رووداو دیجیتاڵ
هاوپەیمانانی ناتۆ رۆژی سێشەممە 07-07-2026 لە لووتکەی ئەنقەرەی پایتەختی تورکیا، رێژەی بەرزبوونەوەی خەرجییە بەرگرییەکانیان دەخەنەڕوو، وەک هیوایەک بۆ هێورکردنەوەی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا دوای تووڕەبوونی لە وەڵامدانەوەی ئەورووپا بۆ جەنگی ئێران.
ئەم کۆبوونەوە دوو رۆژەیە لە کۆشکی سەرۆکایەتیی گەورەی تورکیا تەنیا ساڵێک دوای بەڵێنی ئەندامانی ناتۆ دێت بۆ بەرزکردنەوەی خەرجییەکانی بەرگری بۆ 5٪ـی کۆی بەرهەمی ناوخۆیی (GDP) لە ژێر گوشارەکانی سەرۆکی ئەمریکادا.
مارک رووتە، سکرتێری گشتیی ناتۆ دووپاتی کردووەتەوە، وڵاتانی ئەورووپی بەڵێنەکانیان جێبەجێ دەکەن و بودجە سەربازییەکانیان بەهێزتر دەکەن. رووتە پێش دەستپێکردنی لووتکەکە رایگەیاند: "تەنیا ساڵێک دوای ئەوە، پێشکەوتنێکی بنەڕەتی دەبینین."
دۆناڵد ترەمپ درەنگی رۆژی دووشەممە واشنتنی بەرەو ئەنقەرە جێهێشت. مارکۆ روبیۆ، وەزیری دەرەوە و پیت هێگسەس، وەزیری جەنگ یاوەریی دەکەن.
لە پێشوازیی ترەمپدا، ناتۆ دەیەوێت لە کۆڕبەندێکی پیشەسازیدا پێش دەستپێکردنی لووتکەکە چەندین رێککەوتنی نوێی چەک بە بەهای دەیان ملیار دۆلار رابگەیەنێت.
وەک نموونەیەک، کەنەدا رۆژی دووشەممە رایگەیاند، کۆمپانیای ئەڵمانیی (Thyssenkrupp Marine Systems)ـی هەڵبژاردووە بۆ بنیاتنانی کەشتیگەلی نوێی ژێردەریاییەکانی کە بەهای چەندین ملیار دۆلارە.
ترەمپ کە هێشتا بەهۆی رێگرییەکانی ئەورووپا لە بەکارهێنانی بنکە سەربازییەکانیان بۆ هێرشکردنە سەر ئێران تووڕەیە، لەم دواییانەدا لە ترووس سۆشیاڵ نووسی: "کارێکی بێمانایە بۆ ئەمریکا بەردەوام بێت لەسەر ئەم رێڕۆ تاکلایەنەیە. ئەوان لەگەڵمان نەبوون."
دیپلۆماتەکان پشت بە پەیوەندییە باشەکانی ترەمپ لەگەڵ رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا و لێهاتوویی مارک رووتە دەبەستن بۆ قایلکردنی ترەمپ؛ بەڵام ترەمپ لەگەڵ سەرکردەکانی دیکەش تووشی کێشە بووە، وەک جۆرجیا مێلۆنی، سەرۆکوەزیرانی ئیتاڵیا.
فەرەنسا و بەریتانیا هێزە دەریاییەکانیان لە تەنگەی هورمز جێگیرکردووە بۆ هاوکاریکردنی هێڵەکان، بەڵام دەیانەوێت پێش ناردنی کەشتییەکانیان بەرچاوڕوونیی تەواویان لەسەر رێککەوتنە سەرەتاییەکەی ئەمریکا لەگەڵ ئێراندا هەبێت.
رووتە دۆخە نوێیەکەی ناتۆی بە "ناتۆ 3.0" وەسفکرد کە تێیدا ئەورووپایەکی بەهێزتر لە ناتۆیەکی بەهێزتردا بوونی دەبێت.
لەلایەکی دیکەشەوە، وڵاتانی ئەورووپی بە تەواوی هاوکارییەکانی ئۆکراینایان گرتووەتە ئەستۆ دوای پاشەکشەی ئەمریکا.
ڤۆلۆدیمیر زیلینسکی، سەرۆکی ئۆکراینا کە رۆژی سێشەممە بەشداری لە خوانی سەرکردەکان دەکات، بەڵێنی پاڵپشتیکەرە ئەورووپییەکانی بەدەستدەهێنێت بۆ بەردەوامبوونی رەوانەکردنی لانیکەم 70 ملیار یۆرۆ (80 ملیار دۆلار) هاوکاریی سەربازیی ساڵانە بۆ کیێڤ بۆ 2026 و 2027.
بڕیارە زیلینسکی لەگەڵ ترەمپ کۆبێتەوە، داوای بڕیاری ناتۆی کرد بۆ پاراستنی ئاسمانی وڵاتەکەی دوای هێرشەکانی رووسیا کە بووە هۆی کوژرانی دەیان هاووڵاتی.
زیلینسکی دەیەوێت ترەمپ، کە پێش لووتکەکە بە تەلەفۆن قسەی لەگەڵ ڤلادیمیر پووتین، سەرۆکی رووسیا کردبوو، رازی بکات کە ئۆکراینا ئاراستەی جەنگەکەی گۆڕیوە و پێویستە مۆسکۆ ناچار بکرێت بگەڕێتەوە سەر مێزی گفتوگۆی ئاشتی.



