رووداو دیجیتاڵ گالیسکەی پێرسێڤێرانس (Perseverance)ـی سەر بە ئاژانسی ئاسمانیی ناسا، جۆرێک لە گەردیلەی کاربۆنی لەنێو بەردەکانی سەر هەسارەی مەریخ دۆزیوەتەوە. ئەمەش بووەتە جێگەی سەرنجی زاناکان، چونکە ئەم گەردیلانە رەنگە نیشانە بن بۆ ئەوەی لە سەردەمانی کۆندا لەسەر ئەم هەسارەیە لە شێوەی زیندەوەری زۆر بچووک و میکرۆبدا ژیان هەبووبێت. رۆبۆتەکە ئەم کاربۆنەی لەنێو جۆرە بەردێکی قوڕیندا دۆزیوەتەوە، لە کاتێکدا بەنێو رووبارێکی وشکبووەوەدا دەڕۆیشت کە ملیاران ساڵ لەمەوبەر ئاوی تێدا بووە و رژاوەتە نێو چاڵێکی گەورەوە بە ناوی یەزێرۆ (Jezero). ئەم دۆزینەوەیە واتای چییە؟ ئەو جۆرە کاربۆنەی دۆزراوەتەوە پێی دەگوترێت "کاربۆنی گەورە گەردیلە"، کە زۆرجار لە پاشماوەی زیندەوەرانەوە دروست دەبێت. بەڵام زاناکان دەڵێن هێشتا ناتوانن 100% دڵنیابن کە ئەمە بەڵگەی هەبوونی ژیانە، چونکە هەندێک جار کارلێکی سروشتیی نێوان ئاو و بەردیش دەتوانێت هەمان جۆری کاربۆن دروست بکات، یانیش رەنگە لە رێگەی کەوتنەخوارەوەی نەیزەکەکانەوە هاتبێتە سەر مەریخ. ساڵی 2024 ئەم بەردانە هەرایەکی گەورەیان نایەوە، کاتێک رۆبۆتەکە چەند پەڵەیەکی سەیر و سەرنجڕاکێشی لەسەریان دۆزییەوە کە زۆر لە پاشماوەی بەردبووی میکرۆبەکانی سەر زەوی دەچوون. ئەو کاتە شۆن دەفی، سەرۆکی پێشووی ناسا گوتی: "رەنگە ئەمە روونترین نیشانەی ژیان بێت کە تاوەکو ئێستا لەسەر مەریخ دۆزیبێتمانەوە." رۆبۆتەکە ئامێرێکی لێزەری هەیە، تیشکی لێزەرەکەی خستە سەر بەردەکان و لە رێگەی ئەو تیشکەی کە لە بەردەکانەوە دەدایەوە، توانی بیسەلمێنێت کە کاربۆن لەسەر رووی بەردەکان هەیە. گرنگیی ئەم دۆزینەوەیە ئەمە یەکەمجار نییە ناسا کاربۆن لەسەر مەریخ بدۆزێتەوە. پێشتر رۆبۆتێکی دیکەش بە ناوی کیوریاسیتی – (Curiosity) لە ناوچەیەکی دیکە کە هەزاران کیلۆمەتر لێیەوە دوورە، شتی لەو شێوەیەی دۆزیبووەوە. زاناکان دەڵێن، ئەمە دەریدەخات کە رەنگە ملیاران ساڵ لەمەوبەر، بارودۆخی ژیان و ماددە ئەندامییەکان لە زۆر شوێنی سەر مەریخ هەبووبن. پرۆفیسۆر جۆن بریجز لە زانکۆی لێستەر دەڵێت: "ئێستا دەزانین کە لە رابردوودا مەریخ شوێنێکی گونجاو بووە بۆ ژیان. نەک تەنیا شێوەی بەردەکان ئەمەمان پێدەڵێن، بەڵکو ئەو ماددە کاربۆنییانەش کە دۆزراونەتەوە، هەمان ئەو ماددانەن کە بۆ دروستبوونی ژیان پێویستن." کەی راستییەکان دەردەکەون؟ کێشەکە ئەوەیە رۆبۆتەکانی ناسا ئەوەندە پێشکەوتوو نین بتوانن لەسەر مەریخ بەتەواوی بیسەلمێنن کە ئایا ئەم کاربۆنە هی زیندەوەرانە یان بە شێوەیەکی سروشتی دروستبووە. بۆ ئەوەی دڵنیابن، دەبێت ئەو بەردانە بهێندرێنەوە بۆ سەر زەوی و لە تاقیگە پێشکەوتووەکاندا لێکۆڵینەوەیان لەسەر بکرێت. بڕیار بوو ناسا ئەم بەردانە بهێنێتەوە، بەڵام سەرەتای ئەمساڵ پلانەکەی هەڵوەشاندەوە و ئێستا کار لەسەر پلانێکی نوێ دەکات بۆ ئەوەی لە ساڵانی 2030ـیەکاندا ئەو کارە بکات. هاوکات، چینیش دەیەوێت لە ساڵی 2031 نموونەی بەردی مەریخ بهێنێتەوە سەر زەوی.