رووداو دیجیتاڵ
هێرشی چڕی مووشەکی و درۆنی رووسیا بەیانیی رۆژی پێنجشەممە 02-07-2026 پایتەختی ئۆکراینایان هەژاند و بوونە هۆی کوژرانی هەشت کەس و برینداربوونی 34ـی دیکە، ئەمەش دوای ئەوەی پێشوەختە هۆشداری درابوو مۆسکۆ بۆ هێرشێکی فراوان خەریکی ئامادەکارییە.
ئەم هێرشە نوێیەی رووسیا دوای ئەوە هات، هێزە ئاسمانییەکانی ئۆکراینا هۆشدارییاندا لەوەی مووشەکی بالیستی بەرەو پایتەخت دێن، ئەمەش وایکرد ڤۆلۆدیمیر زیلینسکی، سەرۆکی ئۆکراینا گەشتەکەی بۆ دبلنی پایتەختی ئایرلاند لە رۆژی چوارشەممەدا کورت بکاتەوە و بگەڕێتەوە.
لە نێوەڕاست و رۆژهەڵاتی کیێڤ دەنگی 12 تەقینەوە بیستران، خەڵک بە خاوخێرانەوە بەرەو وێستگەکانی میترۆ رایانکرد بۆ ئەوەی خۆیان پەنا بدەن.
ڤیتالی کلیچکۆ، سەرۆکشارەوانیی کیێڤ ئەوکات لە تەلەگرام بڵاویکردەوە، "کیێڤ لە ژێر هێرشی مووشەکی بالیستی و درۆندایە" و گوتی، دەنگی تەقینەوە لە سەرانسەری شارەکەدا دەبیسترێت.
میکۆلا کالاشنیک، پارێزگاری هەرێمی کیێڤ رایگەیاند، هێرشەکان زیانیان بە پێنج ناوچەی هەرێمەکە گەیاندووە و گوتی: "لە شەودا، دووژمن جارێکی دیکە هێرشێکی فراوانی بە بەکارهێنانی درۆن، مووشەکی بالیستی و کرووز کرد."
کالاشنیک ئاماژەی بەوەشکرد، تیمەکانی فریاگوزاری خەریکی کوژاندنەوەی ئاگرن لە کۆگا و خانووێک لە ناوچەی بوچا (Bucha)، هاوكات هێرشەکان زیانیان بە چەندین خانوو، بەشەناوخۆییەکی قوتابییان و ئۆتۆمبێلەکان گەیاندووە.
پێش رووداوەکە بە کاژێرێک، تەقینەوەیەک لە کیێڤ روویدا و دوای نزیکەی 50 خولەک، تەقینەوەی دووەم لە نزیک شوێنی یەکەم روویدا. کاتارینا کوچێریاڤا، پزیشکێکی تەمەن 32 ساڵە لە یەکێک وێستگەکانەوە و گوتی: "زۆر قورسە. منداڵەکەم راهاتووە لە بێدەنگی و تاریکیی تەواودا بخەوێت. ئێرە رووناکە، سەگەکان دەوەڕن و منداڵانی دیکەش لێرەن."
زیلینسکی رۆژی چوارشەممە رایگەیاندبوو، بەهۆی راپۆرتە هەواڵگرییەکانەوە بەپەلە لە دبلن گەڕاوەتەوە و رایگەیاند: "داوا لە گەلەکەمان دەکەم بە تایبەتی وریابن، پارێزگاری لە خۆیان، منداڵەکانیان و خێزانەکانیان بکەن؛ پەناگەکان بەکاربهێنن." سەرۆکی ئۆکراینا گوتیشی، ڤلادیمیر پووتین، سەرۆکی رووسیا "ماوەیەکە ئامادەکاری بۆ ئەم هێرشە فراوانە دەکات."
لەم دواییانەشدا ئۆکراینا هێرشی درۆنی دوورمەودای لە ناوخۆی رووسیا چڕتر کردووەتەوە بە ئامانجی لێدان لە کەرتی وزە و ژێرخانی سەربازی.
بەگوێرەی توێژینەوەیەک رۆژی چوارشەممە لەلایەن ناوەندی توێژینەوەی ستراتیژی و نێودەوڵەتی ئەمریکی (CSIS) بڵاوکرایەوە، جەنگی رووسیا لە ئۆکراینا بووەتە هۆی زیاتر لە دوو ملیۆن کوژراو و برینداری سەربازی لە هەردوولادا، زۆربەی زیانەکان بە هێزەکانی مۆسکۆ کەوتوون. تاوەکو ئێستا هەوڵەکانی ئەمریکا بۆ ناچارکردنی لایەنەکان بە راگرتنی شەڕ و پێکهاتن بێ ئەنجام بوون.
.jpg&w=3840&q=75)
.jpg&w=3840&q=75)
.jpg&w=3840&q=75)