رووداو دیجیتاڵ
تیمەکانی فریاگوزاری لە ڤەنزوێلا توانییان پیاوێکی تەمەن 43 ساڵ دوای هەشت رۆژ مانەوە لەژێر داروپەردووی باڵەخانەیەکی رووخاو بە زیندوویی دەربهێنن.
رۆژی پێنجشەممە، 2ی تەممووزی 2026، سەدان کارمەندی فریاگوزاری لە ناوچەی (کاتیا لا مار) لە ڤەنزوێلا، دوای ئۆپەراسیۆنێکی ئاڵۆز، هێرنان گیڵ-یان رزگار کرد کە پاسەوانێکی ئەمنی بوو و لە کاتی رووداوەکەدا لەنێو باڵەخانەیەکی حەوت نهۆمیدا گیری خواردبوو.
تیمەکانی فریاگوزاری لە حەوت وڵاتی جیاوازەوە، کە پێکهاتبوون لە ڤەنزوێلا، چیلی، ئەمریکا، پورتوگال، کۆستا ڕیکا، ئێلسالڤادۆر و مەکسیک، بۆ ماوەی سێ رۆژ بە بەردەوامی کاریان کرد تاوەکو گەیشتنە شوێنی هێرنان. لەو ماوەیەدا لەرێگەی بۆرییەوە زیاتر لە 10 لیتر ئاویان بۆ ناردووە و ئۆکسجینیان بۆ دابین کردووە تاوەکو بە زیندوویی بمێنێتەوە. کریستیان ڤێرا، سەرۆکی تیمی فریاگوزاریی چیلی، گوتی: "گەیشتن بەو شوێنەی پیاوەکەى لێبوو کارێکی ئاسان نەبوو."
خۆرخی رۆدریگز، سەرۆکی کۆمەڵەی نیشتمانیی ڤەنزوێلا رایگەیاند، ژمارەی گیانلەدەستدان بۆ 2,295 کەس بەرزبووەتەوە و زیاتر لە 11 هەزار کەسیش بریندارن. لە هەمان کاتدا ئاماژەی بەوە کرد، نزیکەی 13 هەزار کەس بێ ماڵ و حاڵ ماونەتەوە و لە شەقام و پارکەکاندا دەخەون، هەروەها چارەنووسی دەیان هەزار کەسی دیکەش نادیارە.
لە شاری (لا گوایرا)، کە زۆرترین زیانی بەرکەوتووە، زۆربەی باڵەخانە رووخاوەکان بە پیتی (D) نیشانە کراون، کە ئاماژەیە بۆ وشەی (Deceased) بە واتای بوونی تەرم و نەمانی هیوا بۆ دۆزینەوەی کەسی زیندوو. سێزار گۆنزالێز، کارمەندێکی فریاگوزاریی مەکسیکی گوتی: "تاوەکو دوو رۆژ لەمەوبەر هیوایەکی زۆر هەبوو، بەڵام ئێستا دۆزینەوەی کەسی زیندوو پێویستی بە پەرجووە."
دوو بوومەلەرزە بە گوڕی 7.2 و 7.5 پلە لە 24ی حوزەیرانی 2026 ڤەنزوێلایان هەژاند و بەپێی داتاکانی ناسا، نزیکەی 60 هەزار باڵەخانە زیانیان بەرکەوتووە یان بە تەواوی وێران بوون. ئەم کارەساتە لە کاتێکدایە، وڵاتەکە بەدەست قەیرانێکی ئابووریی درێژخایەنەوە دەناڵێنێت. پرۆگرامی خۆراکی جیهانی داوای 50 ملیۆن دۆلار دەکات بۆ دابینکردنی خۆراک بۆ نیو ملیۆن کەس، لە کاتێکدا مەترسیی بڵاوبوونەوەی نەخۆشی و کەمیی دەرمان و ئاو هەڕەشە لە رزگاربووان دەکات.
.jpg&w=3840&q=75)
.jpg&w=3840&q=75)

