رووداو دیجیتاڵ
پەرلەمانی ئەورووپا بڕیارێکی لەبارەی دەستێوەردانی سەربازیی تورکیا لە ساڵی 1974 لە قوبرس پەسند کرد، کە تێیدا تورکیا وەک هێزێکی "داگیرکەر" ناوبرابوو؛ ئەمەش کاردانەوەی تووندی بەرپرسانی تورکیای لێکەوتەوە.
پەرلەمانی ئەورووپا لە 8ـی تەممووزی 2026، راپۆرتێکی ئەندامی پەرلەمانی یۆنانی، ئەلیۆنۆرا مێلێتی بە ناونیشانی "کاریگەرییەکانی دەستێوەردانی 1974 لەسەر ژنان و کچانی قوبرس" بە 575 دەنگی بەڵێ، 33 دەنگی نەخێر و 43 دەنگی بێلایەن پەسند کرد.
لە دەقەکەدا هاتووە کە بوونی سەربازیی تورکیا لە دوورگەکە پێشێلکردنی یاسا نێودەوڵەتییەکانە، پاشخانی مێژوویی رووداوەکە فەرامۆش کراوە و تۆمەت ئاراستەی هێزە چەکدارەکانی تورکیا کراوە.
جەودەت یڵماز، یاریدەدەری سەرۆککۆماری تورکیا، لەبارەی ئەم بڕیارەوە رایگەیاند: "بە هیچ شێوەیەک ئەم بڕیارە ناناسین و وەک بڕیارێکی نەبوو دەیبینین."
هەروەها وەزارەتی دەرەوەی تورکیا لە بەیاننامەیەکدا بە فەرمی ئەو بڕیارەی رەتکردەوە و رایگەیاند، بڕیارەکە لەژێر کاریگەریی لایەنگرانەی یۆنانییەکان دراوە و دامەزراوەکانی یەکێتیی ئەورووپا لە بێلایەنی دوورکەوتوونەتەوە.
عومەر چەلیک، گوتەبێژی پارتی داد و گەشەپێدان (ئاکپارتی)ـیش، بڕیارەکەی پەرلەمانی ئەورووپای بە بوختان و تۆمەت هەڵبەستن دژ بە سوپای وڵاتەکەی وەسف کرد.
کێشەی قوبرس دەگەڕێتەوە بۆ کاتێک کە لە تەممووزی 1974ـدا کودەتایەکی سەربازی لەلایەن نەتەوەپەرستە یۆنانییەکانەوە بە مەبەستی لکاندنی قوبرس بە یۆنان کرا.
تورکیا لەسەر بنەمای رێککەوتننامەی گەرەنتی (1960)، لە 20ـی تەممووزی 1974 هێزەکانی ناردە باکووری دوورگەکە بۆ پاراستنی کەمینەی تورک لەو ناوچەیەدا هێزی سەربازیی رەوانەی قوبرس کرد. ئەم مافە لە چوارچێوەی رێککەوتننامەکانی زوریخ و لەندەندا بە فەرمی ناسێندرا، کە تێیدا دەسەڵاتی دەستێوەردانەکە لە ماددەی 4ـی رێککەوتننامەکەوە وەرگیرا.
لەو کاتەوە دوورگەکە بە کرداری بۆ دوو بەش دابەش بووە؛ بەشی باشوور (قوبرسی یۆنانی) کە لە ئاستی نێودەوڵەتیدا دەناسرێت و بەشی باکوور (کۆماری قوبرسی باکوور) کە تەنیا لەلایەن ئەنقەرەوە دانی پێدانراوە.

.jpg&w=3840&q=75)

