رووداو دیجیتاڵ بەگوێرەی ئامارە فەرمییەکان، ژمارەی ئەو کۆچبەرانەی لە شەش مانگی یەکەمی ئەمساڵ دا بە بەلەمی بچووک لە نۆکەندی ئینگلیزەوە پەڕیونەتەوە بۆ بەریتانیا، بەراورد بە هەمان ماوەی پار 41% کەمی کردووە. رۆژی چوارشەممە، 1ـی تەممووزی 2026، وەزارەتی ناوخۆی بەریتانیا رایگەیاند، لە نێوان مانگی کانوونی دووەم تاوەکو حوزەیرانی 2026، نزیکەی 11 هەزار و 884 کۆچبەر گەیشتوونەتە بەریتانیا، لە هەمان ماوەی پاردا ژمارەکە 19 هەزار و 982 کۆچبەر بووە. ئەمە بە هەواڵێکی خۆش بۆ حکومەتی پارتی کار دادەندرێت، کە هەوڵدەدات پشتگیریی جەماوەری بۆ پارتی (رێفۆرمی بەریتانیا)ـی دژە کۆچبەران کەمبکاتەوە. کیەر ستامەر، سەرۆکوەزیرانی بەریتانیا لە هەفتەکانی کۆتایی دەسەڵاتیدایە، ئەوەش دوای ئەوەی لە 22ـی حوزەیران دەست لە کارکێشانەوەی خۆی رایگەیاند؛ چاوەڕوان دەکرێت لە نێوەڕاستی ئەم مانگە دا ئاندی بێرنەم وەک سەرۆکی نوێی پارتی کار و سەرۆکوەزیران دەستبەکاربێت. حکومەتی بەریتانیا بۆ سنووردارکردنی کۆچی نایاسایی، چەندین رێککەوتنی لەگەڵ وڵاتان واژۆ کردووە؛ لەوانە رێککەوتنێکی سێ ساڵە لەگەڵ فەرەنسا بە گوژمەی 662 ملیۆن پاوەند بۆ پاڵپشتیکردنی چاودێریی کەناراوەکان. هەروەها رێککەوتنێک لەگەڵ ئەڵمانیا بۆ تێکشکاندنی تۆڕەکانی قاچاخچێتی و رێککەوتنێک لەگەڵ عێراق بۆ خێراکردنەوەی گەڕاندنەوەی ئەو کۆچبەرانەی مافی مانەوەیان لە بەریتانیا نییە. هاوکات شەبانە مەحموود، وەزیری ناوخۆی بەریتانیا، کار بۆ چاکسازی لە سیستمی پەنابەری دا دەکات، کە یەکێک لە هەنگاوەکان کاتیکردنی مافی پەنابەرییە بۆ ئەوەی رێگری لە کۆچبەران بکات روو لەو وڵاتە بکەن. سەرەڕای ئەم هەنگاوانە، بەشێک لە شارەزایان پێیان وایە کەشوهەواش کاریگەریی هەبووە لەسەر کەمیی ژمارەی پەڕینەوەی کۆچبەران لە شەش مانگی یەکەمی ئەمساڵ دا.
جیهان02-07-2026ئەمریکا و ئیسرائیل رێککەوتنی دروستکردنی باڵەخانەی باڵیۆزخانەی واشنتن-یان لە ئۆرشەلیم - قودس واژۆ کرد