رووداو دیجیتاڵ
گوتەبێژێکی یەکێتیی ئەورووپا بە رووداوی رایگەیاند، یەکێتیی ئەورووپا بەردەوامە لە پەیوەندییەکانی لەگەڵ حکومەتی نوێی عێراق، بەڵام دەستوەردان لە جێبەجێکردنی یاسای ناوخۆیی وڵاتەکەدا ناکات. راشیگەیاند، لە شەڕی دژی گەندەڵی، لەگەڵ عێراق لە پەیوەندییەکانی بەردەوامە.
رۆژی دووشەممە 29-06-2026، گوتەبێژێکی یەکێتیی ئەورووپا لە برۆکسلەوە لە وەڵامی ئوسامە محەممەد، ئیدیتۆر لە دێسکی نێودەوڵەتیی رووداو رایگەیاند: "یەکێتیی ئەورووپا بەردەوامە لە پەیوەندییەکانی لەگەڵ حکومەتی نوێی عێراق لە چوارچێوەی زنجیرەیەک کاری لەپێشینەی هاوبەشدا، لەنێویاندا شەڕی دژی گەندەڵی."
گوتەبێژەکە گوتی، "لەکاتێکدا یەکێتیی ئەورووپا هانی رێوشوێنی باوەڕپێکراو و مانا بەخش دەدات دژی گەندەڵی و بەرەو کارنامەیەکی چاکسازیی ئابووریی بەردەوام، ئێمە دەستوەردان لە جێبەجێکردنی یاسای ناوخۆیی عێراقدا ناکەین."
گوتەبێژەکە ئاماژەی بەوە کرد، بەپەلە پێویستە حکومەتی نوێی عێراق ئەنجامی بەرجەستە پێشکەش بکات و بە خێرایی رێوشوێن و چاکسازییە پێویستەکان بگرێتەبەر بۆ بەدیهێنانی خواست و ئاواتەکانی گەلی عێراق.
ئەو گوتەبێژە هەروەها گوتی، "بووژاندنەوەی ژینگەیەکی شەفافی وەبەرهێنان و رەخساندنی هەلی کار، یارمەتیدەرە بۆ چارەسەرکردنی داواکارییە رەواکانی گەلی عێراق و یارمەتی ئابووریی عێراق دەدات بگاتە ئەوپەڕی تواناکانی خۆی."
یەکێتیی ئەورووپا بەڵێنی دا، بەردەوام بێت لە پاڵپشتیکردنی عێراق لە هەوڵەکانی چاکسازی، ئاشتەوایی نیشتمانی و رۆڵی شایستەی لە بەهێزکردنی هاریکاریی هەرێمیدا.
وەک هاوبەشێکی پابەند بە حکومەتی عێراق لە چاکسازیی کەرتی ئەمنیدا، گوتەبێژەکەی یەکێتیی ئەورووپا گوتی، "بەردەوامین لە پێشخستنی ئامانجەکانی ستراتیژیی ئاسایشی نیشتمانیی عێراق لە رێگەی نێردەی راوێژکاریی یەکێتیی ئەورووپا."



