رووداو دیجیتاڵ
میدیاکانی ئەمریکا ئاشکرایان کردووە کە هەواڵگریی ئیسرائیل زانیاریی هەستیاری داوەتە واشنتن دەربارەی پلانێکی "نوێ و تایبەت"ی ئێران بۆ تیرۆرکردنی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا. ئەمەش وایکردووە دەزگای پاراستنی سەرۆکی ئەمریکا رێکاری تووندی ئەمنی بگرێتەبەر.
بەپێی راپۆرتە میدیاییەکان، ئیسرائیل لەم هەفتەیەدا زانیاریی هەواڵگریی "تایبەت"ـی داوەتە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا سەبارەت بە پلانێکی تاران بۆ کوشتنی دۆناڵد ترەمپ.
تۆڕی هەواڵی سی ئێن ئێن لە زاری چەند سەرچاوەیەکی ئاگادارەوە بڵاویکردەوە، هەرچەندە واشنتن بەردەوام چاودێریی هەڕەشەکانی ئێرانی کردووە، بەڵام ئاگادارکردنەوەکەی ئەمجارەی ئیسرائیل "نوێ بووە و پەیوەندی بە پلانێکی دیاریکراوەوە هەبووە." هاوکات رۆژنامەی وۆڵ ستریت جۆرناڵیش ئاماژەی بەوە کردووە کە زانیارییەکان باس لە پلانێکی "تازە" دەکەن.
کۆشکی سپی تاوەکو ئێستا بە فەرمی لێدوانی لەسەر ئەم راپۆرتانە نەداوە، بەڵام دۆناڵد ترەمپ لە کاتی گەڕانەوەی لە لووتکەی ناتۆ، لە نێو فڕۆکەی "ئێرفۆرس وەن" بە رۆژنامەنووسانی گوت: "ئەوان دەیانەوێت سەرۆکی ئەمریکا بکوژن، کە منم. من لە نێو هەر لیستێکی ئەوان دام. ئەم بەیانییە بینیم کە ناوم لە نێو هەموو لیستەکانیاندایە."
گۆڕینی فڕۆکەکەی ترەمپ؛ رێکارێکی ئەمنی بوو؟
بڵاوبوونەوەی ئەم زانیارییە هەواڵگرییانە، پەردەی لەسەر نهێنیی گۆڕینی فڕۆکەکەی ترەمپ لادەبات لە کاتی گەڕانەوەی لە لووتکەی ناتۆ. ترەمپ لە کاتی رۆشتنیدا فڕۆکە نوێیەکەی بەکارھێنا کە قەتەر پێشکەشی کردبوو، بەڵام لە کاتی گەڕانەوەیدا فڕۆکە نوێیەکەی رەوانەی بەریتانیا کرد و خۆی بە فڕۆکە کۆنەکەی "ئێرفۆرس وەن" گەڕایەوە واشنتن.
رۆژنامەی "نیویۆرک تایمز" بڵاویکردەوە، ئەم گۆڕانکارییە لەسەر داوای دەزگای پاراستنی سەرۆک بووە وەک "رێکارێکی خۆپارێزیی ئەمنی"، چونکە گومان دەکرێت فڕۆکە نوێیەکە سیستمی بەرگریی پێویستی وەک فڕۆکە کۆنەکەی تێدا نەبێت، بەتایبەتی لە کاتێکدا کە لووتکەکە لە تورکیا بووە و ئەمریکاش شەپۆلێکی نوێی هێرشی بۆ سەر ئێران دەستپێکردبوو.
هەڕەشەکانی ئێران بۆ سەر ترەمپ لە چییەوە سەرچاوە دەگرن؟
تۆڵەی سولەیمانی: تاران دۆناڵد ترەمپ بە بەرپرسی یەکەمی کوشتنی قاسم سولەیمانی، فەرماندەی پێشووی سوپای قودس دەزانێت و چەندین جار رایگەیاندووە کە "تۆڵەی سەخت"یان لە پێشە.
ئۆپەراسیۆنی نەڕەی شێر: ئەم هەڕەشە نوێیانە هاوکاتن لەگەڵ ئۆپەراسیۆنی سەربازیی ئەمریکا دژی ئێران، کە گرژییەکانی گەیاندووەتە لووتکە.
هەوڵەکانی پێشوو: دەزگا ئەمنییەکانی ئەمریکا پێشتر چەندین کەسیان دەستگیرکردووە کە گوایە لەلایەن ئێرانەوە بۆ پلاندانان بۆ کوشتنی بەرپرسانی وەک ترەمپ و جۆن بۆڵتن راسپێردراون.



