رووداو دیجیتاڵ لە ئەنجامی هێرشێکی درۆنیی ئۆکراینا بۆ سەر مۆسکۆ، سێ کەس کوژران و پێنجی دیکەش بریندار بوون. هێرشەکە بووە هۆی پەککەوتنی گەشتە ئاسمانییەکان و ئاگرکەوتنەوە لە چەند ژێرخانێکی وزەی رووسیا. ئاندرێی ڤۆرۆبیۆڤ، پارێزگاری مۆسکۆ، رۆژی دووشەممە، 13ـی تەممووزی 2026، لە تەلەگرام رایگەیاند، درۆنەکان ناوچەی (پیۆنێرسکی)یان لە (ئیسترا) کردووەتە ئامانج و لە ئەنجامی کەوتنەخوارەوەی درۆنێک، سێ کەس کوژراون و سێی دیکەش بریندار بوون. ڤۆرۆبیۆڤ ئاماژەی بەوەش کرد، لە بەشێکی دیکەی هەرێمەکەدا دوو کەسی دیکەش لە ئەنجامی هەمان شەپۆلی هێرشەکانەوە بریندار بوون. هاوکات سێرگی سۆبیانین، سەرۆکی شارەوانیی مۆسکۆ رایگەیاند، ئەم هێرشە درۆنییە یەکێکە لە گەورەترین هێرشەکانی کیێڤ بۆ سەر مۆسکۆ. بەگوێرەی زانیارییەکانی ئەو، نزیکەی 300 درۆنی ئۆکراینی ناوچەکەیان کردووەتە ئامانج؛ سیستمی بەرگریی ئاسمانیی رووسیا توانیویەتی 56 درۆنیان لەکاتی نزیکبوونەوەیان لە مۆسکۆ تێکبشکێنێت. دەسەڵاتدارانی فڕۆکەوانیی رووسیا بەهۆی مەترسییە ئەمنییەکانەوە، گەشتەکانیان لە سێ فڕۆکەخانەی سەرەکیی مۆسکۆ کە بریتین لە (شێریمێتیێڤۆ)، (دۆمۆدێدۆڤۆ) و (ڤنۆکۆڤۆ) بۆ چەند کاژێرێک راگرت. هاوکات، هێرشەکان بوونە هۆی کەوتنەوەی ئاگر لە پاڵاوگەی نەوتی (ریازانی). لە کۆتایی مانگی حوزەیران، ڤۆلۆدیمیر زێلێنسکی، سەرۆکی ئۆکراینا رایگەیاند، ئەم هێرشانە بەشێکن لە "ئۆپەراسیۆنی 40 رۆژەی کاریگەر" کە ئامانج لێی ناچارکردنی ڤلادیمیر پووتینە بۆ دانوستاندن. زێلێنسکی ئەم ئۆپەراسیۆنانە بە "سزاکانی ئۆکراینا" وەسف دەکات، کە تێیدا پەکخستنی 40٪ـی توانای پاڵاوتنی نەوتی رووسیا و دروستکردنی قەیرانی سووتەمەنی، هەوڵێکە تاوەکو کرێملین بە مەرجەکانی کیێڤ بێتە سەر مێزی گفتوگۆ نەک بە مەرجی خۆبەدەستەوەدان. جەنگی رووسیا و ئۆکراینا چوار ساڵ و نیوە بەردەوامە و سەرەڕای هەوڵەکانی نێوەندگیریی ئەمریکا بۆ کۆتاییهێنان بە جەنگەکە، هیچ ئاسۆیەک بۆ رێککەوتن نییە. هەرچەندە رێککەوتنی بچووک لەسەر ئاڵۆگۆڕی زیندانییان کراوە، بەڵام دانوستاندنە بنەڕەتییەکان لە بنبەستدا ماونەتەوە و پێشبینی ناکرێت رووسیا تاوەکو سەرەتای ساڵی 2027 بچێتە نێو هیچ گفتوگۆیەکەوە.
جیهان13-07-2026لەسەر بەکۆیلەکردنی کچانی کوردی ئێزدی، ئەڵمانیا سزای تاهەتایی بەسەر پیاوێکی عێراقیدا دەسەپێنێت
جیهان13-07-2026کایا کالاس بۆ رووداو: ئاڵۆزی لە تەنگەی هورمز مەترسیی ململانێی نێوخۆیی لە عێراق دروست دەکات