رووداو دیجیتاڵ
ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل رێککەوتننامەیەکیان بۆ دروستکردنی باڵەخانەی هەمیشەیی باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە قودس - ئۆرشەلیم واژۆ کرد؛ وەزیری دەرەوەی ئیسرائیلیش دەڵێت، ئەم هەنگاوە گوزارشت لە "هاوپەیمانییەکی پتەو" لە نێوان هەردوو وڵات دا دەکات.
رۆژی چوارشەممە، 1ـی تەممووزی 2026، لە مەراسیمێکی فەرمی دا لە وەزارەتی دەرەوەی ئیسرائیل، مایک هەکەبی، باڵیۆزی ئەمریکا لە ئیسرائیل رایگەیاند: "ئەمریکا نەک تەنیا دان بە ئۆرشەلیم دا دەنێت وەک پایتەختی ئەبەدی و رەسەنی گەلی جوو، بەڵکو هەنگاوی کردەییشی بۆ دەنێت."
باڵیۆزی ئەمریکا ئاماژەی بەوەش کرد: "ئێمە ئاڵای ئەمریکا لەسەر خاکی ئۆرشەلیم دەچەقێنین بۆ دروستکردنی باڵەخانەیەکی هەمیشەیی و نوێ، کە دەبێتە ناوەندی سەرەکیی چالاکییە دیپلۆماسییەکانمان لێرە." هەکەبی گوتیشی: "خودا 3,800 ساڵ لەمەوبەر ئەو بڕیارەی داوە، ئێمەش دواجار دانمان بەوە دا نا، کە زۆر پێش دروستبوونی ئەمریکا دیاری کرابوو."
بڕیارە باڵیۆزخانە نوێیەکە لە ناوچەی "ئالێنبی" لە باشووری قودس - ئۆرشەلیم دروست بکرێت. ئەمەش دوای ئەوە دێت کە دۆناڵد ترەمپ لە خولی یەکەمی سەرۆکایەتییدا و لە ساڵی 2017 دا، قودس - ئۆرشەلیم-ی وەک پایتەختی ئیسرائیل ناساند و فەرمانی گواستنەوەی باڵیۆزخانەی وڵاتەکەی لە تەل ئەڤیڤەوە بۆ ئەو شارە دا.
جەدعون ساعار، وەزیری دەرەوەی ئیسرائیل لە کاتی واژۆکردنی رێککەوتنەکە دا رایگەیاند: "بڕیارە مێژووییەکەی سەرۆک ترەمپ لە ساڵی 2017 دا راستییەکانی چەسپاند، ئەمڕۆش بەم رێککەوتنە، ئەو بڕیارە قووڵتر و بەردەوامتر دەبێت."
ئەم هەنگاوەی واشنتن لە کاتێکدایە کە زۆربەی وڵاتانی جیهان باڵیۆزخانەکانیان لە تەل ئەڤیڤ هێشتووەتەوە، چونکە بەپێی یاسا نێودەوڵەتییەکان و بڕیارەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان، پێویستە پرسی قودس - ئۆرشەلیم لە رێگەی دانوستاندنی ئاشتییەوە لە نێوان ئیسرائیل و فەڵەستین چارەسەر بکرێت. فەڵەستینییەکان داوا دەکەن "قودسی رۆژهەڵات" ببێتە پایتەختی دەوڵەتی داهاتوویان.
واژۆکردنی ئەم رێککەوتنە لە کاتێکدایە کە ئەمریکا و ئیسرائیل بۆ ماوەی چەند مانگێک لە هەڵمەتێکی سەربازیی هاوبەش دا دژی ئێران بەشدار بوون، هەروەها هاوکاتە لەگەڵ بڵاوبوونەوەی هەندێک دەنگۆ دەربارەی بوونی گرژی لە نێوان دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا و بنیامین نەتانیاهوو، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل سەبارەت بە چۆنیەتیی کۆتاییهێنان بە جەنگ لەگەڵ تاران.
.jpg&w=3840&q=75)
.jpg&w=3840&q=75)
.jpg&w=3840&q=75)
