رووداو دیجیتاڵ بەرپرسانی ئەمریکا پێیانوابووە ئیسرائیل پلانی داڕشتووە بۆ تیرۆرکردنی دانوستاندنکارە باڵاکانی ئێران لە کاتی بەڕێوەچوونی گفتوگۆ هەستیارەکانی ئاگربەست لە بەهاری ئەم ساڵدا؛ واشنتنیش لە رێگەی وڵاتانی ناوچەکەوە هۆشداریی دابووە تاران. رۆژنامەی (نیویۆرک تایمز)ی ئەمریکی لە راپۆرتێکدا لە زاری چەند بەرپرسێکی ئێستا و پێشووی وڵاتەکەیەوە ئاشکرای کردووە، واشنتن نیگەران بووە لەوەی ئیسرائیل هەریەک لە عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوە و محەممەدباقر قالیباف، سەرۆکی پەرلەمانی ئێران بکاتە ئامانج، بەتایبەتی کاتێک لە مانگی نیساندا دانوستاندنەکان چڕتر ببوونەوە. بە گوێرەی راپۆرتەکە، ئیدارەی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا بە رادەیەک نیگەران بووە، کە داوای لە وڵاتانی ناوچەکە کردووە تاران ئاگادار بکەنەوە لە ئەگەری هەوڵێکی لەو شێوەیەی ئیسرائیل. بەرپرسانی ئەمریکا پێیانوابووە هەر هەوڵێکی تیرۆرکردن لە دوای دەستپێکردنی دانوستاندنەکان، دەبووە هۆی کۆتاییهاتنی گفتوگۆکانی ئاشتی و هەڵگیرسانەوەی جەنگ بە شێوەیەکی فراوانتر. راپۆرتەکە ئاماژەی بەوە کردووە، واشنتن زانیویەتی لانیکەم ناوی محەممەدباقر قالیباف لەنێو "لیستی ئامانجەکان"ی ئیسرائیلدا بووە، هەر بۆیە گوشاریان خستووەتە سەر تەلئەڤیڤ تاوەکو ئەو کارە نەکات. هەروەها باس لە رووداوێکی مانگی نیسان کراوە، کاتێک قالیباف لە ئیسلامئابادی پایتەختی پاکستانەوە دەگەڕایەوە، فڕۆکەکەی ناچار بووە ئاراستەکەی بەرەو شاری مەشهەد بگۆڕێت، ئەمەش دوای ئەوەی هێزە ئەمنییەکانی ئێران تێبینی دوو فڕۆکەی جەنگیی ئیسرائیلیان کردووە کە چوونەتە ناو خاکی وڵاتەکەیانەوە. نیویۆرک تایمز لە زاری بەرپرسانی ئێرانییەوە دەڵێت، تاران لە رێگەی نێوەندگیرە پاکستانی و قەتەرییەکانەوە، داوای گەرەنتی لە ئەمریکا کردووە کە ئیسرائیل تیمە دانوستاندنکارەکەیان لە کاتی گفتوگۆکاندا نەکاتە ئامانج. باڵیۆزخانەی ئیسرائیل لە واشنتن ئامادە نەبووە هیچ لێدوانێک لەسەر ئەم بابەتە بدات. بەرپرسێکی ئەمریکیش بە رۆژنامەکەی راگەیاندووە، گفتوگۆکانی نێوان شاندەکانی ئەمریکا و ئێران بەردەوامن و دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا دەیەوێت پرۆسەی ئاشتی "بگاتە ئەنجام."