رووداو دیجیتاڵ
نێردەکانی ئەمریکا و ئێران لە دەوحەی پایتەختی قەتەر لە رێگەی نێوەندگیرەکانەوە کۆ بوونەوە و تەوەری سەرەکیی گفتوگۆکانیان ئایندەی تەنگەی هورمز و رێککەوتنی ئەتۆمییە، لە کاتێکدا واشنتن هەوڵ دەدات تاران رازی بکات واز لە وەرگرتنی باج لە کەشتییەکان بهێنێت و سەرنجی بخاتە سەر داهاتی نەوت.
جەی دی ڤانس، جێگری سەرۆکی ئەمریکا، رۆژی چوارشەممە، 1ـی تەممووزی 2026، رایگەیاند، تیمی تەکنیکیی وڵاتەکەی لەگەڵ ئێرانییەکان و قەتەرییەکان لە دەوحە کۆبوونەتەوە تاوەکو دڵنیابن لەوەی پێشکەوتن لە دانوستاندنەکان دا هەیە. ڤانس گوتی: "هێشتا زووە، بەڵام گفتوگۆکان بە باشی بەڕێوە دەچن."
بەپێی راپۆرتێکی ئاژانسی (ئەکسیۆس)، ستیڤ ویتکۆف و جارید کوشنەر، نێردە تایبەتەکانی دۆناڵد ترەمپ، رۆژی سێشەممە لەگەڵ سەرۆکوەزیرانی قەتەر و رۆژی چوارشەممەش لەگەڵ ئەمیری قەتەر کۆ بوونەتەوە.
کێشەی سەرەکیی ئێستا لەسەر شێوازی بەڕێوەبردنی تەنگەی هورمزە؛ تاران پێداگری دەکات لەوەی سەروەریی تەنگەکە لە دەستی ئەوان و عومان دایە و دەیانەوێت دوای تەواوبوونی ماوەی 60 رۆژەکەی یاداشتنامەی لێکتێگەیشتن، باج لەو کەشتییانە وەربگرن کە لێیەوە تێدەپەڕن.
بەرپرسانی ئەمریکی ئەم داواکارییەی ئێرانیان بە "تەکتیکی چەتەگەری" ناو بردووە و داوایان لە تاران کردووە "گەورەتر بیر بکەنەوە". واشنتن بە ئێرانییەکانی راگەیاندووە، ئەگەر سزاکان لا برێن، ئەو داهاتەی ئێران لە فرۆشتنی ئازادانەی نەوت دەستی دەکەوێت، 100 هێندە زیاتر دەبێت لەو باجەی دەیەوێت لە کەشتییەکانی وەربگرێت.
سەرەڕای دانوستاندنەکان، دۆخەکە هێشتا ناسەقامگیرە. رۆژی یەکشەممە هەردوولا گەیشتنە لێکتێگەیشتنێک بۆ هێورکردنەوەی دۆخی تەنگەکە تەنیا بۆ ماوەی یەک هەفتە تاوەکو دانوستاندنەکان لە کەشێکی بێ مووشەکدا بەڕێوە بچن.
چەند سەرچاوەیەک بە ئاژانسی (ئەکسیۆس)ـیان راگەیاندووە، دۆناڵد ترەمپ لە هێرشەکانی هەفتەی رابردووی ئێران بۆ سەر کەشتییە بازرگانییەکان زۆر نیگەران بووە و تەنانەت داوای زانیاریی لەسەر بژارە سەربازییەکانیش کردووە، بەڵام نێوەندگیرەکان رازییان کردووە دەرفەت بداتە دیپلۆماسی.
لە کاتێکدا میدیاکان باس لە رێککەوتن بۆ ئازادکردنی 3 ملیار دۆلار لە پارە سڕکراوەکانی ئێران دەکەن بۆ کڕینی کاڵای مرۆیی، واشنتن بە فەرمی ئەمەی رەت کردووەتەوە و دەڵێت هیچ پارەیەک ئازاد نەکراوە. سەبارەت بە لوبنانیش، ئەمریکا بە ئێرانییەکانی راگەیاندووە کە بەردەوام دەبن لە گوشار خستنەسەر ئیسرائیل بۆ پابەندبوون بە ئاگربەست، بەتایبەتی کشانەوەی هێزەکانی ئیسرائیل لە دوو ناوچەی باشووری لوبنان وەک هەنگاوی یەکەم.
عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران، لە پەرچەکردارێک دا لە پلاتفۆرمی ئێکس نووسیویەتی: "سەرۆکی ئەمریکا پابەند بووە بەوەی دەمی ئاژەڵە ماڵییەکانی لە تەلئەڤیڤ ببەستێت؛ ئەگەر فەرمانی گەورەکەیان پشتگوێ بخەن، ئێران وانەیەکیان پێ دەدات."
ئەم ئاڵۆزییانە لە کاتێک دایە، تەنیا دوو هەفتە بەسەر یاداشتنامەی لێکتێگەیشتنی 60 رۆژە دا تێپەڕیوە و هێشتا مەترسیی هەرەسی دانوستاندنەکان لە ئارا دایە، بەتایبەتی کە هەردوولا لەسەر مەرجە بنەڕەتییەکانی ئایندەی رێڕەوە ئاوییەکان و دۆسیەی ئەتۆمیی جیاوازیی گەورەیان هەیە.
.jpg&w=3840&q=75)
.jpg&w=3840&q=75)
.jpg&w=3840&q=75)
.jpg&w=3840&q=75)