رووداو دیجیتاڵ
سەرۆکی ئەمریکا رایگەیاند، ئێران داوای رێککەوتن دەکات، بەڵام ئەگەر ئەوەیان دەوێت دەبێت هێرشەکانیان رابگرن؛ دەشڵێت سەرۆکەکانی سووریا و ئۆکراینا کەسانی مەزنن.
رۆژی پێنجشەممە، 9ی تەممووزی 2026، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا لە کاتی گەڕانەوەی لە بەریتانیاوە بۆ وڵاتەکەی لەنێو فڕۆکەدا بە رۆژنامەڤانانی راگەیاند، ئەگەر ئێران رێککەوتنی دەوێت پێویستە هێرشەکانی رابگرێت. ئەمە دوای ئەوەی بە گوێرەی سێنتکۆم، شەوی رابردوو لە تۆڵەی هێرشەکانی ئێران بۆ سەر کەشتییەکان لە تەنگەی هورمزدا هێرشیان کردە سەر 90 ئامانج لەو وڵاتە.
لە تۆڵەی هێرشەکانی ئەمریکاشدا سوپای پاسداران بڵاویکردەوە، هێرشیان کردە سەر هێزەکانی ئەمریکا لە بەحرێن و کوێت و زیانی زۆریان پێگەیاندوون.
هێرشەکانی رۆژانی سێشەممە و چوارشەممەی ئەمریکا بۆ سەر ئێران، دوای ئەوە هات، کە رۆژی سێشەممە، سوپای پاسداران هێرشی کردە سەر سێ کەشتی لە تەنگەی هورمزدا. بە گوێرەی سوپای پاسداران، هێرشەکە دوای ئەوە هات کە ئەو کەشتیانە دەیانویست بە رێڕەوێکدا تەنگەکە جێبهێڵن، کە ئەوان مۆڵەتیان پێنەداوە.
لە بەشێکی دیکەی گوتەکانیدا سەرۆکی ئەمریکا ئاماژەی بەوەش کرد، ئێستا وڵاتانی ئەورووپا دەیانەوێت لە جەنگی ئێراندا هاوکاریان بکەن، بەڵام پێویستیان پێی نییە؛ گوتیشی، ئامانجیان لەو جەنگەدا رێگری بووە لە ئێران ببێتە خاوەن چەکی ئەتۆمی.
سەبارەت بە سووریا و ئۆکرایناش سەرۆکی ئەمریکا گوتی، ئەحمەد شەرع، سەرۆکی سووریا و ڤۆلۆدیمیر زیلینسکی، سەرۆکی ئۆکراینا دوو کەسی مەزنن و کاری زۆر باش دەکەن.
بە گوێرەی گوتەکانی سەرۆکی ئەمریکا، لووتکەی ناتۆ لە تورکیا کە رۆژانی 7 و 8ی تەممووز بەڕێوەچوو دوایین بەشداری نابێت لە لووتکەکانی هاوپەیمانییەکە. ترەمپ دەشڵێت، کێشەی لەگەڵ ئیسپانیادا هەیە بەڵام ئەگەر ئەوان رێککەوتنیان دەوێت پێویستە پاندییە داراییەکانیان بۆ بەرگریی لە هاوپەیمانییەکە زیاتر بکەن.
ترەمپ گوشار لە وڵاتانی ئەندام لە ناتۆ دەکات لانیکەم 5٪ی کۆی بەرهەمی ناوخۆی وڵاتەکانیان بۆ بەرگریی تەرخان بکەن، بەڵام تاوەکو ئێستا هیچیان نەگەیشتوونەتە ئەو ریژەیە و بە تێکڕا کەمتر لە 3٪یان بۆ ئەو مەبەستە تەرخانکردووە.
بە گوێرەی ناتۆ، پار وڵاتانی هاوپەیمانییەکە 1.5 تریلیۆن دۆلاریان لە بەرگرییدا خەرجکرد، کە 980 ملیاری لەلایەن ئەمریکاوە بوو، کە دەکاتە زیاتر لە 60٪ی کۆی خەرجییەکان.



