رووداو دیجیتاڵ
تۆف بڵانچ، داواکاری گشتیی ئەمریکا بەوەکالەت رایگەیاند، ئیدارەی ترەمپ شەڕی دژی ئەوەی پێیدەگوترێت "گەشتیاریی لەدایکبوون" توندتر دەکات؛ ئەمەش دوای رۆژێک لە بڕیارێکی دادگەی باڵای وڵات بۆ چەسپاندنی مافی وڵاتینامە بەپێی شوێنی لەدایکبوون.
رۆژی سێشەممە، دادگەی باڵای ئەمریکا فەرمانێکی کارگێڕیی دۆناڵد ترەمپی هەڵوەشاندەوە. ترەمپ لە یەکەم رۆژی دەستبەکاربوونی بۆ خولی دووەمی سەرۆکایەتی، فەرمانێکی دەرکردبوو کە تێیدا هاتبوو ئەو منداڵانەی لە دایک و باوکێکی نایاسایی یان خاوەن ڤیزەی کاتی لە ئەمریکا لەدایک دەبن، بە شێوەیەکی خۆکارانە نابنە خاوەنی وڵاتینامەی ئەمریکی.
رۆژی چوارشەممە، 1ـی تەممووزی 2026، تۆف بڵانچ لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانیدا رایگەیاند: "لە روانگەی وەزارەتی دادەوە، سەرنجمان دەخەینە سەر ئەو ژنە بیانییانەی بە مەبەستی منداڵبوون روو لە ئەمریکا دەکەن بۆ ئەوەی منداڵەکانیان ببێتە خاوەنی وڵاتینامە. ئەمە پیشەسازییەکی گەشەسەندووە و بەردەوامیش دەبێت، بەتایبەت دوای بڕیارەکەی دوێنێی دادگەی باڵا."
داواکاری گشتی بەوەکالەت ئاماژەی بەوەش کرد، کە حکومەتی فیدراڵ دەتوانێت لە رێگەی پڕۆسەی پێدانی ڤیزە و داواکارییەکانەوە رێکاری نوێ بگرێتەبەر بۆ ئەوەی ئەو دەرفەتە کەمبکاتەوە یان سنووردار بکات، کە خەڵک تەنیا بۆ منداڵبوون بێنە ئەمریکا.
ئیدارەی ترەمپ پێشتر چەندین جار تیشکی خستووەتە سەر ئەو دیاردەیە، بەتایبەت ئەو گەشتیارانەی لە چینەوە دێن، بۆ ئەوەی پاساو بۆ هەوڵەکانی بهێنێتەوە کە بۆ گۆڕینی یاسای وڵاتینامە دەیدات.
ئامارە فەرمییەکانی ناوەندی نیشتمانی بۆ ئاماری تەندروستی و سەنتەری کۆنترۆڵکردنی نەخۆشییەکان دەریدەخەن، ساڵانە نزیکەی 9,000 بۆ 9,600 منداڵ لە دایکانی بیانی لەدایک دەبن کە نیشتەجێی ئەمریکا نین. هەرچەندە هەندێک ناوەند وەک (سەنتەری لێکۆڵینەوەی کۆچ) ئەم رێژەیە بە 33 هەزار بۆ 36 هەزار منداڵ دەخەمڵێنن، بەڵام بە گشتی ئەم دیاردەیە کەمتر لە 1%ـی کۆی گشتیی لەدایکبوونی ساڵانە لە ئەمریکا پێک دەهێنێت، کە دەگاتە نزیکەی 3.7 ملیۆن منداڵ.

.jpg&w=3840&q=75)
.jpg&w=3840&q=75)
.jpg&w=3840&q=75)