرکردووە کە تەمەنیان لە سەرووی 21 ساڵدایە و بەمەش رایگەیاند، چیدیکە هیچ مەترسییەک لەسەر هاووڵاتییان نەماوە.
شاری شتادێ ژمارەی دانیشتووانی نزیکەی 50 هەزار کەسە و دەکەوێتە سەر رووباری ئێلبێ، 50 کیلۆمەتر لە رۆژئاوای هامبۆرگ دوورە. تەقەکردنەکە لە نزیک ناوەندێکی چاودێریی رۆژانەی منداڵان و قوتابخانەیەکی سەرەتایی روویداوە.
کارستن برۆکێڵمان، ئەندامی ئەنجوومەنی شارەکە رایگەیاند، هیچ منداڵێک یان کارمەندێکی قوتابخانە و ناوەندەکە زیانیان پێنەگەیشتووە.
ئەڵمانیا خاوەنی یەکێک لە تووندترین یاساکانی چەککڕینە لە ئەورووپا، کە داوا دەکات هەر کەسێک لە خوار تەمەنی 25 ساڵ بێت، پێش پێشکەشکردنی داواکاری بۆ مۆڵەتی چەک، تاقیکردنەوەیەکی دەروونیی تێپەڕێنێت،
سەرەڕای ئەمەش، ناوبەناو رووداوی هاوشێوە روودەدەن؛ لە شوباتی 2020دا تووندڕۆیەکی راستڕۆ نۆ کەسی لە شاری هاناو کوشت. لە ئاداری 2023شدا چەکدارێک، شەش کەسی لە هامبۆرگ کوشت و پاشان خۆی کوشت.



