رووداو دیجیتاڵ
فەرمانبەرانی کەرتی تەندروستی لە فەرەنسا هۆشداری دەدەن لەوەی نەخۆشخانەکانی وڵاتەکە ئامادە نین بۆ رووبەڕووبوونەوەی شەپۆلێکی دیکەی گەرما، ئەوەش دوای ئەوەی شەپۆلەکەی مانگی حوزەیران کەرتی تەندروستیی ئەو وڵاتەی تووشی قەیران کرد.
رۆژی پێنجشەممە، 2ـی تەممووزی 2026، سێلڤاین مێناجەر، نوێنەری سەندیکایەکی کرێکاران لە نەخۆشخانەیەکی شارۆچکەی شارتێرس لە باشووری رۆژئاوای پاریس گوتی: "ئێمە ئامادە نین." ئاماژەی بەوەش کرد، ئەو گەرما پێوانەیییەی لە کۆتایی مانگی حوزەیران فەرەنسای گرتەوە، ستافی نەخۆشخانە و نەخۆشەکانی گەیاندە لێواری بێئومێدی.
مێناجەر باسی لە دیمەنی ماندووبوونی پزیشک و پەرستاران کرد لە کاتی بەرزبوونەوەی پلەکانی گەرما بۆ سەرووی 35 پلەی سیلیزی و گوتی، هەندێک لە کارمەندان دەگریان، چونکە ناچار بوون بڕیار بدەن کام نەخۆش پانکە یان ئامێری فێنککەرەوەی پێ بدرێت، چونکە ژمارەی ئامێرەکان زۆر کەم بوون. تەنانەت لە بەشی منداڵان، منداڵەکان لەسەر زەوی دەخەوتن بۆ ئەوەی هەوایەکی کەمێک فێنکتریان بەرکەوێت.
لە فەرەنسا زۆر کەم لە ماڵ، قوتابخانە و نەخۆشخانەکان سیستەمی ساردکەرەوەیان تێدایە. حکوومەت بڕی 100 ملیۆن یۆرۆی بۆ کڕینی ئامێری فێنککەرەوە تەرخان کردووە، بەڵام بەهۆی کەمیی کاڵا لە بازاڕەکاندا، دەبێت زۆربەیان لە ئاسیاوە هاوردە بکرێن.
مارین تۆندێلییەر، سەرۆکی پارتی سەوزەکانی فەرەنسا رایگەیاند، کارمەندانی تەندروستی لە بارودۆخێکی "خراپدا" کار دەکەن. پارتی سەوزەکان رۆژی پێنجشەممە داوای متمانە وەرگرتنەوەیان لە حکوومەت کرد بەهۆی "کەمتەرخەمی" لە ئامادەکارییەکان بۆ گەرما، کە لە مانگی حوزەیراندا بووە هۆی گیانلەدەستدانی لانی کەم 1000 کەس.
تیێری ئەمورو، گوتەبێژی سەندیکای نیشتمانیی پەرستاران، نیگەرانیی خۆی بۆ نەخۆشەکان دەربڕی و گوتی، دابینکردنی چەند ئامێرێکی گوازراوە چارەسەری کێشەکە ناکات، چونکە فەرەنسا زیاتر لە 3,900 نەخۆشخانە و 7,500 خانەی بەساڵاچووانی هەیە.
ئەمە لە کاتێکدایە کە کەشناسیی فەرەنسا پێشبینی دەکات هەفتەی داهاتوو شەپۆلێکی دیکەی گەرما وڵاتەکە بگرێتەوە، هەرچەندە پێشبینی ناکرێت وەک شەپۆلەکەی مانگی حوزەیران تووند بێت.

.jpg&w=3840&q=75)

.jpg&w=3840&q=75)