رووداو دیجیتاڵ
لە ویلایەتی ئاچێی ئیندۆنیزیا، کچ و کوڕێکی گەنج بەهۆی ماچکردنی یەکدی لە لایڤی تیکتۆکدا، لەبەردەم خەڵکدا جەڵدەیان لێدرا؛ ئەمەش دوای ئەوەی گرتە ڤیدیۆکەیان لە سۆشیاڵ میدیا بووەتە جێی ناڕەزایەتی.
رۆژی پێنجشەممە کچ و کوڕێکی گەنج، کوڕەکە 22 ساڵ و کچەکە 25 ساڵ، هەر یەکەیان 21 قامچیان لێدرا. ئەمەش دوای ئەوەی دادگای شەریعەت لە ویلایەتی ئاچێ کە ناوچەیەکی پارێزگارە، ئەو دوو گەنجەی بە پێشێلکردنی یاساکانی "رەوشتی گشتی" تۆمەتبار کردبوو.
ئەو دوو گەنجە لە مانگی ئاداری رابردووەوە دەستگیرکرابوون و چوار مانگیان لە زیندان بەسەر بردبوو، هەر بۆیە دادگا سزاکەی لە 25 قامچییەوە بۆ 21 قامچی کەمکردەوە.
بەگوێرەی لێدوانی بەرپرسانی ناوچەکە، رووداوەکە کاتێک بووە کە کچ و کوڕەکە لە نێو ئۆتۆمبێلێکدا لە لایڤی تیکتۆک یەکدیان ماچ کردووە.
محەممەد ریزا، بەڕێوەبەری پۆلیسی شەریعەت رایگەیاند: "دوای ئەوەی ڤیدیۆکە لە تیکتۆک بڵاوبووەوە، خەڵکی ناوچەکە و بەکارهێنەرانی سۆشیاڵمیدیا سکاڵایان کردووە و داوای سزادانیان کردوون."
ئەینی نەزیرە، کچێکی تەمەن 22 ساڵی دانیشتووی شاری باندا ئاچێ کە ئامادەی مەراسمی جەڵدەلێدانە بووە رایگەیاندووە: "بە بڕوای من ئەم سزایە تەواو رەوایە، چونکە دەبێتە هۆشدارییەک بۆ خەڵکی دیکە تاوەکو لە کاتی بەکارهێنانی سۆشیاڵ میدیادا زیاتر وریای رەفتارەکانیان بن."
ویلایەتی ئاچێ تەنیا ناوچەی ئیندۆنیزیایە کە زۆرینەی دانیشتووانەکەی موسڵمانن و شەریعەتی ئیسلامی تێدا جێبەجێ دەکرێت. ئەم مافە لە ساڵی 2005دا وەک بەشێک لە رێککەوتنی ئاشتی بۆ کۆتاییهێنان بە یاخیبوونی جوداخوازەکان بەو ویلایەتە درا.
لەو ویلایەتەدا بۆ چەندین تاوان سزای جەڵد جێبەجێ دەکرێت، لەوانە: قومارکردن، خواردنەوەی کحول، زیناکردن.
رێکخراوە نێودەوڵەتییەکانی مافی مرۆڤ، لەوانەش رێکخراوی لێبووردنی نێودەوڵەتی بەردەوام سەرکۆنەی سزای جەڵدە دەکەن و بە سزایەکی "دڕندانە و سوکایەتیکردن بە کەرامەتی مرۆڤ" ناوی دەبەن، بەڵام دەسەڵاتدارانی ئاچێ جەخت لەسەر بەردەوامیی جێبەجێکردنی یاساکە دەکەنەوە.
.png&w=3840&q=75)



.jpg&w=3840&q=75)