رووداو دیجیتاڵ
ئەمینداری گشتیی ناتۆ لە کۆڕبەندی پیشەسازیی بەرگریی هاوپەیمانێتییەکە لە ئەنقەرە رایگەیاند، وڵاتانی ئەندام لە ناتۆ بۆ بەرزکردنەوەی توانای گواستنەوەی ئاسمانیی خۆیان، 12 فڕۆکەی جۆری ئەی400 ئێم لە کۆمپانیای ئایرباس دەکڕن.
مارک رووتە، لە چوارچێوەی 36ەمین لووتکەی سەرۆک و حکومەتەکانی ئەندامی ناتۆ لە ئەنقەرە، لە کۆڕبەندی پیشەسازیی بەرگری دا گوتارێکی پێشکێش کرد و رایگەیاند: "هاوپەیمانانی ناتۆ بۆ زیادکردنی توانای ئاسمانی، 12 فڕۆکەی ئەی400 ئێم لە کۆمپانیای ئایرباس دەکڕن."
رووتە ئاماژەی بەوەش کرد، ئەم سەکۆیە کەرتی پیشەسازی و ناتۆ کۆدەکاتەوە و دەرفەتێکە بۆ پیشاندانی داهێنانەکانی وڵاتانی ئەندام لە هاوپەیمانییەتییەکە.
ئەمینداری گشتیی ناتۆ وەک وەبیرهیێنانەوەیەک ئاماژەی بەوەش کرد، هاوپەیمانان ساڵێک لەمەوبەر لە لووتکەی لاهای بەڵێنیاندا بوو کە وەبەرهێنانی زیاتر لە کەرتی بەرگریدا بکەن، بەشێوەیەک تاوەکو ساڵی 2035 خەرجییە سەربازییەکان بگەیێننە 5%ی کۆی بەرهەمی ناوخۆیی.
بریار وایە لەکۆتایی کۆڕبەندی پیشەسازیی بەرگریدا لە ئەنقەرە چەندین رێککەوتنی گەورە بە بەهای ملیاران دۆلار لە نێوان هەردوو دیوی ئەتڵەسیدا واژۆ بکرێن.
مارک رووتە یەکەم پڕۆژەی هاوبەشی ئاشکرا کرد کە کڕینی 10ەمین فڕۆکەی ئایرباس ئەی 330 لەخۆدەگرێت بۆ تانکەری سووتەمەنی و گواستنەوەی خێرا، بەمەش هێزە ئاسمانییە نێودەوڵەتییەکەی ناتۆ دەبێتە خاوەن 12 فڕۆکەی لەو جۆرە.
فرۆکەی ئایرباس ئەی400ئێم توانای هەڵگرتنی 37 تۆنی هەیە. دریژییەکەی 45.1 مەتر و بەرزییەکەی 14.7 مەترە. درێژی باڵەکانی 4.2 مەترە. جگە لە کەلوپەلوی سەربازی، توانای هەڵگرتنی هەلیکۆپتەر و زرێپۆش و هەروەها 116 سەربازی هەیە. خێراییەکەی دەگاتە 780 کیلەمتر لە کاژێرێک و توانای بەرزببوونوەی تا 12 هەزار و 200 مەتری هەیە.



